سەرەکی » وتار » شەهیدان لە پڕۆسەی نوێبوونەوەدا

شەهیدان لە پڕۆسەی نوێبوونەوەدا

د. میران محەمەد
هەموو ساڵێک لە رۆژی شەهیداندا دەبینەوە بە شایەتی پرسیارێکی پڕ لە نائومێدی کە ئەوان بۆ ئەم رۆژە بوو گیانی خۆیان بەخشی؟
وەڵامەکە لە نێوان دەسەڵاتداران و هاووڵاتیاندا هەر چۆنێک بێت بە دڵی کەسوکاری شەهید و دایکی جگەرسوتاوان نییە.
بێگومان خوێنی ئەو شەهیدە سەربەرزانەمان بۆ ئەوە نەڕژاوە کە ئێستامان وەک ئێستا بێت بەڵام ئەوەش لەیاد نەکەین ئەوان لە هێڵی بەرگرییەکی پیرۆزدا دژ بە ستەمکارە دەرەکییەکان گیانیان بەخشیوە. بە مانایەکی تر هەرچی ستەمێک لە ناوخۆدا بەرامبەر بە گیانی پاکیان و کەسوکاریان کراوە لە بەهای بەرزی شەهیدەکانمان کەم ناکاتەوە، بەڵکو تا دێت ئەوان باڵاتر و ئەزموونەکە لەبەرامبەریان نزمتردەبێتەوە. هەرچەندە دۆخی ژیان لە هەرێمی کوردستان بەرەوە خراپتر بڕوات شکۆی ئەوان کەم ناکات بەڵام پێگەی کۆمەڵایەتی دەسەڵات لاوازتر دەبێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی شەهیدەکانییەوە بووەتە خاوەنی خەباتێکی دوور و درێژی کوردایەتی. هەر کاتێک هەڕەشەیەکی دەرەکی بەرۆکی کۆمەڵانی خەڵکی گرتبێت یەکێتی لەوێ بووە، بەڵام ئێستا هەژاری، بێکاری و نەداریی بۆتە هەڕەشەیەکی ناوخۆیی لەسەر بەشێکی زۆر لە کەسوکاری شەهیدانی کوردستان و هاووڵاتیان لەبەرئەوە ئامادەباشییەکی زیاتری لە یەکێتی دەوێت.
لە دوای پڕۆسەی نوێبوونەوە بۆ ئەوەی وەک دەڵێن یەکێتی ببێتەوە بە یەکێتیەکەی جاران، ئەوا پێویستە بەوپەڕی هێز و توانا بەرەنگاری هەر هۆکارێک ببێتەوە کە وادەکات ژیانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان لە ئاستی پێویستدا نەبێت.
بەشبەحاڵی خۆم ئەم بابەتە بە بەشێک لە خەباتی قۆناغەکە دەزانم
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی جەنابی مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی یەکێتی و رێگای رزگاریی نیشتمان.

 46 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*