سەرەکی » راپۆرت » دەستپێكردنەوەی جەنگ لە نێوان مەغریب و بەرەی پۆلیساریۆدا

دەستپێكردنەوەی جەنگ لە نێوان مەغریب و بەرەی پۆلیساریۆدا

ئا- كوردستانی نوێ

بەرەی پۆلیساریۆ دەڵێت، سی ساڵ ئاگربەست لە ناوچەی بیابانی مەغریبی جێناكۆك، لە13ی تشرینی دووەمی 2020 كۆتایی هات، دوای ئەوەی هێزەكانی مەغریب هێرشیان بۆسەر ناوچەیەكی سنوری دەستپێكرد.

پۆلیساریۆ حكومەت بەپێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەكات

محەمەد سالم ولد سالك، وەزیری دەرەوەی كۆماری عەرەبی دیموكراتی بیابان – لەلایەن پۆلیسایۆوە راگەیاندراوە- بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسایی رایگەیاندووە»جەنگ دەستی پێكردەوە، و لایەنی مەغریبی رێكەوتنی ئاگربەستی پێشێل كرد».

ولد سالك، هێرش و پەلامارەكانی مەغریبی بە دوژمنكاریی وەسفكرد و وتی»هێزەكانی بیابان دەستیان كردووە بە بەرگری شەرعی لەخۆیان، و بەرپەرچی هێزەكانی مەغریب دەدەنەوە».

رەبات لە 13ی تشرینی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو، هێزەكانیان دەستییان كردووە بەجێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنێك لەناوچەیەكی چۆڵ لەسەر سنورەكانی باشووری خۆرئاوای مەغریب، ئەمەش بۆ دانانی سنورێك بۆ «گێچەڵەكانی» بەرەی پۆلیساریۆ كە داوای سەربەخۆیی ئەو هەرێمە كێشەلەسەرە دەكات.

سەعدەدین عوسمانی سەرۆكی حكومەتی مەغریبی رایگەیاندبوو، دەستوەردانی هێزەكانی وڵاتەكەی لەناوچەكەی كركراتی باشووری بیابانی مەغریبی، بەمەبەستی دانانی دیوارێكی جیاكەرەوەیە كەببێتە بازنەیەكی ئەمنی لەپێناو رێگرتن لەهاتنەناوەوەی شتومەك و كەسەكان بە قاچاخ لەڕێی ئەو ناوچە جیاكراوەیە كە مەغریب بەمۆریتانیاوە دەبەستێتەوە.

عوسمانی لەزنجیرەیەك تویتدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندبوو، جموجۆڵەكانی مەغریب بۆ مەبەستی گێڕانەوەی ئازادی هاتووچۆیە.

سوپای رزگار میللی پۆلیساریۆ رووبەرووی سوپا بۆتەوە

ئاژانسی دەنگوباسی بیابانی خۆرئاواش دەڵێت، مەغریب سێ‌ كەلێنی نوێی كردۆتەوە لەدیواریی سەربازی، لەناوچەی كركرات، تا لێوەی هێرش بكاتە سەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز، بۆیە سوپای رزگاریی میللی، باڵی چەكداریی پۆلیساریۆ، بەرپەرچی هێرشەكانی سوپای مەغریبی دایەوە كە لەلایەن ئەوەوە بەدوژمنكاریی وەسفكرا، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاریی چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەكە، بخاتەڕوو.

بەرەی پۆلیساریۆ لەم ماوەیەی دواییدا هۆشداریی دابوو لەوەی كە رێكەوتنی ئاگربەستی سی ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ مەغریب، بەهەڵوەشاوە دادەنێت گەر رەبات هێزە سەربازییەكانی یان مەدەنییەكانی بباتە ناوچە جیاكراوەكە.

خۆپیشاندەرانی بیابانی، لەمانگی رابردووەوە، جوڵەی هاتووچۆیان لەڕێی كركراتەوە پەكخستووە كە مەغریب و مۆریتانیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

رەبات رایگەیاندبوو، رێگەی سەرەكی نێوان بیابانی خۆرئاوا و مۆریتانیا دەكاتەوە كە لە 21ی تشرینی یەكەمی رابردووە لەلایەن لایەنگرانی بەرەی پۆلیساریۆوە داخراوە.

سوپای مەغریبی، لە 13ی تشرینی دووەمی 2020، سەپاندنی گەمارۆی ئەمنی بەسەر ناوچەكەدا راگەیاندبوو، وەك زەمینەسازییەك بۆ ئۆپەراسیۆنێك كە ئامانج لێی گێڕانەوەی جموجۆڵەكانی گواستنەوەیە لە ناوچەكەدا.

سوپای مەغریبی رەتیشیكردبوە، جگە لە حاڵەتەكانی «بەرگری شەرعی» پەنا بۆ بەكارهێنانی چەك ببات. وەزارەتی دەرەوەی مەغریب لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»بەری پۆلیساریۆ و میلیشیاكان، لە 21ی تشرینی یەكەمی رابردووەوە ناوچەكەیان بەزاندووە و كاریی دزی و جەردەیی و رێگری دەكەن، و بەردەوامن لەسەر دەستدرێژیكردنە سەر چاودێرانی نێردە نێونەتەوەییەكان».

لە5ی تشرینی دووەمی 2020، نزیكەی دوو سەد لە شۆفێرە بارهەڵگرە مەغریبییەكان رایانگەیاندبوو، لە بەری مۆریتانیا لە سنوری بیابان، دووچاری چەرمەسەری و ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە، بۆیە داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردبوو، لە هەریەك لە رەبات و نواكشۆت، یارمەتیان بدەن بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان، دوای ئەوەی «بەرەی پۆلیساریۆ» رێگەیان لێگرتبوون.

