سەرەکی » کەلتوور » خوێندنەوەی کتێب خۆی جۆرە داهێنانێکە، كە دیسان نووسینەوەیەتی

ئاوات ئەحمەد سوڵتان:

خوێندنەوەی کتێب خۆی جۆرە داهێنانێکە، كە دیسان نووسینەوەیەتی

یەكێك لە پرسە جدی و كاریگەرەكانی دونیای ڕۆشنبیری، مەسەلەی سیحرو جادوی كتێبە، كە لە ڕێگایەوە مرۆڤ بەر چەندین سەدە لە زانست و زانیاری و مێژووی داهێنانەكانی مرۆڤ دەكەوێت، بێگومان لەپاڵ پرسی كتێبیشدا پرسی دەستنیشانكردنی فیگۆری خوێنەر یەكێكی كەیە لەباسە پێویستەكان، لەم دیدارەداو لە ڕێگای وروژاندنی ئەم پرسیارانەوە نووسەرو وەرگێڕ(ئاوات ئەحمەد سوڵتان) دەدوێنین.

سازدانی: شاخەوان سدیق

1-2

+ زۆر باس لە سیحرو ئەفسونی كتێب دەكرێت، بەجۆرێك كە زۆرێك لە مرۆڤەكان پاش خوێندنەوەی كتێبێك، تەواوی ژیانیان دەگۆڕێت، دەتوانی پێمان بڵێیت کتێب چیە؟

_ من کتێب وەها نابینم بریتی بێت لە ژمارەیەک لاپەڕەی نوسراوی زنجیرەیی و بەرگێک و ناونیشانێک یان زیاتر؛ واتە ئەوەی لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان یان سەر میزی خوێندنەوە دانراوە، یاخود لەهەر جێگایەکی دیکە دەیبینین و دەتوانین دەستی لێ بدەین و جێگۆڕکێی پێ بکەین. بەلای منەوە ئەوە جگە لە دەروازەیەک، یان پەنجەرەیەک بۆ گەیشتن بە کتێب، هیچی تر نیە! ئەو شتەی پێی دەوترێت کتێب لە ئەنجامی خوێندنەوەداو بۆ ماوەیەکی کاتی پەیدا دەبێت و دێتە دی، ئەویش هیچ نیە جگە لە جۆرە پەیوەندییەک و لەناویدا هەم کاریگەرییمان دەبێت و هەم دەشکەوینە ژێر کاریگەرییەوە.

مەبەستم ئەوەیە کتێب لەناو پرۆسەی خوێندنەوەدا بوونی هەیە، نەک پێش یان پاش خوێندنەوە. واتە بوونی کتێب جۆرە حاڵەتێكی سیحریی یان هیولاییەو تەنها لەکاتی مومارەسەیەکی تایبەتیدا دەردەکەوێت یان درکی پێ دەکرێت. بەشە ماتریاڵییەکەی کتێب، دەفرێکە، قوتوویەکە، هەر شتێکی دیکەیە کە کتێبەکەی لەخۆیدا هەڵگرتووە، یان پاراستووە؛ بەواتای ئەوەی زانین و زانیارییەکان، ئەو ئامانجەی لەپێناویدا کتێبەکە بوونی هەیە، لەناو ئەو قەبارە ماتریاڵییەدا دانراوە.

مەسەلەکە ئەوەندەش سەیرو نامۆ نیە، ئەم دیدە بۆ گەلێک شتی دیکەش دەبێت، بەتایبەتی ئەو شتانەی لە لەناو چوارچێوەیەکدا هەڵدەگیرێن: کە دەوترێت مرەبا، ئایا مەبەستت لە شوشەکەیە، یاخود ئەوەی لەناویدا.

ئەوەی گرفتە لێرەدا، توانای جیاکردنەوەی مرەباکەیە لە شووشەکە، بەڵام کتێب و پەیکەرە ئێسکییەکەی ئاوا بە ئاسانی جیا ناکرێنەوە. کتێب شتێکە لە جێگایەکی پەنهاندا حەشاردراوە. وەک چۆن مرەباکە هیچ بەهایەکی نیە، هەتا تام نەکرێت و بۆ خواردن بەکارنەهێنرێت، بەهەمانشێوە ناتوانین لە بەهای کتێب تێبگەین لە پرۆسەی خوێندنەوەدا نەبێت. ڕەنگە ئەوەی گرفت بێت ئەوە بێت، کە دۆزینەوەی کتێب پێویستی بە سەرفکردنی وزەیەک و بوونی کۆمەڵێك میکانیزم و شارەزایی پێشوەخت هەبێت بۆ ئەنجامدانی، ئەم کارە تەنها بەو کەسە دەکرێت کە پێی دەوترێت خوێنەر.

