سەرەکی » راپۆرت » “حكومه‌تی عیراق لیژنه‌یه‌كی باڵای بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك پێكهێناوه‌”

“حكومه‌تی عیراق لیژنه‌یه‌كی باڵای بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك پێكهێناوه‌”

كه‌ركوك،كوردستانی نوێ

به‌پێی لێدوانی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق “بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك، حكومه‌تی عیراق لیژنه‌یه‌كی باڵای پێكهێناوه‌”. راشیده‌گه‌یه‌نێت: وه‌زیری داد هه‌نگاوی باشی ناوه‌ بۆ پێكهێنانی لیژنه‌كه‌و به‌نووسراوی ره‌سمییش داوایكردووه‌ كاری نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی ته‌عریبدا، رابگیرێن.

“به‌دواداچوونی وردمان كردووه‌”
له‌لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، د.بێستون زه‌نگه‌نه‌ په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ئاشكرایه‌ كێشه‌ی زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ وه‌ك فراكسیۆنی یه‌كێتی و نوێنه‌رانی كه‌ركوك به‌دواداچوونی وردمان بۆ كردووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ كێشه‌كانی ته‌عریب له‌كه‌ركوك له‌ سێ ساڵی رابردوودا زیاتر زه‌قبونه‌ته‌وه‌، هۆكاری ئه‌وه‌ش دادگای كه‌ركوك و پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ته‌، كه‌ كارئاسانییان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان كردووه‌. وتیشی: پاش روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌یسه‌ بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی عیراق، ئێستا له‌ڕێگای سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك.

لیژنه‌كه‌ كاره‌كانی چڕبكاته‌وه‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌و لیژنه‌ حكومییه‌، له‌وه‌زیرانی دادو كشتوكاڵی عیراق و نوێنه‌ری به‌شێك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی ترو نوێنه‌ری هه‌رسێ پێكهاته‌كه‌ی كه‌ركوك، پێكهاتووه‌‌و ئه‌ركی لیژنه‌كه‌ش خۆی له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی سنووری پارێزگای كه‌ركوكدا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ لیژنه‌كه‌ هه‌نگاوه‌كانی خۆی له‌به‌غدا ده‌ستپێكردووه‌و چه‌ند هه‌نگاوێكی به‌راییشیان ناوه‌ بۆ داڕشتنی هێڵی سه‌ره‌كی كاره‌كان و توانیویانه‌ به‌شێك له‌و هه‌وڵانه‌ش رابگرن كه‌ دراون بۆ ته‌عریبكردنه‌وه‌ی گونده‌كانی كه‌ركوك. ئه‌وه‌شی وت: ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوك له‌سه‌ر هێڵین له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌و خوازیارین كاره‌كانی لیژنه‌كه‌ به‌زوویی ئامانجه‌كانی بپێكێت، ئه‌وه‌شی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ لیژنه‌كه‌ كاره‌كانی چڕبكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش پێشنیازمان كردووه‌ لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی كه‌ركوك بكات و كاره‌كانی به‌مه‌یدانی به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت و ئه‌و بڕیارانه‌شی پێشتر دراون بۆ ته‌عریبكردن هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، كه‌ به‌سوپاسه‌وه‌ له‌ڕابردوودا وه‌زیری دادی عیراق، كه‌ پاڵێوراوی یه‌كێتی-یه‌، هه‌نگاوی باشی ناوه‌ بۆ پێكهێنانی لیژنه‌كه‌و له‌ڕابردووشدا به‌نووسراوی ره‌سمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی جێبه‌جێكردنی له‌پارێزگا مه‌شموله‌كانی مادده‌ی 140ی له‌عیراق ئاگاداركردۆته‌وه‌، كاری نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی ته‌عریب، رابگرن.

له‌باره‌ی گرنگیی پێكهێنانی لیژنه‌كه‌وه‌، عه‌لی محه‌مه‌د چاودێری سیاسی، ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ گرنگه‌و گرنگییه‌كه‌شی له‌وه‌دایه‌ دۆخی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان جێگیر ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌توانێت هاوسه‌نگی له‌ڕه‌وشی ئیداریی پارێزگای كه‌ركوك دروست بكات، بۆیه‌ پێویسته‌ لیژنه‌كه‌ كاره‌كانی چڕبكاته‌وه‌ تا له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا كاره‌كانی بكات.

دوو بڕیاری گرنگ
هاوكات، شادیه‌ جه‌لال راوێژكاری یاسایی، پێیڕاگه‌یاندین: بۆ ئه‌وه‌ی كاری ئه‌و لیژنه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت، زۆر بڕیارو مادده‌ی یاسایی هه‌یه‌ كه‌ لیژنه‌كه‌ ده‌توانێت بیكاته‌ بنه‌مای كاركردنی خۆی، به‌نموونه‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق به‌ ژماره‌ 29 له‌ ساڵی 2012 تایبه‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی كاروباری باكووری هه‌ڵوه‌شاوه‌، هه‌روه‌ك بڕیاری ژماره‌ 4 له‌ ساڵی 2007 تایبه‌ت به‌لیژنه‌ی باڵای مادده‌ی 140 بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی ته‌عریب له‌كه‌ركوك‌و وتیشی: ئه‌گه‌ربێتو لیژنه‌كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و دوو بڕیاره‌ كاربكات، كێشه‌ی زه‌ویوزاری كشتوكاڵی له‌كه‌ركوك به‌باشی چاره‌سه‌رده‌كرێت.

پێویست به‌ ته‌شریعكردنی یاسای نوێ ناكات
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی باكوورو گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی ته‌عریب، له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقدایه‌و پێویستی به‌ ته‌شریعكردنی یاسای نوێ نییه‌ له‌په‌رله‌مانی عیراقدا، بۆیه‌ پێویسته‌ لیژنه‌ پێكهێنراوه‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق، كاره‌كانی چڕبكاته‌وه‌و به‌تایبه‌تیش كار له‌سه‌ر ئه‌و دوو بڕیاره‌ بكات.

 168 جار بینراوە