سەرەکی » ئەدەب و هونەر » لێرە تەنیا مامەوە

لێرە تەنیا مامەوە

دڵشاد ئه‌حمه‌د

لێرە بۆ ناونیشانی خەمەكانم ئەگەڕێم
لەوێ لەگەڵ پەپوولە و پەڕەسێلكە ئەسوتێم
لێرە لەناو تابوتی سەرابا ڕاكشاوم
لەوێ لەگەڵ گوناهی تەبیعەتا ئەپشكوێم

***
لێرە لەگەڵ ووڵاتا خەریكی پێك هەڵدانم
لەوێ لەناو مێژوودا پرۆژەی داڕوخانم
لێرە لەناو گریانا من فرمێسكی پێشەنگم
لەوێ لەناو ژیانا، گۆرانی نوێ ی ژیانم

***
لێرە تا درەنگانێ، ئەسوتێم چاوەڕێتم
لەوێ گوڵ و قەرسیلی ڕازاوی سەرەڕێتم
لێرە دایم لە سوژدە و، سەرەمەرگیش ناوی تۆ
لەوێ تەنیا مامەوە، وا ئەنووسم وەسێتم

***
لێرە مەرگ حازرە، بێ ئومێدیش میوانە
لەوێ باخچەی گەشاوە، گوڵ سەرخێڵی ژیانە
لێرە خەزان نووسراوە، سەرەتای هەڵوەرینە
لەوێ تەمەن بۆ عەشقە، سوڵتانی عاشقانە

***
لێرە لەپاش رۆشتنت، من بە تەنیا مامەوە
لەوێ بێ ڕوح زۆر كەساس بۆ ژوانت ئەشنامەوە
پەڕوباڵت وەراندم تێك شكام لێرە و لەوێ
هەر لەوێ بۆت ئەسوتێم ناڵینمە بەزامەوە

 489 جار بینراوە