دەمەوێت بە نمونەیەک بابەتەکە یەکلایی بکەمەوە: مەحوی کۆمەڵێک لاپەڕەو بەیازی هەبوو، شیعرەکانی خۆی لەسەر تۆمار کردبوون و لەجێگایەکی پارێزراودا هەڵیگرتبوون؛ ئەو چی کردبوو؟ کتێبێکی لەناو ئەو لاپەڕانەدا حەشار دابوو. چەند جارێک فەقێ و مەلاکانی دەوری لەنێوان خۆیاندا ئەو بەیازانەیان خوێندۆتەوە، خوێندنەوەکانی ئەوان کتێبەکە بووە، کتێبێک لەناو گریمانەدا، چونکە دەروازەیەک شک نابەین بمانباتەوە سەریان، ئەوان مومارەسەی خوێندنەوەیان کردووەو بۆ ماوەیەکی کورت کتێبە جیاجیاکانی خۆیانیان بەرهەمهێناوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەوەدا کە مۆنۆمێنتێک بۆ خوێندنەوەکانیان بنیات نەناوە، تا دواتر ئێمە لێیەوە بگەڕێینەوە سەری و پەیوەندیی لەگەڵدا بگرین و کتێبەکە بیدۆزینەوە. دواتر مەلاکەریم و کوڕەکانی هاتن و کارەکەیان بنیاتناو ئێمە دەتوانین لێوەی خوێندنەوەکانی خۆمان ئەنجام بدەین؛ یان ڕاستر کتێبەکانی خۆمان بنووسین.

+ ئێمە چۆن لە كتێب بڕوانین، ئایا نووسین هەر ئەوەیە كەلە دووتوێی كتێبەكاندا قەتیس بوون، یان نووسین سەرەتاش هەبووە و كتێبەكانیش هەر ئەوانەنین كە لەناو ڕەفەی كتێبخانەكاندا دەیان بینین؟
_ کێشە لێرەدا چیە؟ نووسین خۆی لە ئەسڵدا پێویستی بە قەڵەم و کاغەز نەبووە، چونکە کتێبەکان بێ بارستەو بێ شێوەن، بەشێکن لە ئەزمونی تایبەتی خۆمان. قەتیسکردنی ئەو ئەزمونانە لە چوارچێوەیەکدا، لە زیندانێکدا، کارێکی زۆر ستەمکارانەیە، ئەمە گرفتی یەک کتێب یاخود تاقە کتێبە، کتێبەکان سەرەتای بیرکردنەوەن، نەک کۆتاییەکەی. هەر کتێبێک لافی ئەوە لێبدات کە بیرکراوەی ئامادەکراوی حازربەدەستمان پێشکەش دەکات، کۆتاییەکەی دەگاتە ئەوەی لەسەر ڕەفە بەرزەکان دابنرێت و بەرگی ڕەنگاو ڕەنگی تێبگیرێت و بەدەگمەن دابگیرێتە خوارەوە، ئەویش تەنها بۆ تیلاوە کردن، واتە دەرکردنی دەنگەکان و وتنی پیتەکان بە شێوازێکی تایبەتی بۆ خوڵقاندنی کەشی تایبەتی بیرنەکردنەوە.

