سەرەکی » ئەدەب و هونەر » باڵە فڕکەی ئاوازەکان لەسەر ئۆتۆبانی سایزەردا

باڵە فڕکەی ئاوازەکان لەسەر ئۆتۆبانی سایزەردا

موحسین ئاوارە

لەو گەردوونە ئاڵۆز بووەدا
بەکۆ دەژین
سەر و دڵ کەوتۆتە نێو کێژەنێ
من تۆم ھەیە ،
کەچی تۆش لێم دووری
من چۆن بژیم بە تەنێ ؟
ئەوە کەمانە لە خۆڕا دەگری
یان ژەنیارە و بە سۆزەوە دەیژەنێ
ئەوە عاشقە دابڕاوەکانن
بە دوای حەسرەتەکانیان ڕادەکەن و نایانگەنێ

***
(1)
کاتێ خۆڵەمێشی سەر پشکۆی یادەکانم لا دەدەم و
لە خەو ھەڵیاندەستێنم
دەیاندوێنم و دەمدوێنن
دواتر گڕم تێبەر دەدەن دەمسوتێنن
پێم دەڵێن
ئەوە پەرداغە ئاوێک نیە
نەیخویتەوە و بیڕێژی
وەک ئەوە وایە
مافی مانەوە بە گورگێک بدەیت و
بمینێتەوە و
لە نێو مێگەڵدا بژی

(٢)
ھێندە ئەسپی چاوانم
لە پاوان و لەوەڕگەی ڕووخساری تۆدا لەوەڕاند
ھێندە تۆوی تیشکی نیگاکانم
لە بەیاری جوانییەکانی تۆدا ڕواند
ئەوەتا ھەر دوو چاوانم نابینا بوونە
ئێستا بە چاوانی تۆوە ھەست بینم
دنیای پێ دەبینم

(3)
چاوم ئاڕاستەی گوڵێکا
وردە وردە گۆناکانی سوور ھەڵدەگەڕێ
پەڕەکانی تەڕ تر دەبن
دڵۆپ دڵۆپ ئاونگی ڕۆشنای بەردەبێتەوە
بەڵام کاتێ بینیم وا پەپولەیێ بە دەورەیدا دەسووڕێتەوە
ئەوسا زانیم ئەوە ئارەقەی شەرمە و لێی دەتکێتەوە
دواتر پەپولەکەش لە سەریا ھەڵنیشت و
بە باڵ گۆناکانی سڕییەوە

(4)
پرسیم : بۆچی کێڵگە ھەمیشە دەم کراوەیە
چاو ئەبلەق ، ڕوو لە ئاسمان
گوتی: لە چاوەڕوانی ھەور دایە
چاوێکی لێ ھەڵتەکێنێ
قسەیەکی خۆشی لە گەڵدا بکات و دایمرکێنێ

(5)
بە لارێ و چۆڵەوانیدا دەڕۆم
دەڕۆم و دەڕۆم
ھەتا ئاوڕ نادەمەوە لە سێبەرەکەی خۆم
دڵم پڕە و قوڵپ دادا
خەیاڵە سەرەڕۆیەکانم پێک دادەدا
دەرۆم و دەڕۆم
دەمەوێ فێڵ لە خۆم بکەم
ئەو ھەورە ڕەشداگەراوەی ناخم دابارێنم
سەر ھەڵبڕم و ساماڵێک ببینم
لە پڕ ھۆڕنی ترومبێڵی ناسیاوێک
ژیرم دەکاتەوە
ئیتر پیت و ژمارە و لێکدانەوەکانم
لە بیر دەباتەوە

 519 جار بینراوە