سەرەکی » کەلتوور » پەلکە زێڕینەی ئاسمانی کوردەواری

پەلکە زێڕینەی ئاسمانی کوردەواری

ئەحمەد حسێن

خولی رۆژگاری هەر سەدەیەک دەکەوێتە باری سەر سوڕمانەوە. بەوەی کەسانێکی بە هرەمەند هەڵدەکەون لەسەر شانۆی ژیان دەرکەوتنێکی نموونەیی و سەر کەوتنێکی پەلهاوێژ بە خۆیانەوە دەبینن. واتا کەسێک دەبێتە چەند کەسێکی هەڵکەوتوو، لە بوارە رەنگاڵەییەکاندا.

دەنگدانەوە و ناو بانگی سنور بەزێن دەبنە مەدالیای شانازی و تاجی سەروەری بۆی. ناسری رەزازی لەڕووی هونەری و ئەدەبییەوە، جێ دەست وشوێنەواری دیارە . دابەشبوونێکی رەواو پەسەند لە ئاسۆی بەهرەکانیدا رەچاو دەکرێت. تەمەنێکی رێزدارانەی هێناوە و چالاکانە بەسەری بردووە کە دەستی کردووە بە گۆرانی گوتن و سروود چڕاندن ئەوەندەی تر چووە ناو دڵی بینەران و بیسەرانەوە. ئەو کەسێکی داهێنەر و کۆڵنەدەر و خاوەنی زمانی گوڵە. باغەوانی باغی ئاوازی رەسەن و سەدان بەستەی کاریگەر و مقامی سۆزداری هەڵقوڵاوی ناو هەست و دەروونی کوردانەی ئەوساو ئێستایە. لە بلیمەتییەکی تریدا، ملوانکەیە سروودی شۆڕشگێڕانەی ناوازە و پڕ لەجۆشی گزنگ ئاسای گوتوە، کە لە سەردەمی شکۆداری شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە سەر کردایەتی (ی،ن،ک)هەریەکەیان بوو بە بڵێسەیەکی هاندان بۆ سەنگەر گرتن لە داگیر کەران و چەواشە کاران. ئەو سروودانە لەلاپەڕەکانی سەروەری دا، وەک تریفەی مانگی چواردە دڕیان بە شەوەزەنگی پڕ لە نەهامەتی دا. کاک ناسر لە سەرەتای گۆرانی گوتنیەوە، گۆرانی هەر دەنگخۆشێکی گوتبێتەوە، بەرگێکی قەشەنگ تری کردووە بە بەر ئەو گۆرانییەدا. ئەمەیش هونەرێکە بە باڵای سەرنج و بیروهۆشیدا بڕاوە. لە سەرێکی ترەوە ، وەک کوردێکی کوردستانی، بەهەموو شێوەزارەکان خۆی تاقی کردۆتەوە، بە تێزی ئەو مەبەستەی کە تێکەڵاوی هەیە لەناو جەماوەردا. هیچ گۆرانیبێژێکی کورد وەک رەزازی ئاوا ئامانجی بە وردی نەپێکاوە. هەر لەبەر ئەو سەرکەوتن و گەروو سافیەیەتییەتی گەلێکی بەرچاو لە گۆرانی بێژانی دی لاسایی گوتنەوەی دەنگە زوڵاڵەکەیین.

بەم هەوڵ و تەقالایە دوای ماندووبوونێکی زۆر و کێوماڵێکی بێ ئەندازە بوو بە خاوەن قوتابخانەیەکی هونەری لەکوردستان دا. لەم رووە وە، لەلایەن نووسەرانەوە چەندان کتێبی لەسەر دەرکراوە. لە دەیان لێکۆڵینەوەی هونەری دەنگخۆشاندا وەک پێویست ئاوڕی لێدراوەتەوە. لەگشت چاوپێکەوتنەکانیدا وشە ئارایی و رێنمایی و تێزی سەلیقەی رەوانبێژی و زانیاری گشتی بەرونی پێوە دیارە. هەموو پەرەگرافەکانی چ بەنووسین، چ بەزارەکی بۆ ئەوە دەشێن وەک سەرچاوە کەڵکیان لێ وەربگیرێت. ئەمێنێتەوە سەر بابەتی ئەزمونی ئەدەبیات و خوێندنەوە و زمانەوانی و رەخنە و بۆچوونی لەبار. هەروەها بەهرە و خولیای شیعر نووسینی تێدایە. بە وێنەی شاعیرێکی زمان پاراو غەزەلیات و چامە و داستانە شیعری لە بارەی کوردەوارییەوە بە دەستەوەیە، ئەمەندە چۆتە ناخ و قوڵاییەوە، خوێنەر سەرسام دەکا. داڕشتنی داستان و هۆنراوەکان بەکوردییەکی پەتی و رەوان و کێش و سەروای گونجاو پەیڕەو کردوە ، هەندێ زاراوەی نوێی هێناوەتە ناو بەیتەکانەوە. شیاوی دەست خۆشییە. بۆیە تا لە ژیاندایە شایستەی ئەوەیە پەیکەری پیرۆز، یان ناولێنانی باخچە یان شەقام یان گەلەریەکی هونەری بۆ بەرجەستەبکرێت. چونکە ئەم جۆرە کەسانە درەنگ دروست دەبنەوە. بەهیوای تەمەن درێژی و لەش ساغی بۆ کاکە ناسری گوڵ و دڵ.

 66 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*