سەرەکی » دۆسێ » عیراق،رەوشی ئابووری مەترسی لەسەر سیستمی سیاسی دروست دەكات

«قەرزكردن كێشەكە چارەسەر ناكات»

عیراق،رەوشی ئابووری مەترسی لەسەر سیستمی سیاسی دروست دەكات

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، ئابوری عیراق بەشێوەیەكی بێ‌ پێشینە رووی لە دابەزین كردووە، وەزیرێكی حكومەتی پێشوو پێشبینی دەكات، گەر رەوشەكە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، سیستمی سیاسی لە وڵاتدا دادەڕوخێت.

سیستمی سیاسی لە مەترسیدایە.
محەمەد دەڕاجی وەزیری پێشووی عیراق و ئەندامی لیژنەی دارایی خولی ئێستای پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت، سیستمی سیاسی بەهۆی ڕەوشی ئابوری ئێستای وڵاتەوە دەڕوخێت.

دەڕاجی لە توێتێكدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاند”ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتی عیراق هەڵدەسوڕێنن، سەرقاڵی پەیوەندیین لەگەڵ ئەمریكا و كار بۆ پێوانی باسای هەڵبژاردن دەكەن بە باڵای خۆیان”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمان”گوێ‌ لە دەنگم بگرن: سیستمی سیاسی و پاشماوەی دەوڵەت، بەهۆی ڕەوشی ئابوری و داراییەوە دەڕوخێت بەم ئاستە ئابورییەی ئێستا، وڵاتیش بەرەو پشێوی مل دەنێت”.

پێشتر عەلی لامی ئەندامی لیژنەی ئابوری پەرلەمانی عیراق، هۆشداریی دابوو لە داڕمانی ئابوری وڵات بەهۆی قەرزی دارایی دەرەكی، و ڕایگەیاندبوو”حكومەت كاتێك پەنا بۆ قەرزی دەرەكی دەبات، تاوان دەرهەق بە گەل دەكات”.

لامی بە رۆژنامەوانانی ڕایگەیاندبوو”پەنابردنی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكان بۆ قەرزی دارایی دەرەكی، تاوانە دەرهەق بە گەل و وڵات، بە ڕەچاوكردنی لایەنە نەرێنییە زۆرەكانی”.

ئەندامەكەی لیژنەی ئابوری پەرلەمانی عیراق دەڵێت”5 ملیار دۆلار وەك سودی قەرزەكان لە بە بودجەی ساڵی 2019دا دراوە، حكومەتی ئێستاش هەمان هەڵە دووبارەدەكاتەوە كە پەنا بۆ قەرزی دارایی دەبات، بەبێ‌ ئەوەی هیچ خشتەیەكی ئابوری هەبێت، ڕەوشەكەش گەر بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا ئابوری وڵات بەرەو داڕوخان دەبات”.

عەلی لامی پێیوایە”قەرزەكان بە كۆتوپێوەندە داراییەكان، ساڵ لە دوای ساڵ بەندمان دەكەن، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەلتەرناتیڤی تر هەن، لەڕێی زۆركردنی ئەو داهاتانەی لە عیراقدا هەن».

دابەزینی بەهای دینار
هەر لەو چوارچێوەی كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی نەوت لە سایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان، ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق، پێشبینی دەكات نرخی دۆلار لەبەرانبەر دیناردا بەرزببێتەوە.

عەبدولحسێن عەبتان ڕاوێژكاریی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق لە 29ی ئەیلولی 2020 لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاند”پێدەچێت بانكی ناوەندی ناچار ببێت، نرخی دینار لەبەرانبەر دۆلاردا داببەزێنێت”.

بە وتەی عەبتان”بەداخەوە پێشبینی دەكەم بانكی ناوەندی بە ناچاری، زوو بێت یان درەنگ، نرخی دیناری عیراقی لەبەرانبەر دۆلاردا داببەزێنێت”.

ڕاوێژكاریی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق دەڵێت”لە دابەزینی نرخی دیناردا بەرانبەر بە دۆلار، هاووڵاتی زەرەرمەندی یەكەمە”.