جیاوازیی نووسەر لەگەڵ وەڕڕاقدا ئەوەیە، کە لەگەڵ کتێبە نابەرجەستەکاندا مامەڵە دەکات، ئەو ئەگەری بوونی کتێبێک لەوێ دەخاتە ڕوو، کە هەوڵی دۆزینەوەی دەدەین، بۆمان دەردەکەوێت وا نیە، ئەوەی لەوێیە کتێبێک نیە، بەڵکو پڕۆژەیەکە بۆ بیرکردنەوە، بۆ پێداچوونەوە، بگرە تەنانەت بۆ ڕەتکردنەوە. هەرگیز کتێبی ڕاستەقینە پڕۆژەیەک بۆ باوەڕکردن، یاخود ڕازیبوون ناخاتە ڕوو. هەرگیز ناتوانین لە ناو پڕۆژەی باوەڕکردندا، بیر لە بەردەوام بوون بکەینەوە. چونکە باوەڕەکان هیچ نین لە کۆتاییەکانی بیرکردنەوە. ئەوجۆرە کتێبانە لەپێناوی خوێندنەوەدا نین، واتە هەر لە بنەڕەتەوە ئامادە نین بۆ کردنەوەی دەرگاکانی خویندنەوە، بەڵکو هەر خوێندنەوەیەکیان بۆ بکەین، لە دەرەوەو جیا لە کتێبەکان دەکرێن. ئەمەش ئەو شتەیە کە پێی دەوترێت لێکدانەوە، بە واتای بارکردنی کتێبەکان بە دنیایەک شتی دیکە کە سەر بە فەزا ئەسڵییەکانیان نین. ڕەنگە ئەم قسانە وەڵامێک بن بۆ پرسیارە فرە ڕەهەندەکەی ئەمبرتۆ ئیکۆ «ئایا دەشێت شتگەلێک تا ئەم ڕادەیە جیاوازیی لە نێوانیاندا هەیە، بە جۆرێک گوزارشتیان لێ بکەین کە ئاستێکی یەکێتی لەنێوانیاندا هەبیت؟» واتە وەڵامەکەی من ئەمەیە: لە حاڵەتی بوونی باوەڕدا، بەڵێ! واتە هەموو شتە ناکۆکەکان لە سایەی باوەڕدا پێکەوە دەسازێن و دەتوانن پێکەوە هەڵبکەن، بەجۆرێک کە وا هەست دەکەین ئەوپەڕی (نەک بە تەنها ئاستێکی) یەکێتی و تەبایی لەنێوانیاندا هەیە، بەجۆرێک کە چیتر لێکجیاکردنەوەیان زەحمەتە.

ئەمە وەڵامێکی ئەستەم نیە، یەکێک لەو (تێکست)انەی باوەڕ بەرهەم دەهێنن، بگرە بە دەستەوەو لە گۆشەنیگایەکەوە لێی ورد ببەرەوە کە ناگاتەوە سەر باوەڕو خۆت ئەزمونی بکە. ئەمەی لێ دەربکە، ئیتر هیچ جۆرە یەکێتییەک لەنێوان شتە ناکۆکەکاندا، ئەو شتانەی (تا ئەم ڕادەیە جیاوازیی لەنێوانیاندا هەیە) نامێنێت، تا ئەو کاتەی دیسانەوە باوەڕێک پێکەوە کۆیان دەکاتەوە. واتە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ شتە ناکۆکەکاندا هەڵبکەین، دەبێت باوەڕمان هەبێت و ئەمەش یەکێکە لە هاندەرە سەرەکییەکانی نووسین!

لەکاتێکدا کە کتێبەکان خۆیان هەن و نووسەرەکان، بەتەنها ئەرکی تۆمارکردن، یاخود نووسینەوەیان لە ئەستۆ دەگرن، ئیتر پرسیاری ئەوەی کێ نووسەرە دەبێتە پرسیارێکی بێ مانا، چونکە نووسین هەوڵێکی بەردەوامە بۆ هەڵاتن لەوەی شوناسێکی دیاریکرومان هەبێت، خواستی جیاوازبوون و گۆڕانە، دەرچوون لە هەژموونی قاڵبەکان. ئەو نووسینانەی ئاواهی نین، کاری وەڕڕاقەکانن.

نووسین بە بێ ئەوەی هیچ گومانێکمان بۆ بهێڵێتەوە، پڕۆژەیەکی مەحاڵە، هەرگیز بە تەواوەتی ئەنجام نادرێت، تەنانەت خوداش کتێبە ئەزەلییەکەی خۆی دەور کردۆتەوەو جار لەدوای جار ڤێرژنی جیاوازتری ئامادەکردووەو لەناو هەر ڤێرژنێکیشدا، نەسخ و سڕینەوەی زۆری کردووە.