وەزارەتی دەرەوەی مەغریب دەڵێت، ناچاربوون مامەڵە لەگەڵ جموجۆڵەكانی چەكدارانی پۆلیساریۆدا بكەن، دوای ئەوەی چەند جارێك داوای هێوركردنەوەیان كرد لەڕێی وەزارەتەكەیان و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پاراستنی ئاشتی لە هەرێمەكە.

بەرپرسێكی دەركەوتوو لە وەزارەتی دەرەوەی شانشینی مەغریبی بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاندبوو، مەغریب بەربەستی لمین بۆ پاراستنی ئاسایشی رێگەكە دادەنێت. لە دوای پاشەكشەكردنی ئیمپریالیستی ئیسپانی لە هەرێمەكە، لایەنەكانی بیابانی خۆرئاوا لەبەری ئەفریقی ئۆقیانوسی ئەتڵەسی لەبەریەك هەڵوەشاوە، بەهۆی ناكۆكی نێوان مەغریب و بەرەی پۆلیساریۆ كە هەریەكەیان دەیانەوێت سەروەریی خۆیان بەسەر ناوچەكەدا بسەپێنن.

حكومەتی مەغریب دەستی بەسەر %80ی هەرێمەكەدا گرتووە

رەبات دەستی بەسەر لەسەدا 80ی هەرێمەكەدا گرتووە، ئەمەش یەدەگەكانی فۆسفات و سامانی ماسی لەخۆدەگرێت.

هەرچی هێزەكانی پۆلیساریۆیە، زۆربەیان لەو ناوچانەدا جێگیرن كە چڕی دانیشتوانیان كەمە لە بیابانی خۆرئاوا و لە ئۆردوگاكانی پەنابەران لە جەزائیری دراوسێ‌ كە پشتیوانی سەرەكی بەرەی پۆلیساریۆیە كە چاوی لە سەربەخۆیی هەرێمەكە بڕیوە.

شانشینی مەغریبی دەڵێت، بیابانی خۆرئاوا بەشێكی دانەبڕاوە لە خاكەكەی، لەگەڵ ئەمەشدا رەبات رێگر نییە لەبەردەم دامەزراندنی حوكمی خۆبەڕێوەبەریی لە هەرێمەكە، بەو مەرجەی مەغریب سەروەریی هەبێت بەسەر ناوچەكەدا.

بەڵام بەرەی پۆلیساریۆ، داوای ریفراندۆم دەكات بۆ دیاریی كردنی چارەنوس لەهەرێمەكە، وەك چۆن لە دەقی رێكەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1991دا ئاماژەی پێكراوە. هێزەكانی ئاشتی پارێزی نێونەتەوەییش، ناوچەی جیاكەرەوەی نێوان هەردوولا دەپارێزن كە رێكەوتنی ئاگربەست دەیگرێتەوە و لە ساڵی 1991وە لەژێرچاودێری نێونەتەوەییدایە.

وردەكاریی پرسی بیابانی خۆرئاوا

بیابانی خۆرئاوا ناوچەیەكی بەرینە و دەكەوێتە باكووری خۆرئاوای ئەفریقا و رووبەرەكەی نزیكەی 266 كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت.

بەپێی دەستەواژەكان، ژمارەی دانیشتوانی ناوچەكە، نزیكەی نیو ملیۆن كەس دەبێت و بەسەر شارە سەرەكییەكانی ناوچەكەدا دابەشبوون كە لەساڵی 1884وە تا 1976وە لەژێر دەستی ئیمپریالیستی ئیسپانیادا بوون، لەدوای رزگاربونیشی، مەغریب و بەرەی پۆلیساریۆ ناكۆكییان لەسەر سەپاندنی سەروەریی هەیە بەسەریدا.

پۆلیساریۆ ئۆپەراسیۆنەكانی چڕكردەوە و دانیشتوانی هاندا خۆپیشاندان بكەن بۆ داواكردن بە سەربەخۆیی، لە هەمان كاتدا مەغریب و مۆریتانیا پەنای بردە بەر دادگای دادی نێودەوڵەتی.

لە 16ی تشرینی یەكەمی 1976، مەغریب رێكخستنی «رێپێوانیی سەوز»ی بەرەو ناوچەی بیابان راگەیاند، لە مانگی كانوونی دووەمی 1976، دامەزراندنی «كۆماری عەرەبی دیموكراتی بیابانی» بە پشتیوانی جەزائیر، راگەیەندرا.

مەغریب لەساڵانی هەشتای سەدەی رابردوودا، بەربەستێكی لمینی بەدەوری شارەكانی سەمارە و عیون و بوجدوردا دروستكرد، تا ناوچەكانی بیابانییەكانی دەوڵەمەند بە فۆسفات، لەشارە بیابانییە سەرەكییەكان جیابكاتەوە، ئەو بەربەستەش بووە مایەی ئەوەی ناوچە بیابانییەكان لە هێرشەكانی پۆلیساریۆ بپارێزێت.

وازهێنانی لیبیا لە 1984 لە پشتیوانیكردن لە پۆلیساریۆ و سەرقاڵبوونی جەزائیر بە تەنگژە نێوخۆییەكان، هەڵوێستی مەغریبی لەو بارەیەوە پتەوكردووە.

 58 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*