سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » مه‌رامی پارتی له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی ئێستا چییه‌؟پەڕە 2

مه‌رامی پارتی له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی ئێستا چییه‌؟

با له‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ پارتی و به‌تایبه‌تی باڵێكی شه‌ڕانگێز و كینه‌ له‌دڵی ئه‌و حزبه‌ گره‌و له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و كۆتاییهاتنی یه‌كێتی ‌و رۆڵه‌ پێشه‌نگایه‌تییه‌كه‌ی ده‌كات له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردستاندا، ئه‌م گره‌وه‌شیان رۆژێك به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی كه‌سێك ‌و رۆژێكی تر به‌ به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زایی چه‌ند كه‌سێك ‌و رۆژێكیش به‌ حیكایه‌تی به‌ستن ‌و نه‌به‌ستنی كۆنگره‌ و ئیدی هه‌رجاره‌ی پاساوێك ده‌كه‌نه‌ ده‌رفه‌ت بۆ په‌لاماردانی یه‌كێتی ‌و به‌تایبه‌تیش ئه‌و رموزانه‌ی یه‌كێتی كه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا كاریگه‌ریی و رۆڵیان هه‌یه‌ و له‌ به‌ختی ره‌شی ئه‌و گروپه‌ی ناو پارتی سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌ بۆ لێدانیان، ئه‌و رموزانه‌ زیاتر و زیاتر پێگه‌یان به‌هێز ده‌بێت ‌و خۆشه‌ویستتر و گوێلێگیراوتر ده‌بن.

ئه‌و باڵه‌ی پارتی به‌حسابی خۆیان گه‌مه‌ی سیاسی ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ك ده‌یانه‌وێت به‌ خه‌ڵك بڵێن كه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا به‌رده‌وام بن له‌ رێكه‌وتننامه‌ی نێوانیان ‌و ته‌نیا قسه‌یان له‌سه‌ر چه‌ند كه‌س ‌و ئاراسته‌یه‌كی ناو یه‌كێتییه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر رووپێوێكی رۆژنامه‌نووسیانه‌ و سیاسییانه‌ی ئه‌رشیفی ساڵانه‌ی میدیاكانی پارتی به‌ ره‌سمی ‌و ناڕه‌سمییه‌وه‌ بكه‌ین، ده‌بینین پارتی له‌ 20ی ئابه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان ‌و قسه‌ی باق و بریق له‌باره‌ی یه‌كڕیزیی كورد ‌و ته‌بایی حزبه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات ‌و وتاری نووسراو و گوتاری ئاراسته‌كراویان به‌و نه‌هجه‌یه‌، تا به‌سه‌لامه‌تی یادی 31ی ئاب تێپه‌ڕێنن، له‌وه‌شدا ئاستی په‌رۆشیی راسته‌قینه‌ی یه‌كێتییان بۆ ته‌بایی ‌و یه‌كڕیزیی قۆستۆته‌وه‌ و ده‌زانن ئه‌وه‌ یه‌كێتی و سه‌رۆك مام جه‌لال بوون كه‌ له‌ سه‌ختترین و ناته‌باترین دۆخی سیاسیی كوردستاندا نه‌ك هیچ ده‌رفه‌تێكیان بۆ ته‌بایی ‌و یه‌كڕیزیی له‌بارنه‌بردووه‌، به‌ڵكو شه‌خسی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌بێ هیچ گره‌نتییه‌كی سیاسی ‌و ئه‌منی رووه‌ و سه‌ری ره‌ش به‌ڕێكه‌وتووه‌ بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ واده‌ی ریفراندۆمه‌ شكستخواردووه‌كه‌ و رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ماكینه‌ی ئیعلامییان به‌ ئاراسته‌ی ئیحماكردن بۆ شاردنه‌وه‌ی شكستی ریفراندۆمه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ به‌نیازی ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی به‌ شكستی ریفراندۆم تۆمه‌تبار بكه‌ن كه‌ دیاره‌ هه‌موو كه‌س ئه‌و راستییه‌ باش ده‌زانێت كه‌ كێ عه‌ڕابی ریفراندۆم بوو و كێش ئه‌ندازیاری روودانی كاره‌ساتی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بوو و كێش توانیی به‌ر به‌و به‌رنامه‌ جه‌هه‌ننه‌مییه‌ بگرێت كه‌ له‌ راڕه‌وه‌كانی پشته‌وه‌ی سیاسه‌ت له‌ سه‌ری ره‌شه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك ‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان داڕێژرابوو. كه‌ (له‌كاتی خۆیدا و له‌كاتی كاره‌ساته‌كه‌دا به‌ته‌واوه‌تی و به‌وردی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین).