+ ئایا ئەفسونی كتێبەكان لە كوێدان، كتێب بەتەنها هەر ئەوەیە كەهەیە یان پرسی یەك كتێب و دوانووسەر بابەتە جدییەكەیە بەبڕوای تۆ هێڵە جیاكەرەوەكانی نێوان ئەمانە كامانەن؟

_ هەتا ڕۆڵی چیرۆک و گێڕەرەوەی چیرۆک، یاخود گڕێرراوەو گێڕەرەوە بەرچاوتر بێت، ئەو دوو چەمکەی دیکە ئەوەندە ڕۆڵیان نامێنێت. بە تایبەتی ئەو شوێنەی کە تێیدا کۆدەبنەوە، ناوچەیەکی ئەفسانەییەو ئەگەرەکانی پەیوەندیکردنیش تێیدا هەتا بڵێی زۆرن. ئەمەش لە بیرۆکەی ڕەتکردنەوەی (یەک کتێب)ەوە هاتووە، چونکە لە کتێبێک نا، بەڵکو هێندەی ژمارەی خوێنەرەکان کتێبمان هەیە، بگرە لەوەش زیاترە، واتە بەقەدەر ژمارەی خوێندنەوەکان کتێبمان هەیە.

ئەمە ئامادەییەکی هەمەجۆرو گرفتاویی ئاستەکانی خوێندنەوەیە، یاخود باشتروایە بڵێین هێڵەکانی خوێندنەوە، کە تێیدا هەریەکە لە نووسەرو خوێنەر پێک دەگەن. بەڵام کام نووسەرەو کام خوێنەرە؟ بۆ نمونە، جارێکیان چیرۆکێکم دەخوێندەوە کە پێموترابوو (عەتا محەمەد) نوسیوێتی، کەچی لە نیوەی ڕێگادا (میلان کۆندێرا)م بینی و تا نزیکی کۆتایی لەگەڵ ئەودا مامەوەو بۆ من گرنگ نەبوو کێ نووسەرە! ئەگەر کەمێک ورد ببینەوە، دەتوانین نووسەرە جیاجیاکان لەناو کتێبە تاقانەکاندا بدۆزینەوە.

ئەمە کێشەیەکی ئەزەلییە، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی سەرەتای نووسین. بۆ ئەو کاتەی لە دیواری ئەشکەوتەکەی نوسی. مەبەستم چەند هەزار ساڵێک پێش ئێستاو نووسینە وێنەییەکانە. لەو ساتەدا چی ڕوویدا؟ یەکەمین شت کە سەرنجم ڕادەکێشێت بوونی چیرۆکە، بەڵام لەناو وێنەدا. وێنەنوسەکەی ئەوکات چیرۆکی ڕاوکردنی گایەکی کێشایەوە، نەک وەک گێڕانەوە، بەڵکو وەک هیوای دووبارەبوونەوەی بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ئایندەدا.

هەرلەوێوە مومارەسەی نووسین بە ئاڵۆزیی و تێکەڵاویی هاتووە، هەم زەمەنەکانی تێکەڵاوەو هەم جۆرەکانیشی. ئینجا ئەگەر بپرسین: «دەی باشە، ئەگەر ئەوە نووسەری یەکەم بێت! ئەی خوێنەری یەکەم کێیە؟» هاوڕێکانی کە لای ئاگرەکەوە دانیشتوون، یان ئێمە کە دوای هەزاران ساڵ هاتین؟ ڕەنگە ئەم پرسیارە گرنگ نەبێت بەقەدەر ئەم پرسیارەی دووهەمیان: بەڕاست تا ئێستا توانیومانە ئەو کتێبە بەردینە بخوێنینەوە؟ واتە کتێبە ئەسڵییەکە، ئەوەی نووسینکێشەکە مەبەستی بوو؟ لە ڕاستیدا نا، چونکە هەتا ئیمڕۆش کتێبی لەوجۆرە بوونی نیە؛ کتێبێک کە مەبەستە ئەسڵییە ڕەسەنەکەی نووسەر لەخۆیدا کۆبکاتەوە. ئەوەی هەیە کتێبەکانە، نەک کتێبەکە. لەناو هۆیە زۆر و زەوەندەکاندا، یەکێکیان ئەوەیە کە ڕێساکانی زمان خۆیان بێشومار دەرگای جیاواز لە ئاخاوتن دەکەنەوەو ناکۆتا مانا بە ڕووبەری کتێبدا بڵاو دەکەنەوە. کاتێکیش دەڵێم ڕێساکانی زمان بە تەنها مەبەستم لە بنەماو پێکهاتە فۆنۆلۆجییەکان (وتراوەکان) نیە، بەڵکو تەواوی ئاماژەو ڕەوتەکانی زمانیشم لە مێشکدایەو حیسابکردنی ئەمانە، لە بردنەسەرەوەی بەردەکەی سیسیفوس (سیزیف) قورسترە، چونکە هەمووجارێک دەگەینەوە جێگایەک کە دەبێت دیسان دەستپێبکەینەوە.

