سەرەکی » کەلتوور » ئاگایی، ئەقڵ، مێشک

ئاگایی، ئەقڵ، مێشک

مەحمود شێرزاد

مێشک یان مەغزی مرۆڤ لەگەڵ زەین یان ئەقڵ دوو شتی لێکجیاوازن، پەیوەندی ئەم دوانە بە یەکەوە وەک پەیوەندی خۆراک وایە بە گەدەوە. مێشک ئەندامێکی جەستەیی ناو جەستەی مرۆڤە، بەڵام زەین یان ئەقڵ جەستەیی نیە و شریتێکە کەوتۆتە ناو هێلکەی خەرمانەی دەوری لەشی مرۆڤەوە و لە ناو جەستەی کەسەکاندا نیە. ئێمە بەدەست خۆمانە ئەم شریتە پڕ بکەینەوە یان نا، ئەگەر پڕی بکەینەوە دەبین بە خاوەنی ئەقڵ ناکامڵ و تاکەکەسی، بەڵام ئەگەر پڕی نەکەینەوە هەمیشە وەسڵ دەبین بە ئەقڵی گەردوونی کامڵەوە.

پێکهاتەی ئەقڵ
زەین یان ئەقڵ لە سێ بەش پێکهاتووە، یەکەم: بیرباوەڕ، دووەم: داب و نەریت و خووخدەکان، سێیەم وێنا و خەیاڵاتەکان. یانی ئەقڵی هەر کەس ریشەی لەم سێ بەشەدایە، ئەوانیشی لە منداڵییەوە یان بێ بیر لێکردنەوە لە خێزان و کۆمەڵ وەرگرتوون، یان بەرەبەرە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی ئاگایانە خۆی وەریگرتوون. واتە هەموو ئەوەی هەیە لە فەزادایە و مرۆڤ ئاگایی لەسەر هەرکامیان رابگرێ، ئەویان وەردەگرێ. واتە ئایدۆلۆژیاکان، حیکمەتەکان، هەژاری، دەوڵەمەندی، باشی و خراپی، نەخۆشی و لەشساغی و…هتد هەموویان لە فەزادا هەن، بە دەست خۆتە، ئاگاییت لەسەر کامیان رابگری، ئەویان وەردەگری. بۆ نمونە ئەگەر ئاگاییت لەسەر دینێک یان قوتابخانەیەکی فیکری و فەلسەفی رابگری، بەرە بەرە وەریدەگری و پڕ دەبی لەو دین و فەلسەفە و…هتدە و ئەوت لێ دەبێ بە هەقیقەتی پەتی و ئەقڵتی لەسەر دادەمەزرێنی. هەقیقەت لە هەموو بوارەکاندا بەمشێوەیە لای مرۆڤەکان دروست دەبێ. یانی دین، فکر، داب و نەریت و وێناکان هەقیقەت نین، کەسەکە کاتێ وەریاندەگرێ و دەیانکا بە بەشێک لە جەستەی زەینی خۆی، بە هەقیقەتیان دەزانێ و لێی دەبن بە هەقیقەت.

زۆربەی مرۆڤەکان لە رابردوودا پێیان وابوو مێشکیان ئەقڵ بەرهەم دێنێ و ئەقڵیان لە مێشکیانەوە سەرچاوە دەگرێ، لەوانەیە ئێستاش زۆر کەس هەر پێی وابێ مێشکی ئەقڵی بەرهەمدێنێ، بەڵام یۆگییەکان لە هەزاران ساڵ لەوە پێشەوە لە رێگەی دیناوی (شهود) و سڕینەوەی ئەقڵی ناکامڵ و وەسڵبوونەوە بە ئەقڵ و زەینی گەورەی گەردوونییەوە بۆیان دەرکەوتووە کە مێشک زەین و ئەقڵ بەرهەم ناهێنێ، بەڵکو ئەقڵ رێکدەخا، واتە مێشک کەرەستەی رێکخستنی ئەقڵە و ئەوەی وەریدەگرین، ئەو رێکی دەخا و کاری لەسەر دەکا.