جگه‌ له‌وه‌ش پارتی و به‌تایبه‌تی ئه‌و باڵه‌ شه‌ڕانگێزه‌یان گه‌ره‌كیانه‌ به‌ خه‌ڵكی كوردستان بڵێن ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ده‌سته‌و گروپی یه‌كێتیدا مامه‌ڵه‌ ناكه‌ن، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی كه‌ گوایه‌ سیاسه‌تی (په‌رتكه‌ و زاڵبه‌) پیاده‌ بكه‌ن، گوایه‌ ده‌یانه‌وێت وه‌ك دوو ئاراسته‌ی جیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا بكه‌ن، بێ ئاگا له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێتییه‌كانن به‌ چواره‌مین كۆنگره‌ كه‌ له‌ كۆتایی ساڵی رابردوودا به‌سترا، هه‌موو ئه‌و سیحره‌یان به‌تاڵكرده‌وه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و وه‌ڵامه‌ لمۆز شكێنه‌ بوو بۆ ئه‌و باڵه‌ی پارتی كه‌ له‌ دوای سێیه‌مین كۆنگره‌وه‌ ده‌نگۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتیی بڵاوده‌كرده‌وه‌ و خه‌ونی به‌وه‌وه‌ ده‌بینی یه‌كێتی كۆتایی پێ بێت، به‌ڵام نه‌هات ‌و ده‌رچوونی هه‌ڤاڵ لاهوریش به‌ هاوسه‌رۆك ئه‌و باڵه‌ی پارتی ‌و به‌شێك له‌ حزبه‌ ركابه‌ر و نه‌یاره‌كانی یه‌كێتی تووشی جه‌ڵده‌ی سیاسی كرد.

لێره‌وه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ به‌و باڵه‌ی پارتی بڵێین كه‌ راسته‌ ئێوه‌ له‌ میدیای ره‌سمیتانه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی گوایه‌ (ئاشتیخوازانه‌) قسه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ میدیا سێبه‌ر و په‌نهانه‌كانتانه‌وه‌ ژه‌هری رق ‌و ناكۆكی ده‌ڕێژن، بۆیه‌ ئێمه‌ بڕوامان به‌ میدیای سێبه‌ر و په‌نهان نییه‌، چونكه‌ میدیای ره‌سمی یه‌كێتی ئه‌ركی به‌رگرییكردنه‌ له‌ خه‌ڵك ‌و له‌ یه‌كێتییه‌كه‌یان و هێنده‌ش خۆشباوه‌ڕ نین كه‌ میدیایه‌ك به‌شان ‌و باهۆی سه‌رۆكی پارتی و كوڕه‌كانیدا هه‌ڵبڵێت، به‌ڵام په‌لاماری یه‌كێتی و هاوسه‌رۆكه‌كه‌ی بدات، به‌ میدیایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌هلی حسابی بۆ بكه‌ین، چونكه‌ خه‌ڵك زۆر له‌وه‌ وریاتره‌ كه‌ نه‌ باوه‌ڕ به‌ میدیا ره‌سمییه‌كه‌ی ئێوه‌ بكات ‌و نه‌ باوه‌ڕیش به‌ میدیایه‌كی ره‌سمیی ئێمه‌ بكات كه‌ بێ هه‌ڵوێست بێت له‌ به‌رگریی له‌ حزبه‌كه‌ی خۆی ‌و هاوسه‌رۆكه‌كه‌ی، چونكه‌ میدیای ره‌سمیی حزبێك كه‌ نه‌توانێت به‌رگریی له‌ خۆی ‌و هاوسه‌رۆكه‌كه‌ی و سیاسه‌ته‌كانی بكات، ئیتر خه‌ڵكی كوردستان چ ئومێدێكی به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌و میدیایه‌ به‌رگریی له‌ ماف ‌و به‌شخوراویی ‌و مه‌ینه‌تییه‌كانی ئه‌و بكات؟ بۆیه‌ ئیدی ئه‌و گه‌مه‌ قێزه‌ونه‌ كۆتایی پێ بهێنن.

 444 جار بینراوە