سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەواڵنامەی ئەڵمانیا

هەواڵنامەی ئەڵمانیا

شازادەی بەریتانیا سەردانی ئەڵمانیای کرد
هەفتەی ڕابردوو چارلز فلیپ شازادەی بەریتانیا سەردانی ئەڵمانیای کردو پێشوازی گەرمی لێکرا، سەرۆک سوپاسی کرد کە دەستپێشخەری چاککردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتەکە دەکات کە لەدوای برێکست ساردی بەخۆوە بینیوە، لەدوای دیدارەکە لەبەرلین سەردانی مونۆمێنتی قوربانیانی دەستی نازیەکانیان کرد و چەپکەگوڵی ڕێزو وەفایان دانا، لە پەرلەمانیش ووتارێکی دا.

داوا لە تورکیا دەکرێت واز لە بێزارکردنی ئەوروپا بێنێت
هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند لەکۆبونەوەی مانگی داهاتوی یەکیتی ئەوروپا، باس لەوەدەکەین ئەگەر ئەنقەرە بەردەوامبێت لەو کارانەی کە لە ڕابردوودا کردوونی و ئەوروپای بێزارکردوە، ئەوا پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەكێتییەکە ئاڵۆزدەبێت ولەوانەیە سزای بەسەردا بسەپێنین، لەڕێی میدیاوە داوای لەبەرپرسانی ئەو وڵاتەکرد کە دەست لەکارەکانی پێشویان هەڵگرن.

پەرلەمان لەسەر دیموکراسییەت لۆمەی سعودیە دەکات
لیژنەی مافی مرۆڤی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا Bundestagلە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بە خراپی باردۆخی دیموکراسی کردوە لەو ووڵاتە و دەڵێت لەسایەی حوکمی شامحەمەددا ئازادی ڕادەربڕین و دیموکراسیەت هیچ مانایەکیان نەماوە و مرۆڤ مافی پارێزراونیە، ڕاپۆرتەکە دەڵیت چالاکوان و نەیارانی دەسەڵات هەمیشە ئازاردەدرێن و لەترسا بەرەو وڵاتانی تر ڕادەکەن، ماف و ئازادیەکانی ژنانیش تادێت بەرتەسکتر دەکرێنەوە.

وەزیرێک لە ژێر فشاری میدیادا دەستی لەکارکێشایەوە
دوای ئەوەی لە میدیا بڵاوبۆوە کە نامەی دکتۆراکەی ساختەیە، خاتوو (فرانتسیسکا گیفێی) وەزیری خێزان لەسەر لیستی پارتی سۆسیالدیموکرات دەستبەرداربوونی خۆی لە پلەی دکتۆرا ڕاگەیاند، ئێستا ئەو کەیسە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و دەڵین ئەگەر بەسەریدا ساغ بێتەوە دەبێت پۆستەکەی بەجێ بهێڵیت، شایانی باسە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوە حەوتەمین سیاسەتمەدارە لەسەر ئەوە دەستبەرداری بڕوانامەکەی دەبێت.

رەگەزپەرستی ڕوو لە زیادبوونە
توێژینەوەیەکی زانکۆی لایبزیک ئاشکرایکردوە کە لە ئەڵمانیا بەتایبەتی لەو شارانەی کە پێشوو دەکەوتنەبەری ڕۆژهەڵات، لەوێ ڕەگەزپەرستی و دژایەتی میللەتە بێگانەکانیان تێدا زۆربووە، ئەو حاڵەتە ئێستا بۆتە28٪ کە ڕێژەیەکی بەرزەو جێی مەترسیە، لەکاتێکدا لەو شارانەی کە دەکەوتنەبەری ڕۆژئاوای جاران تەنها 16,5٪ یە.

خۆپیشاندان لە دژی رێکارە تەندروستییەکان درێژەی هەیە
لەوەتەی حکومەت خۆپاراستن لەکۆرۆنا و ڕێکارە تەندروستیەکانی کردۆتە یاسا لەلایەن گروپە توندڕەو و نازیپەرستەکان هەمیشە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەکرێت، لە تازەترینیان لە بەرلین هەزاران کەس بەبێ ماسک و خۆپارێزیەوە ڕژانە ئەوناوە و ویستیان ئاژاوە دروست بکەن، بەڵام 2400 ئەو ناوەیان پاراست و ئاوی تیژی بەسەردا پرژاندن و 365 کەس دەستگیرکران، خەریک بوو توندوتیژیش دروست ببێت.