+ تۆ دەتەوێت تەنها لە بیرۆكەی یەك كتێب وردبیتەوە، یان بەدوای پرسی یەكەم نووسەریشەوەیت؟

_ دەمەوێت بەدوای نووسەری یەکەمیشدا بگەڕێم؛ بۆ ئەمەش دوو بژاردەم لەبەردەستدایە: یەکەمیان لێرەو نووسینی سەردیواری ئەشکەوتەکان. ئەوەی تریشیان لەوێ و ئەو قەڵەمەی بە فەرمانی خودا یەک جار و بۆ هەتا هەتایە هەموو شتەکانی نوسی. ڕۆژێکیان (لەدەرەوەی کات) خودا لەسەر عەرشەکەی خۆیەوە (لەدەرەوەی شوێن) فەرمانی بە قەڵەم کرد بنوسێت (لەدەرەوەی کردە). دوایی تۆمارەکەی لای ڕاستی خۆیەوە دانا، ئەوە یەکەمین کتێب بوو، ئەوە کتێبی کتێبەکانە، هەتا ئیمڕۆش هەموو کتێبەکان دەچنەوە سەر ئەو تاقە کتێبە. هەربۆیە دەگوترێت کردەی نووسین کردەیەکی خوڵقێنەرانەیە. کتێبی خودا نووسینەوەی گەردون بوو، نووسەرەکانی دیکەش هەر ئەو کارە دەکەن، بەڵام خەریکی نووسینەوە گەردوونە بچووکەکانن، کە بەهەموویان گەردونە گەورەکە پێکدەهێنن، بۆیە سەیر نیە لە ناوەڕاستی کتێبێکی هاوچەرخدا، ڕێکەوتی حیکایەتخوانێکی سەدەی ڕابردوو، یاخود نووسەرێکی چەندسەد ساڵ لەمەوبەر بکەیت.

کتێبەکەی خودا لەدەرەوەی کات و شوێن و کردە بوو، کتێبی ئیرادە بوو، هەتا ئیمڕۆش چاکی و خراپی کتێبەکان بە ڕادەی سەرکەوتنیان لە دەربازبوون لەکات و شوێن و کردەدا دەناسرێنەوە، بەو مانا باوانەی بۆ ئەم وشانە هەن. هەر لێرەشەوەیە کە من دەڵێم، لە ڕاستیدا کتێبە ڕەسەنەکان (ئەسڵییەکان) کەمن (ئەم قسەیەم پێچەوانەی قسەکانی پێشووم نیە) ئەوەی هەیە زیاتر ئەو کۆپییانەیە کە دواجار کات و شوێن ڕەشیان دەکەنەوەو لە یادەوەرییدا نامێنن.

کتێبە ڕەسەنەکان کامانەن؟ ئەوانەن کە نیتچە لەبارەیانەوە دەڵێت «لەناو هەموو ئەوانەدا کە نوسراون، تەنها ئەوەم خۆش دەوێت کە کەسێک بە خوێنی خۆی نوسیونی.» خودا بە ئیرادەی خۆی کتێبەکەی خۆی نووسی، بەڵام ئەوە یەک کتێب نەبوو، بەڵکو سەدان هەزار کتێبی جیاجیان لەوەش زیاتر لێکدانەوەو بەرهەمهێنانەوەی جۆراوجۆر. ئەمە خاسییەتی کتێبی پیرۆزەو خوێنەرەکەی بە تەنها خودایە.

 59 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*