سەرەکی » دۆسێ » زانیاریی نوێ‌ سەبارەت بە رووداوی خۆكوشتنی بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دایۆ) لە عیراق

دەڵێن خۆی نەكوشتووە

زانیاریی نوێ‌ سەبارەت بە رووداوی خۆكوشتنی بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دایۆ) لە عیراق

وائیل عەبدوللەتیف، پەرلەمانتاری پێشووی پارێزگەی بەسرە لە پەرلەمانی عیراق، چەند وڵاتێك بە تێوەگلان بە ڕووداوی خۆكوشتنی بەڕێوەبەری كۆمپانیای دایۆی كۆرۆی لە عیراق، تۆمەتبار دەكات كە پرۆژەی بەندەری فاوی گەورەی جێبەجێ‌ دەكرد.

عەبدوللەتیف، لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند:”وڵاتانی دراوسێ‌ كارییان بۆ لەگەڕخستنی تەواوكردنی پرۆژەی فاوی گەورە كردووە، چونكە دەبێتە یەكەم لەڕووی بازرگانییەوە لە ناوچەكە و دەبێتە شەشەم یان دەیەم لە خراپترین حاڵەتدا لەسەر ئاستی جیهان”.

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی پێشووی بەسرە”ئەو بەندەرە گەر تەواو ببێت، كاریگەریی بۆسەر بەندەرەكانی جەبەل عەلی و بەندەرەكانی كوێت و ئێران و تەنانەت نۆكەندی سویسیش دەبێت، چونكە بەستنەوەكە لە بەندەری جەوادرەوە لە پاكستان بۆ بەندەری فاو دەستپێدەكات كە بە هێڵی شەمەندۆفێر بە مەعقەلەوە دەبەسترێتەوە كە ئەویش لای خۆیەوە بە سوریا و توركیا و ئەڵمانیانەوە بەستراوەتەوە، بۆیە بەندەرەكە دەكرێت بڵێین، ڕووبەرەكان و تێچووەكان كەمدەكاتەوە، ئەمەش وای لە زۆرێك لە وڵاتان كردووە هەست بە مەترسی بكەن لەو پرۆژەیە كە كاریگەریی لەسەر ئابورییان دروست دەكات”.

وائیل عەبدوللەتیف دەڵێت:”بەڕێوەبەری كۆمپانیای دایۆی كۆری كە جێبەجێكاریی پرۆژەی فاوی گەورە بوو، بە فەرمانی دەرەكی كوژرا”.

پێشتر ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە، ئەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی سەبارەت بە ڕووداوی خۆكوشتنی بەڕێوەبەری دایۆی كۆریای باشوور كە جێبەجێكاریی پرۆژەی فاوی گەورەیە ڕاگەیاندبوو، ئەمەش لەدوای لێدانەوەی تۆماری كامێراكانی چاودێری عیراق لە بارەگای كۆمپانیاكە.

عێدانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو”لیژنەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بەسەرۆكایەتی فەرماندەی پۆلیسی بەسرە و ئەندامێتی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری، لەگەڵ باڵیۆزی كۆریای باشوور لە بەسرە، لە تەواوی وردەكاریی لێكۆڵینەوەكان ئاگاداركران و لەئێستاشدا لێكۆڵینەوەكان لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەكانی فاو بەردەوامن”.

پارێزگاری بەسرە دەڵێت”ئەو شوێنەی كۆرییەكان تێیدا نیشتەجێن لە بەندەری فاو، پارێزراوە لەلایەن كۆمپانیایەكی پاسەوانی و بە كامێرای چاودێری تەنراوە، بۆیە ئەستەمە هیچ كەسێكی عیراقی بگاتە ئەو شوێنەی ڕووداوەكەی تێدا بووە، تائێستاش لێكۆڵینەوەكان كۆتاییان نەهاتووە”.

لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دایۆی كۆری لە بەندەری فاوی گەورە لەنێو بارەگای كۆمپانیاكە لە بەسرەی باشووری عیراق، بە هەڵواسراوی و مردوویی دۆزرایەوە.

