سەرەکی » وتار » گه‌وره‌یی تایه‌ر تۆفیق

دیتن

گه‌وره‌یی تایه‌ر تۆفیق

نازم دڵبه‌ند

*هه‌میشه‌ حه‌زم كردووه‌ رۆژی له‌ رۆژان وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی عه‌شقه‌ ده‌نگی (تایه‌ر تۆفیق) به‌ درێژی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵدا بكه‌م. به‌ڵام من سه‌رسام ده‌بووم ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ حه‌زی له‌ خۆده‌رخستن‌و راگه‌یاندن‌و چاوپێكه‌وتنه‌كانی ته‌له‌فزیۆن‌و ئێزگه‌ نه‌بوو ‌و هه‌موو جارێك كه‌ ئه‌و باسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كرده‌وه‌ ده‌یگوت:
(كوڕه‌ ئازاكه‌م ده‌ واز بێنه‌..ده‌مه‌وێ ئه‌و گێله‌ وێژه‌م له‌ كۆڵی ببیته‌وه‌‌و ئه‌تۆش ناوه‌، ناوه‌ شه‌ڕم پێده‌فرۆشی). به‌ڵگه‌شم زۆره‌‌و له‌كاتی خۆیدا ئه‌و ئاماده‌كاریه‌م باسكردووه‌ له‌گه‌ڵ كاك (ناسر حه‌سه‌ن) كه‌ ده‌مانویست كارێكی چاكی بۆ بكه‌ین..ئه‌وجاریش (هه‌ر ره‌فزمان) بۆ هاته‌وه‌.
تا رۆژ گه‌یشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی رۆژێكیان له‌ ساڵه‌كانی حه‌فتاكان بوو، برای ئازیزم (جیهانبه‌خش كۆیی) كه‌ ئه‌وسا كه‌ تۆمارگه‌ی (خه‌یام) ی هه‌بوو به‌رامبه‌ر قه‌ڵاتی هه‌ولێرێ. كاك (تایه‌ر) له‌ دوای مێزه‌كه‌ی ژوره‌كه‌ی تۆمارگه‌كه‌ دانیشتبوو ‌و كاك (جیهانبه‌خش) یش به‌دزییه‌وه‌ ته‌سجیلێكی ئاماده‌كردبوو ‌و به‌جۆرێك له‌ ئیشاره‌ته‌وه‌ش به‌منی گوت:
(پرسیاری لێبكه‌) منیش كه‌وتمه‌ پرسیار كردن لێی‌و ئێستا به‌بیرم نایه‌ته‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند له‌م گفتوگۆیه‌ تۆمار كراوه‌‌و ئێستاش له‌ ئه‌رشیفی كاك (جیهان) پارێزراوه‌‌و به‌بێ ئه‌وه‌وی ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ پێی زانیبێ، چونكه‌ من دڵنیام ئه‌گه‌ر بیزانیایه‌ ره‌نگه‌ دڵگیر ببایه‌).
*تازه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا گه‌ڕابۆوه‌. پێش نیوه‌ڕۆیه‌كی هاوینێ بوو. من به‌به‌رده‌می دوكانه‌كه‌ی (عه‌دێ بوز فرۆش) تێپه‌ڕیم. له‌ناكاو ده‌نگی كاك (تایه‌ر)م هاته‌ گوێ بانگی كردم. ئاورێكم دایه‌وه‌ له‌ناو دوكانه‌كه‌ له‌ ته‌نیشیت مام (عه‌دێ) دانیشتبوو.منیش زۆر به‌شه‌وقه‌وه‌ به‌ره‌و رووی چووم‌و ده‌ستم له‌ ملی كرد، به‌ڵام ته‌ندروستی زۆر باش ببوو.هیوام خواست ئاگاداری خۆی بێت‌و گوێرایه‌ڵی دكتۆره‌كانی ئه‌وێ بێ‌و پێم گوت: ده‌بوایه‌ نه‌هاتبایه‌وه‌، چونكه‌ له‌وێ ده‌حه‌سایه‌وه‌.
-به‌خوای بێ عه‌قڵی كه‌س له‌ وڵاتی غه‌ریبی ده‌حه‌سێته‌وه‌..كاكه‌ ئه‌وێ به‌ كه‌ڵكی من نایێ..ئه‌گه‌ رۆژێ (ره‌سول گه‌ردی‌و ئه‌حمه‌د ئاكۆ‌و ئه‌و پیاوه‌ ‌و ئه‌نگۆ نه‌بینم) له‌كێ بینایم دێت..به‌ڵام له‌وێ ئه‌تۆم به‌بیرهاته‌وه‌ رۆژێكیان كاك ئه‌نوه‌ر(پێده‌چێ مه‌به‌ستی كاك ئه‌نوه‌ر دزه‌یی برای هونه‌رمه‌ند هۆمه‌ری دزه‌یی بووبێ) هاته‌ لام گوتی:
(ئه‌رێ تایه‌ر هه‌ندێ براده‌ری جووله‌كه‌ی كورد لێره‌ن..پێموایه‌ یه‌ك، دوانێكیان به‌ ئه‌سڵ خه‌ڵكی كۆیه‌-ن له‌ رۆژنامه‌‌و رادیۆ‌و ئه‌و شتانه‌ ئیشێ ده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێ چاوپێكه‌وتنێكت له‌گه‌ڵدا بكه‌ن) گوتم: ئه‌نوه‌ره‌ له‌ هه‌ولێرێ گه‌نجه‌ك هه‌یه‌ له‌و شتانه‌ كارده‌كات وازم لێناهێنێ.لێره‌ش ئه‌تۆ(جووله‌كه‌)م به‌سه‌ر وه‌رده‌كه‌ی.. ئه‌گه‌ر شه‌رابی باشیان هه‌یه‌ بابێن ئه‌گه‌ر نا وه‌ڵڵا هی تاقه‌تی چاوپێكه‌وتنانم نیه‌.
*جارێكیش هونه‌رمه‌ند (سابیر عه‌بدولره‌حمان) گێڕایه‌وه‌‌و گوتی:
گه‌وره‌یی ئه‌و پیاوه‌ له‌وه‌دا بوو له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا ئه‌وه‌ی بیویستایه‌ بۆیان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و هه‌میشه‌ نه‌فه‌س به‌رزی خۆی به‌هیچ شتێكی له‌مانه‌ نه‌ده‌گۆڕیه‌وه‌.
كردبوویانه‌ لێپرسراوی (هۆڵی گه‌ل) له‌ هه‌ولێر بێگومان ئێمه‌ به‌شانازییه‌وه‌ فه‌رمانبه‌ری ئه‌و بووین، ئه‌و هه‌موو ئاهه‌نگه‌ له‌م هۆڵه‌دا ساز ده‌كرا‌و ئه‌و لێپرسراوانه‌ ده‌هاتن، رۆژێ له‌ رۆژان ئاماده‌ نه‌بوو بچێته‌ پێشوازی هیچ یه‌كێك له‌مانه‌‌و هه‌میشه‌ له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی نه‌ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌).
ئه‌وه‌بوو سه‌ربڵندی ئه‌م پیاوه‌ تا مه‌رگیش راپێچی كرد ئاماده‌نه‌بوو ئه‌م گه‌وره‌ییه‌ی خۆی بدۆڕێنێ.

 452 جار بینراوە