سەرەکی » وتار » كاروان یاروه‌یس‌ » دانوستاندن چۆن وا دەكرێ؟

دانوستاندن چۆن وا دەكرێ؟

قۆناغی ئامادەیی مام جەلال، كە قۆناغی سەنگینی و كارایی كورد بوو لە بەغدا، گفتوگۆی جددی هەبوون و هەندێك لە كێشەكان چارەسەركران و هەندێكی تریشی بە دانایی مام جەلال؛ نەهێڵدرا بتەقنەوە. لە قۆناغی (پۆست تاڵەبانی)، حەوت ساڵە كێشەكان كەڵەكەتر دەبن و متمانەی نێوان هەردوولاش تا دێت لاوازتر دەبێت.

چواردە ساڵە، مافەكانی كورد لەچوارچێوەی دەستووردایە، گرنگترینیان مادەی (140) و پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان، شایستەكانی پێشمەرگە، شایستە داراییەكان و مافەكانی تری كورد وەك نەتەوەیەكی سەرەكی لە عیراقدا، بەڵام بەداخەوە لانی كەم شەش ساڵە لەوەتەی پەنی «ئابووریی سەربەخۆ» دروستبووە، پرسی یەكەم و كۆتایی نێوان كوردستان و عیراق، بودجە و مووچەیە.

شەش ساڵە دانوستاندنی پچڕپچڕ و بێئەنجام لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، لەبنەڕەتدا، چونكە هەردوولا نیەتی رێكەوتنیان نییە، ناگەنە رێكەوتنی كۆتایی، ئەوەشی جاروبار هەبووەو عیراق شتێك پارەی ناردووە، بە تەكلیفی ئەم وڵات و ئەو وڵات بووەو هیچی تر.

بەداخەوە هێشتا ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە؛ راست نەكراوەتەوە، كە پێیانوایە دۆخی ناوخۆی كوردستان كاریگەریی لەسەر پێگەی كوردستان نییە لە عیراقدا، دەوترێ «با لە كوردستان ناكۆك بین، بەڵام گرنگە لە بەغدا لە پرسە نەتەوەییەكان، یەكدەنگ دەبین».

كوردستان لە ناوخۆدا، وتارێكی یەكگرتووی نییە، لایەنە سەرەكییەكان ناكۆكن لە شێوازی حوكمڕانی و بەرنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی نە لە ئاستی لایەنە سیاسییەكان و نە لە ئاستی حكومەت و پەرلەمانیش نییە بۆ ئەوەی بە وەرەقەیەكی كوردستانی یەكگرتوو، لەگەڵ بەغدا دانوستاندن بكرێت.

لە سەردەمی خەباتی چەكداریدا و لە ناوەڕاستی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا، سەرباری ئەوەی كورد ئەو كات لە شاخ بوو، لەگەڵ رژێمێكی داپڵۆسێنەری وەك بەعسدا چەند جارێك دانوستاندنی كرد، پێكهاتە و وەرەقەی دانوستاندنی وەفدی كوردی زۆر لە ئێستا باشتر بوو، لەكاتێكدا ئێستا سەردەمەكە جیاوازە و كورد وەك قەوارەی هەرێمی كوردستان، وەك بەشێك لە عیراقی فیدراڵ، بەپێی دەستوور دانوستاندن دەكات.

دانوستاندنی شەش ساڵی رابردوو لەسەر بڕینی بودجە، هیچ ئەنجامێكی نەبووە، هەرێمی كوردستان لەم شەش ساڵەدا، نە توانی دەستبەرداری نەوتفرۆشتن بێت بە توركیا و لەگەڵ عیراق رێكەوتن بكات، نە توانیشی خۆی مووچەی خەڵك دابین بكات.

كورد، دەبێت جارێ نەچێت بۆ بەغدا، لەپێشدا هێزە سەرەكییەكان لەگەڵ پارتی، وەك حزبی پێكهێنەری حكومەت و بەرپرسیار لە ئیمزاكردنی رێكەوتنە نەوتییەكان، كۆببنەوەو بەڕاشكاوی پێیبڵێن «ئێمە كە هاوبەش و بەشداری حكومەتین، ناتوانین وا بەردەوام بین لەگەڵتان، تا ئەوكاتەی هەموو شتێك روون دەبێتەوە»، دواتر وەفدێكی خاوەن بڕیار لەپێشدا لەگەڵ لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی عیراق كۆببێتەوە، دواتر لەگەڵ حكومەت بۆ ئەنجامدانی رێكەوتنێكی بنەڕەتی، كە بەیەكجاری دەستەبەری مووچەی خەڵك بكات.

 415 جار بینراوە