مووچەی فەرمانبەران
بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتەكانی ناوخۆ و پەنابردنی حكومەت بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی لەپێناو دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران كە بە رووداوێكی بێ‌ پێشینە دادەنرێت لە دوای ساڵی 2003وە لە عیراق، وەزارەتی دارایی عیراق كاتی دابەشكردنی مووچە ڕاگەیاند و مووچەی خانەنشینانی خستەپێش هەموانەوە.

وەزارەتی دارایی عیراق لە 29ی ئەیلولی 2020، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند»دەستەی خانەنشینی نیشتمانی بڕیاریداوە لە یەكەم ڕۆژی مانگی تشرینی یەكەمەوە، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بكات».

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»خانەنشینان دەتوانن لە هەر شوێنێك بن لەڕێگەی بانكەكان و ڕێگاكانی پێدانی ئەلیكترۆنیەوە مووچەكانیان وەربگرن، لەگەڵ ئەوەشدا دەست دەكەن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەران».

پێشتر لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بڵاویكردەوە، كە لیژنەكەیان لەگەڵ تیمی وەزارەتی دارایی ڕێككەوتوون بۆ ناردنی بڕی ترلیۆنێك و 100 ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینان و دابەشكردنی لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.

بە وتەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە پڕۆژە یاسای قەرزی ناوخۆییەوە نییە و دەبێت بەزووترین كات مووچەی فەرمانبەران بدرێت.

لەبارەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و ئەگەری دابەشكردنی لە 45 رۆژدا لەبری 30 رۆژ، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو»حكومەت ئاراستەیەكی رەسمی لەو شێوەیەی نییە، ئێمەش بەو ئاراستەیە رازیی نابین، دواكەوتنی مووچەش لە ئەستۆی حكومەتدایە و ئەوان نازانن هۆكاریی دواكەوتنەكە چییە، بۆیە پێویستە حكومەت لەو بارەیەوە گەڵ گەلدا روون و رۆشن بێن».

بودجەی 2020
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە 29ی ئەیلولی 2020 رایگەیاند، پرۆژە یاسای بودجەی 2020 نەگەیشتۆتە پەرلەمان، ئەمەش دوای ئەوەی لە رابردوودا لەلایەن حكومەتەوە كێشرایەوە.

حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»پرۆژە یاسای بودجەی 2020 نەگەیشتۆتە پەرلەمان و نازانن كەی دەگات، حكومەتیش كاتێك پرۆژە یاساكەی گەڕاندەوە، وادەیەكی دیاریی نەكرد بۆ رەوانەكردنەوەی».

هەر لەو باریەوە، محەمەد شیاع سودانی ئەندامی پەرلەمانی عیراق باسی لە هۆكارەكانی كێشانەوەی پرۆژە یاسای بودجەی 2020كرد لەلایەن حكومەتەوە لە پاش رۆژێك لە ناردنی بۆ پەرلەمان.
سودانی لە نوسینێكیدا كە لەڕێی (فەیسبوك)-ەوە بڵاویكردەوە دەڵێت»حكومەت بۆ مەبەستی هەموار و دەستكاریی پرۆژە یاسای بودجەی كێشایەوە».

بە وتەی سودانی»لەئەنجامی كۆبوونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و هێزە سیاسییەكان، دەركەوت كە رێژەی كورتهێنان لە بودجەی 2020 زۆر گەورەیە، بەبێ‌ ئەوەی حكومەت هیچ چاكسازییەكی ئابوری پێشكەش بكات».

سودانی دەڵێت»حكومەت پشتی بە قەرزكردن بەستووە لە رەسیدی بانكی ناوەندی و ئەو پرۆسەیەش بە مەترسیدار دادەنرێت و كاریگەریی لەسەر رەوشی دارایی وڵات دروست دەكات».
لە 23ی ئەیلولی 2020، ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، كێشانەوەی پرۆژە یاسای بودجەی 2020ی لە ئەنجومەنی نوێنەران وەرگرتەوە.

بەپێی نوسراوێكیش كە لەلایەن ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوو»تكامان هەیە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی كۆماری عیراق بۆ ساڵی دارایی 2020 بكێشینەوە».
هەر لە نوسراوەكەدا هاتوو»كێشانەوە و گێڕانەوەی پرۆژە یاساكە، بۆ مەبەستی ئەنجامدانی هەندێك هەموار و دەستكارییە تێیدا».

 811 جار بینراوە