لەم روویەوە مێشکمان هەروەک ئەندامە سەرەکییەکانی ترمانە، بۆ نمونە سییەکانمان هەوا بەرهەم ناهێنن، بەڵکو لەشمان هەوا هەڵدەمژێ و دەیدا بە سییەکان و ئەویش کاری لەسەر دەکا. دڵمان خوێن دروست ناکا، بەڵکو لەشمان خوێنی بۆ بەرهەمدێنێ و دڵمان کاری لەسەر دەکا. هەروەها گەدەمان خۆراک بەرهەم ناهێنی، ئێمە خۆراکی پێدەدەین و ئەو کاری لەسەر دەکا و…هتد. رێک مێشکیش بە هەمان شێوە کار دەکا، دوای ئەوەی قۆناغی منداڵیمان تێپەڕاند، ئێمە ئاگادارانە یان نائاگادارانە ئەقڵ یان زەینێکی دیاریکراوی پێدەدەین و ئەو کاری لەسەر دەکا، بۆ نمونە وەک چۆن خۆمان خۆراک هەڵدەبژێرین و دەیخۆین و گەدە کاری لەسەر دەکا، رێک بە هەمان شێوە بیروباوەڕێک، داب ونەریتێک، وێنا و خەیاڵێک هەڵدەبژێرین و جەستەی زەینییمان کە لەناو خەرمانەمان دایە وەریدەگرێ و دەیدا بە لەشی خۆراکیمان (فیزیکی) و لەشمان لەرێگەی دڕکەپەتکەوە دەیدا بە مێشکمان و ئەویش کاری لەسەر دەکا و بەرجەستەی دەکاتەوە و نیشانی دەدا، مێشکمان رێک وەک شاشەی تیڤی کار دەکا، بابەت لە شوێنێکترە و ئەو لێرە لە ژوورەی ئێمەدا نیشانی دەدا. دیارە ئەم بنەمایە بۆ کۆی لەشمان و بوارەکانی دیکەی لەشمان راستە. لەشمان شای تیڤییە، ئێمە خۆمان لەش نین، لەشمان نیشانماندەدا، تۆش کە دەچیتە بەر ئاوێنە خۆتی راستەقینەت نابینی، بەڵکو ئەو لەشە دەبینی کە کەرەستەیەکە بەدەست خودی نادیاری راستەقینەتەوە. تا ئێستا مەگەر یۆگییەکان، دەنا کەس خۆی نەبینیوە، ئەو هەمووە وێنانەی بە کامێراکانمان دەیانگرین هیچی وێنەی خۆمان نیە، بەڵکو ئێمە لەبەر ئەوەی خودی راستەقینەمان نابینین، ئەو جەستەیە بە خۆمان دەزانین.

ئاگایی بێ لایەنە
ئاگایی ئازادە. ئاگایی بێ لایەنە. ئاگایی کاری بەوە نییە لەسەر چی رایدەگری، ئەو شتە باشە یان خراپە. هەر بۆیەش لەسەر هەر شتێک رایگری بۆتی وەدی دێنێ. یانی تۆ ژیانی خۆت، بارودۆخی خۆت بە تەواوی بەدەستی خۆتە. تۆ و بارودۆخەکەت بەرهەمی دەستی خۆتن، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئاگاییت لەسەر ئەم شتانە راگرتووە و ئێستا هەتن. دەتەوێ بزانی وایە یان نا، لەم ساتەوە ئاگاییت بگۆڕە، بۆ نمونە لەسەر لەشساغی رایبگرە و دڵنیا بە لەشت ساغە و بەردەوام بە لەسەری، دوای ماوەیەک لەشت ساغ دەبێ. بەڵام دەبێ ئەم کارە بێ دوو دڵی بکەی. بۆ نمونە ئەگەر بتەوێ دەوڵەمەند بی، یانی ئاگاییت لەسەر دەوڵەمەندی رابگری و بەردەوام بیر لە دەوڵەمەندبوون بکەیتەوە و لە هەمان کاتیشدا دوو دڵ بی و پێت وابێ دەوڵەمەند نابی، لە راستیدا نابی، بۆ؟ چونکە ئاگاییت لەسەر دەوڵەمەن نەبوون راگرتووە.

 82 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*