سەرەکی » دۆسێ » سێ‌ رێگەچارە بۆ خۆلادان لە قەیرانی ئابووری

كەمكردنەوەی خەرجییەكان یەكێكیانە

سێ‌ رێگەچارە بۆ خۆلادان لە قەیرانی ئابووری

وەزیری دارایی عیراق، باس لە ئابوری عیراق و قەبارەی خەرجییەكان و مووچە و داهاتەكانی نەوت دەكات، سێ‌ ڕێگەچارەش بۆ خۆلادان لە دروستبوونی قەیرانی ئابوری گەورەتر لە وڵاتدا دەخاتەڕوو، ئاماژەبە لایەنی ئەرێنی «پاكێجی» سپیش دەكات كە لەلایەن وەزارەتەكەیەوە پێشكەش بە پەرلەمان دەكرێت.

عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عیراق لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆندا ڕایگەیاند”بەرهەمی فەرمانبەر زۆر كەمە و لە هەندێك لە فەرمانگەكانیشدا بەرهەمەكەی دەگاتە 0%، بۆیە یپێویستە داهاتێكی هەبێت كە بچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە، ئەو فەرمانبەرانەی بەرهەمییان نییە، دەكرێت بگوازرێنەوە بۆ پرۆژە بەرهەمهێنەكان تا هەوڵەكانیان وەبەربهێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیەك بۆ گواستنەوەیان بۆ شوێنێكی تر پێشكەش دەكەین”.

بە وتەی عەللاوی”وەزارەتی دارایی مووچەی مانگی ئەیلولی دابەشكرد، دوای ئەوەی چاوی بە ئەندازەی داراییدا خشاندەوە، ئێمە لەئێستادا لەبەردەم دووڕێیانێكداین، پێویستە تەمویلێك هەبێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە، بۆیە سێ‌ ڕێگەچارەمان لەبەردەمدایە كە یەكەمییان، زیادكردنی داهاتەكانە، وابەستەی بەهای هەناردە نەوتییەكانە كە ئەمیش هاندەر نییە، بەو پێیەی 15 ملیار دۆلار تا كۆتایی ساڵ تێناپەڕێنێت”.

وەزیری دارایی عیراق دەڵێت”پێویستمان بە تەمویلێكە كە لە 58 ترلیۆن دینار كەمتر نەبێت بۆ خەرجی حاكیمە، چارەسەری دووەمیش خۆی لە كەمكردنەوەی خەرجییەكاندا دەبینێتەوە، سەبارەت بە چارەسەری سێیەمیش دۆزینەوەی ڕێڕەوێكە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان”.

لەلایەكی ترەوە وەزیری دارایی عیراق باسی لە پاكێجی سپی كرد و ئاماژە بە هاوردەی ساڵانەی عیراقیش كرد كە بە وتەی ئەو “بە بەهای 60 ملیار دۆلارە”.

عەلی عەللاوی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە 13ی تشرینی یەكەمی 2020 ڕایگەیاند:”پاكێجی سپی بەرنامەیەكی چاكسازییە بۆ كاروباری دارایی و ئابوری لە عیراق و دەكرێتە یاساش بۆ مەبەستی باشكردنی ڕەوشی دارایی و ئابوری لە وڵاتدا”.

وەزیری دارایی عیراق لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی:”ڕەوشی عیراق باشتر دەبێت و داهاتی تاكیش باش دەبێت، گەر سەركەوتووبوین لە جێبەجێكردنی پاكێجی سپی كە یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی چاكسازییە لە ڕەوشی پارێزگەكان بەهۆی ئەو كاریگەرییە مەترسیدارانەی لەسەر وڵات دروستبوون، پاكێجەكەش وەك نەخشەڕێگەی چاكسازییە”، ئاماژەی بە بایەخدانی زیاتری شارە ڕزگاركراوەكانیش كرد لە پاكێجی سپیدا.

وەزیری دارایی عیراق باسی لە هاوردەی ساڵانەی وڵاتیش كرد كە بە وتەی ئەو “بەهای ئەو هاوردەكردنانە لە دەرەوە، دەگاتە 60 ملیار دۆلار”.

لەلایەكی ترەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە 14ی تشرینی یەكەمی 2020، ڕەوشی ئابوری وڵاتی سەبارەت بە مووچەی چەند مانگی داهاتووی فەرمانبەران، ئاشكرا كرد.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری كورد و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، بە (كوردستانی نوێ‌)ی ڕاگەیاند””دابینكردنی مووچەی سێ‌ مانگی داهاتووی فەرمانبەران، بۆ حكومەت ئاسانتر دەبێت، بەراورد بە دواكەوتنی مووچەی مانگی ئەیلولی ڕابردوو”.

بە وتەی شیروان میرزا:”حكومەت مووچەی پاشماوەی مانگەكانی ئەم ساڵ دابین دەكات، بە تایبەت كە وەزارەتی دارایی هەندێك ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر و دەبنە مایەی زیاتركردنی داهاتەكانی دەوڵەت و سوككردنی بارگرانی تەنگژەی ئابووری كە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، ئاماژەی بە لێدوانەكانی سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی و وتەبێژەكان كرد، سەبارەت بە دابینكردنی مووچە بۆ پاشماوەی مانگەكانی ئەمساڵ، وێڕای ئامادەكردنی پرۆژە یاسای قەرزكردن كە “بەمنزیكانە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەكرێت و لێوەی مووچەی چەند مانگی داهاتوو زامن دەكرێت”.

 86 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*