سەرەکی » زانست » WHO بۆ لیكۆڵینەوە دەچێتە چین!

پەیوەندی بە ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە

WHO بۆ لیكۆڵینەوە دەچێتە چین!

سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی تیمێك ڕەوانەی چین دەكات بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا.

ئەو ڕێكخراوە جیهانییە هیواخوازە ئەو تیمەی پێكیهێناوە بۆ دۆزینەوەی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسەی بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای(كۆڤید-19 ) بتوانن لە زووترین كاتدا سەردانی چین بكەن.

(مایك راین)ی لێپرسراوی حاڵەتە لە ناكاوەكان لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی جەختیكردەوە و وتی» پێویستە حكومەتی چین بە زووترین كات ڕێگە بەو تیمە نیودەوڵەتیە بدات بۆ ئەوەی لەگەڵ تیمە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتە كاربكەن بە مەبەستی لێكۆڵینەوەی چڕوپڕ لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسە كە بووە پەتایەكی مەترسیدار و سەرانسەری جیهانی گرتەوە».

ئەو وتیشی» دەمانەوێت بە زووترین كات ئەو تیمە لە چین بڵاو بكەینەوە و پەیوەندییەكی ڕاستەخۆ لە نێوان ئەو تیمە و پسپۆڕانی چینییدا دروست بكەین، ئەمە لە كاتێكدا هەردولا بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوام كۆدەبنەوە و زانیاریی ئاڵوگۆڕ دەكەن كە ئەمەش شتێكی گرنگە».

هەروەها وتی» پێشبینی دەكەین ئەو هەنگاوە بنرێت و لەمبارەیەوە لە لایەن حكومەتی بەیجینەوە دڵنیاییمان پێدراوە و ئەمەش وا دەكات كۆمەڵی نێودەوڵەتی بگاتە هەموو ئەو شتانەی كە تائێستا نەزانراون، چونكە هەمومان پێویستمان بە زانینی چۆنییەتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە و سەرچاوەكەیەتی، هەروەها پێویستمان بە زانینی ئەو شوێنەیە كە ڕەنگە لە داهاتوودا جارێكی تر و ڤایرۆسێكی تر سەرهەڵبداتەوە و لەو بڕوایەشدام هاوڕی چینییەكانمان زۆر پەرۆشن بۆ دۆزینەوەی وەڵامی تەواوەتی بۆ هەموو پرسیارەكان».

تیمە نێودەوڵەتییەكەی سەر بە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی بریتین لە (١٠) زانای بەناوبانگ لە چەندین بواری جیاجیادا، كە دەیانەوێت بچنە شوێنی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە و توێژینەوە بكەن لەسەر چۆنییەتی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ. ئەمەش لە كاتێكدایە كە زانایان بە گشتیی بڕوایان وایە شەمشەمەكوێرە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بووە، بەڵام تا ئێستا ئەو ئاژەڵەی بووەتە ناوەندگیر لە نێوان شەمشەمەكوێرە و مرۆڤدا بە نادیاری ماوەتەوە، هەرچەند لە سەرەتادا باس لە چەندین ئاژەڵ كرا كە گوایە وەك ناوەندگیرێك بوون بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ مرۆڤ، ئەوانەش تەنها گریمانە بوون و هیچ بەڵگەیەكی زانستیان لەسەر دەرنەكەوت.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكان بە تایبەت دۆنالد ترەمپی سەرۆكی ئەو وڵاتە كە لە هەموان زیاتر وڵاتەكەی بە هۆی ئەو پەتایەوە زیانی پێگەیشتووە بەئاشكرا حكومەتی بەیجینی بەوە تاوانبار دەكرد كە زانیارییەكانی شاردووەتەوە و رێكخراوی تەندروستیشی بەوە تاوانبار دەكرد كە ملكەچی خواستی چینییەكان بووە.

هەندیك وڵاتیش ڕەخنەی ئەوەیان لە چین هەیە كە ڕێگە نادات لێكۆڵینەوەی ورد و دروست بكرێت لە هۆكاری بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بە هەموو جیهاندا.

سەرچاوە: الصحە والحیاە

 527 جار بینراوە