سەرەکی » زانست » نەیزەكێك پیاوێكی هەژاری دەوڵەمەند كرد

نەیزەكێك پیاوێكی هەژاری دەوڵەمەند كرد

پیاوێكی هەژاری ئەندۆنیزی بە هۆی كەوتنە خوارەوەی نەیزەكێكەوە دەوڵەمەند بوو.

بەم دواییە نەیزەكێك لە شارۆچكەی (كولانگ)ی باكوری ئەندۆنیزیا كەوتە خوارەوە و بەر ماڵی پیاوێك كەوت كە پیشەی دروستكردنی تابووتە.

ئەم ڕووداوە بووە مایەی خۆشیی بۆ ئەو پیاوە و خێزانەكەی و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا بە تەواوی ژیانی گۆردرا و بووە پیاوێكی دەوڵەمەند.

ئەو پیاوە ناوی یوشواهوتا گالۆنگە چیرۆكەكەی خۆی بەم شێوەیە بۆ ڕۆژنامەنووسان گێڕایەوە « لە دەرەوەی ماڵەكەم خەریكی دروستكردنی تابووت بووم لە ناكاو گوێم لە دەنگێك بوو كە هەموو ماڵەكەی لەرانەوە ، وەك ئەوەی درەختێكی گەورە ببرنەوە و بیدەن بەسەر ماڵەكەمدا، بە هۆیەوە سەقفی خانوەكەمان ڕووخا ،كاتێك چووینە ژورەوە بەردێكی گەورەمان لە ناوەراستی ژوورەكەدا بینی، بەهۆی ئەو بەردەوە چاڵێك لە ژووەركەماندا دروست بووبوو».

وتیشی «بەردەكە هێشتا گەرم بوو بۆیە ژنەكەم هەوڵیدا بە دەمە خاكەناز بەردەكە لە چاڵەكە دەربهێنێت «.

یوشواهوتا دەڵێت» ئەو بەردە وەك خەڵاتێك وابوو لە ئاسمانەوە، چونكە دوای چەند ڕۆژێك زانیمان كە نەیزەكە و كێشی دوو كیلۆگرام دەبوو، پسپۆرێكی ئەمریكی خەڵكی ویلایەتی ئەریزۆنا بە نرخێكی باش لێی كڕیمەوە و كە دەتوانم بەو پارەیە بۆ ماوەی(30) ساڵ ژیانێكی خۆش بەسەر بەرم».

لەمبارەیەوە پێگەی ( فۆكۆس)ی ئەڵمانی ئاماژەی بەوە داوە، ئەو نەیزەكە دوو كیلۆگرامییە تەمەنی (4) ملیار و (500) ملیۆن ساڵ دەبێت و بەهاكەی بە (یەك ملیۆن و پێنجسەد هەزار)یۆرۆ مەزەندە كراوە.

لە لایەكی ترەوە پسپۆڕان بە بایەخەوە لەو نەیزەكە دەڕوانن و پێیانوایە ڕەنگە ئەو نەیزەكە چەند توخمێك لەخۆ بگرێت كە زانیاریی دەگمەن دەستەبەر دەكات لەبارەی بنەڕەتی ژیانەوە.

پێویستە بوترێت: جگە لە ئاسیا و كیشوەری بەستەڵەكی باشوور، هەندێك ناوچەی ئەفریقاش بە نیشتمانی سەرەكی كەوتنە خوارەوە نەیزەكەكان دادەنرێت لە جیهاندا و لە شوێنێكی وەك مەغریبیش دانیشتوانی ئەو ناوچەیە گەڕان بەدوای بەردە ئاسمانییەكانیان كردووەتە پیشە و ئارەزووی خۆیان دوا نەیزەكیش لە(18)ی تەمموزی ساڵی (2011) لەو وڵاتە كەوتەخوارەوە نەیزەكێكی مەریخیی بووە و مۆزەخانەی مێژووی سروشتییی لە لەندەن بەنرخیێكی زۆر كڕیوویەتییەوە.

سەرچاوە: سپۆتنیك

 391 جار بینراوە