ڕووداوی خۆكوشتنی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكەی كۆریای باشوور، مشتومڕێكی فراوانی لە میدیاكان و پێگە كۆمەڵایەتییەكان دروست كرد و ئاماژە بە بوونی دەستێكی نادیاركرا لە پشت كوژرانی ئەو بەرپرسەی كۆریا،”بەڵام ڕووداوەكە وەك حاڵەتی خۆكوشتن خراوەتەڕوو”.

دوابەدوای ئەوەش، وەزارەتی ناوخۆی عیراق، پێكهێنانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە و ڕەوانەكردنی بۆ پارێزگەی بەسرە ڕاگەیاند، تا وردەكاریی و لایەنە شاردراوەكانی پشت حاڵەتی خۆكوشتنی بەڕێوەبەری كۆمپانیای دایۆ ئاشكرابكات.

پاش ڕووداكە، باڵیۆزخانەی كۆریای باشووری لە عیراق، هەڵوێستی خۆی لەبارەی خۆكوشتنی بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دایۆ)ی كۆرییەوە لە عیراق راگەیاند.

جانگ یۆنگ ئوك، باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عیراق رایگەیاند»رووداوی خۆكوشتنی بەڕێوەبەری كۆمپانیای دایۆ لە بەندەری فاو، هەواڵێكی ناخۆبشە».

بە وتەی باڵیۆزی كۆریای باشوور»لە كاتژمێر نۆی بەیانی 9ی تشرینی یەكەم، هەواڵی گیانلەدەستدانی بەڕێوەبەری كۆمپانیای دایۆ بۆ بیناسازیمان پێگەیشت كە جێبەجێكاری پرۆژەی بەندەری فاوی گەورەیە».

جانگ یۆنگ ئوك، دوای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە خێزان و كەسوكار و هاوڕێیانی كۆچكردوو، بە ناوی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیەوە، سوپاس و پێزانینی بۆ بایەخی زۆری كۆماریی عیراق دەربڕی بە هەواڵی كۆچكردنەكە.

لە درێژەی قسەكانیدا، باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عیراق رایگەیاندبوو»باڵیۆزخانەكەیان پێی ڕاگەیەندرا كە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دڵتەزێنە پێكهێناوە، لیژنەكەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی بەسرە، دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە، ئێمەش چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین».

هەروەها جانگ یۆنگ ئوك، داوای لە میدیاكان كردبوو، خۆیان لە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و هەواڵی ناڕاست بەدووربگرن و وێنەی تەرمی قوربانییەكە بڵاونەكەنەوە، وەك رێزێك بۆ خێزان و كەسوكاریی.

باڵیۆزی كۆریای باشوور دەڵێت»وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، لە لێدوانەكانیدا تەئكیدی لەسەر بەردەوامبوون كردۆتەوە لە پێشكەشكردنی پشتیوانی و هاوكاریی بۆ كۆمپانیای دایۆی بیسناسازی، تا بەركەوتووبێت لە پرۆژەی بەندەری فازی گەورە كە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەدا كردووە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە».

كۆمپانیای دایۆ بۆ ئەندازیاریی و بیناسازیی، وێڕای جێبەجێكردنی پرۆژەی فاوی گەورە، لە ساڵی 2019دا گرێبەستێكی بە بەهای 86 ملیۆن دۆلار بۆ دروستكردنی گۆڕەپانێكی ئامادەكراو بۆ پرۆژەی تونێلێك لە عیراق بۆدەرچوو، بەپێی گرێبەستەكەش، كۆمپانیاكە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2021وە دەستدەكات بە دروستكردنی ئەو گۆڕەپانە ئامادەكراوە بۆ تونێلێك لەژێر ئاودا لە ئاوەكانی خۆری زوبێر.

ئەو گرێبەستە بە پرۆژەی چوارەمی بیناسازی دادەنرێت كە كۆمپانیاكە لەمساڵدا لە عیراق، بەدەستیهێناوە.

لە مانگی ئاداری رابردووەوە، كۆمپانیاكە بە بەهای 460 ملیۆن دۆلار گرێبەستی ئیمزاكردووە، بە پرۆژەكانی بنیاتنانی رێگەوبان و فڕۆكەخانەكان.

 483 جار بینراوە