سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئێس 400 گرژیی دەخاتەوە نێوان ئەمریكا و توركیاوە

ئێس 400 گرژیی دەخاتەوە نێوان ئەمریكا و توركیاوە

تاقیكردنەوەی سیستمی بەرگریی ئێس 400ی روسی لەلایەن توركیاوە، سەرلەنوێ گەڕێكی تری ململانێ و گرژیی دەخاتە نێوان ئەمریكا و توركیا، ئەنقەرە تاقیكردنەوەی بە مافی خۆی دەزانێ، واشنتۆنیش هەڕەشەی سەپاندنی سزا دەكات بەسەریدا.

بەپێی میدیاكانی توركیا، چەند رۆژێك لەمەوبەر، توركیا ئەو سیستەمەی تاقیكردۆتەوە و سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش رایانگەیاندووە، كە مافی خۆیانە و هەڵوێستی ئەمریكایان بەلاوە گرنگ نییە. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا وتی: ئەو سیستمەیان لە روسیا كڕیوە و داوای مۆڵەتیش لە ئەمریكا ناكەن بۆ ئەو مامەڵەیە.

ئەمریكا هەڕەشە دەكات
جۆناسان هۆفمان وتەبێژی پەنتاگۆن لەمبارەیەوە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە، بەوەی سیستمی S400 كە دروستكراوی روسیایە، لە دژی بەرژەوەندی و هاوپەیمانێتی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە و لەگەڵ پابەندبوون بە بەڵێنەكانی توركیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆ، یەكناگرێتەوە و مكوڕبوون لەسەری، ئەنقەرە تووشی كێشەی زۆر دەكاتەوە و كاریگەریی خراپی بە دوادادێت. ئەردۆغان-یش بێمنەتی خۆی بەیانكردووە و دەڵێت: یۆنان-یش ئەندامی ناتۆیە و موشەكی S300 ی لە روسیا كڕیوە و بەكاریشیهێناوە، بۆ دەبێت بۆ ئەوان ئاسایی بێت؟. جگە لەوەش ئەنقەرە دووپاتیدەكاتەوە كە بۆ پاراستنی ئاسایشی توركیا، پێویستیان بەو جۆرە سیستەمە هەیە و چەندجارێك داوایان لە واشنتۆن كردووە بۆ كڕینی، كەچی ئەو سیستمەیان پێنەفرۆشتووە، ئێستا مافی خۆیانە لە روسیای بكڕن و پرس بە ئەمریكا ناكەن.

لەسەر زۆر دۆسێ ناكۆكن
كڕینی ئەو جۆرە موشەكە لە روسیا، لە ئەنجامی بەریەككەوتن و ساردبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانە ستراتیژییە دێت، كە لەماوەی رابردوودا لەسەر زۆر دۆسێ ناكۆكییان بۆ پەیدا بووە، ئەمریكا و رۆژئاوا لە دەستێوەردانی ئەنقەرە لە شەڕی ناوخۆی لیبیا نیگەرانییان دەربڕیوە، هەروەها لەسەر شەڕی هەرێمی ناگۆرنۆ كاراباخ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و گرژییەكانی دەریای ناوەڕاست و ململانێكانی لەگەڵ قوبرس و یۆنان، ناکۆکن.لە ساڵی رابردوودشدا ئەمریكا لە كاردانەوەی ئەو گرێبەستە و وەرگرتنی یەكەمین پاتری روسی، بەشداریی توركیای لە بەرنامەی دروستكردنی فڕۆكەی جەنگیی جۆری 35 Fهەڵپەسارد، بەپاساوی ئەوەی ئەو سیستمە كاری نەرێنی دەكاتە ئاشكرابوون و دزەپێكردنی زانیارییە تەكنۆلۆژییەكانی ناوی. بەپێی گرێبەستی نێوانیشیان، دەبووایە 100 فڕۆكەی لەوجۆرە رادەستی ئەنقەرە بكرێت و هەرچەند داوای دەكات، بەڵام رادەستی ناكەن.

دوای هەڵبژاردن یەكلایی دەبێتەوە
سەپاندنی سزا بەسەر توركیا، پشت بە یاسایەك دەبەستێت كە كۆنگرێس لە ساڵی 2017 دا دەریكردووە و بەپێی ئەوە، سزای هەموو ئەو وڵاتانە دەدرێت كە چەك لە روسیا دەكڕن، لە نێوانیشیاندا ئەم بڕیارە فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگیی ئێف 35 ش بە توركیا قەدەغە دەكات. بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا پێشتر پەیامی خۆیان بۆ ئەنقەرە ناردبوو كە نابێت ئەوجۆرە موشەكە لە روسیا بكڕن، ئەگەر ناشتوانن گرێبەستەكە هەڵبووەشێننەوە، ئەوا دەكرێت بە وڵاتی تری بفرۆشنەوە، بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دۆسێی تر و سەرهەڵدانی كێشە و ئاڵۆزیی دیكە، ئیدی تاقیكردنەوەی ئەو موشەكانەی بەدواداهات و كێشەكەی ئاڵۆزتر كرد، ئەمەش كۆتایی بەو هەوڵانە هێنا كە رێگرییان لە كڕینی ئەو سیستمە دەكرد، بۆیە لەو دەمەدا توركیا چۆتە بەرەی روسیا و لە دژی ئەمریكا پشتی پێدەبەستێت. هەرچی ئەمریكاشە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یاسایەی كۆنگرێس كە سزا بەسەر نەیارانی واشنتۆندا دەسەپێنێیت. لە ماوەی داهاتوودا و بەتایبەتیش لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكاوە، ئەو كێشەیە و هی تریش لە نێوان ئەو دو وڵاتە یەكلایی دەبنەوە، چونكە هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، دوو ركابەری یەكترن لەو هەڵبژاردنەدا و بۆچوونی دژبەیەكیان هەیە لەسەر مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتیش توركیا.

سەرچاوە، Tagischau, Zeit Online,DW

 67 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*