بەرپرسێکی باڵا وازی لە پۆستەکەی هێنا
پێرێ (لۆرنز کافیە) وەزیری ناوخۆی هەرێمی میکلنبۆرگ ڤۆپەرمان و پەرلەمانتاری هەرێمەکە دەستی لەکارکێشایەوە بەهۆی ئەوەی لێ ئاشکرابوەکە ساڵی پار دەمانچەیەکی لەکەسێک کڕیوە ئەو کەسە سەر بەگروپێکی نازی توندڕەوبووە، ناوبراو خۆی لەبەر لۆمەو فشاری میدیا و نێوەندی سیاسی نەگرت ودەستی لەکارکێشایەوە.

گورگەبۆرەکان قەدەغەدەکرێن
سێ فراکسیۆنی پەرلەمان کە زۆرینە پێکدەهێنن پڕۆژەیەکیان پێشکەشکردوە بۆ قەدەغەکردنی ڕێکخراوی (گورگەبۆرەکان) و دەڵین ئەو گرووپە توندڕەو و دژەدیموکراسی و پێکەوەژیانە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانی ناگونجێت، ئەو رێکخراوە رەگەزپەرستە تورکیە کار بۆ زیندووکردنەوەی بیری عوسمانلی و ڕابەرایەتی گەلی تورک دەکاو دژایەتی هەردوو گەلی کورد و ئەرمەنیش دەکات، هەمان کات سەر بە مەهەپەن و لە پارتی دادوگەشەپێدان نزیکن، ماوەی ڕابردوو لە فەرەنسا قەدەغەکران.

دوو دزی ناقۆڵا دەستگیرکران
ساڵی پار لەلایەن ژمارەیەک دزو چەتەوە مۆزەخانەی شاری درێسدن کە ئاسەواری دێرینی بەناوبانگترین كۆشكی شارەکەی تێدایە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە بڕدرا و ژمارەیەک کەلوپەل وتوحفەی نایابی تێدا دزرا کە نرخەکانیان بە ملیار یۆرۆ خەمڵێندرا، لەوساوە بەدوای دزەکان دەگەڕین سەرەنجام چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پۆلیسی بەرلین لەهەڵمەتێکدا کە 1600 پۆلیس بەشداربون توانیان دوو دزەسەرەکیەکە بگرن بەناوەکانی موحەمەدو عەبدولعەزیز کە سەربەعەشیرەتێکی عەرەبی دانیشتوی بەرلینن.

سوریەک لەسەر حەواڵەکردنی پارە سزادرا
هەفتەی ڕابردوو دادگای مانهایم سزای زیندانی دوو ساڵ و نۆمانگی بەسەر پەنابەرێکی سوری سەپاند بەتاوانی حەواڵەکردنی بەردەوامی پارە لە ئەڵمانیاوە بۆ تورکیا و سوریا، ئەو سوریە لەماوەی دوو ساڵدا 124 جار پارەی حەواڵەکردوەو نزیکەی8 ملیۆنی بەڕەش ناردۆتەدەرەوە و لەبری ئەوەشدا 20 هەزار یۆرۆی وەرگرتوە، پۆلیس زۆربەی ئەو زانیاریانەی لەمەسجەکانی واتس ئەپ و ڤایبەرەکەی دەرهێناوە و بون بەبەڵگە لەسەری.

دەیان هەزار مریشک لەناوبران
لەدوای بڵاوبونەوەی ئەفلۆنزای باڵندە لەناو کێڵگەیەکی پەلەوەری هەرێمی میکلنبۆرگ ڤۆپەرمان، بەرپرسان بڕیاریاندا 67 هەزار مریشکی سپی لەناو بەرن و هەموو هێلکەکانیشیان لەبازاڕەکان بکێشنەوە، زیانی ئەو پرۆسەیە نزیکەی ملیارێک یۆرۆیە.

ڤیتامین D بەرگری لەش بەهێز دەکات
مارتن سمولیش زانا و پرۆفیسۆری شارەزا لە خەستەخانەی لوبیک ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە ڤیتامین دی زۆر گرنگە بۆ بەهێزبونی بەرگری لەش و ئاشکرایکردوە کە توێژەرە ئیسپانیەکان بەکردار بۆیان دەرکەوتووە کە ئەوانەی ڕادەی پێویست لەو ڤیتامینەیان هەیە لەکاتی توشبونیان بە کۆرۆنا زووتر چاک دەبنەوە وەک لەوانەی تر کەکەمیان هەیە و زۆرتر دەمرن، شایانی باسە ئەو ڤیتامینە لە تیشکی ڕۆژ و زەردێنەی هێلکە و ماسی تونە و سەلەمون و شیرو قارچکدا هەیە.

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*