سەرەکی » زانست » جیف بیزوس چۆن (amazon)ی دامەزراند؟

چیرۆكی سەركەوتن

جیف بیزوس چۆن (amazon)ی دامەزراند؟

بەشی یەكەم

دامەزراندنی كۆمپانیای ئەمەزۆن كە ئێستا بەیەكێك لە كۆمپانیا هەرە بەناوبانگەكان دادەنرێت و بە گەورەترین دوكانی ئۆنلاین دادەنرێت لە سەرانسەری جیهاندا، چیرۆكی خۆی هەیە كە لێرەدا ئاماژەی پێدەدەین.

هەموو مرۆڤێك لە ژیانیدا هەندێك جار تووشی شكست دەبێت، بەڵام هەندێك دەتوانن ئەو شكستە بقۆزنەوە و بیكەنە ئامڕازێك بۆ سەركەوتن، یەكێك لەوانە(جیف بیزوس)ی دامەزرێنەری كۆمپانیای زەبەلاحی(ئەمەزۆن)ە.

ئەم كۆمپانیایە كە بە گەورەترین دوكانی ئەلكترۆنی دادەنرێت لە لایەن جیف بیزوسەوە دامەزراوە كە ناوی ڕاستەقینەی (جیفری برینستون یۆرگنسن)ە وبە (جیف بیزوس) ناسراوە.

ئەم پیاوە پسپۆڕی كۆمپیوتەر و بازرگانێكی گەورەی ئەمریكییە، دامەزرێنەر و سەرۆك و بەرێوەبەری جێبەجێكار و سەرۆكی ئەنجومەنی بەرێوەبەردنی (amazon.com)ە.

جیف بیزۆس لە (12ی كانونی دووەمی 1964) لە ویلایەتی ( ئەلباكركی) نیو مەكسیكۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدایك بووە.

بیزوس مناڵ بووە كە دایك و باوكی لەیەكتر جیابوونەتەوە و زۆتر لەگەڵ دایكی ژیاوە، لەبەرئەوەی منالێكی زیرەك بووە قۆناغەكانی خوێندنی بە سەركەوتوویی بڕیوە و دوای ئامادەیی چووەتە زانكۆی بریستۆن بۆ خوێندنی كۆمپیوتەر، لە ساڵی 1986دا بروانامەی زانكۆی بە پلەی شەرەف بەدەستهێناوە و بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری كارەبا و زانستی كۆمپیوتەردا بەدەست هێناوە .

بیزوس هەر لە مناڵییەوە گرنگیی زۆری بە ئەندازیاریی و زانست داوە، لە گوتاری ڕۆژی دەرچوونی لە ئامادەییش ئاماژەی بە دروستكردنی كۆلۆنیال كردووە لە فەزای دەرەوەی زەوی، كاتێك لە زانكۆش بووە سەرۆكی دەستەی خوێندكارانی زانكۆ بووە بۆ كاری دۆزینەوە لە فەزادا.

لە دوای دەرچوونی لە زانكۆ ڕاستەخۆ لە چەند دامەزراوەیەكی( وول ستریت) كاری كردووە و هەلی كاری لە (Fitel Bankers Trust)دەستكەوتووە و لە ساڵی (1990) وەك شیكەرەوەی دارایی لە كۆمپانیای وەبەرهێنانی(D.E. Shaw) وەك بچووكترین جێگری سەرۆك كاری كردووە، دوای چوار ساڵ و لە (1994) دا بریاریداوە كاری تایبەتی خۆی بكات كە ئەو كاتە تەمەنی (30) ساڵ بووە و بڕیاریداوە دوای خەونەكانی خۆی بكەوێت.

لەو كاتەدا چەند ئامارێك دەبینێت كە باس لە گەشەی خێرای ئینتەرنێت دەكەن بەتایبەتیش لە یەكێك لە ئامارەكاندا ئاماژە بەوە دراوە كە تۆرەكانی ئینتەرنێت لە ماوەی ساڵێكدا بە رێژەی (%2400)گەشەیان كردووە.
بیزوس دەڵێت» بڕیارم دا هەوڵ بدەم و لەو بڕوایە نەبووم كە پەشیمان ببمەوە لە هەوڵدان و شكستهێنانم، دەشترسام لەوەی هەمیشە جۆرێك لە دلەراوكێم هەبێت»

دامەزراندنی كۆمپانیای ئەمازۆن
لە ساڵی (1995)دا بیزۆس كۆمپانیای ئامازۆن لەسەر تۆرسی ئینتەرنێت دامەزراند و ناوەكەشی لە ڕوباری (ئەمازۆن)ەوە وەرگرت كە بە گەورەترین ڕوباری جیهان دادەنرێت و ئەویش خەونی ئەوە بوو كە كۆمپانیاكەی ببێتە گەورەترین كۆمپانیا لە جیهاندا، بیرۆكەی یەكەمیشی بریتی بوو لە فرۆشتنی كتێب، هەرچەندە زۆر كەس گومانی هەبوو لە سەركەوتنی پرۆژەكەی، بەڵام ئەو پێگە ئینتەرنێتییە سەركەوتنێكی باشی بەدەستهێنا و لە ساڵی (1997)دا پێگەكەی بووە پێگەیەكی جیهانیی.لۆگۆی كۆمپانیاكەشی بریتیە لە ناوی ئەمازۆن و هێڵێك لە شێوەی تیر لە پیتی یەكەمی ناوەكەوە هاتووە كە پیتی (A)یەوە درێژ بووەتەوە بۆ پیتی (Z) واتە بەپێی ئەلفبێی ئینگلیزی ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دەبێت ئەم دووكانە ئەلكترۆنییە هەموو شتێكی هەبێت وەك ئەوەی دەوترێت لە(A)كە پیتی یەكەمە بۆ(Z) واتە پیتی كۆتایی و ئامانجیشی ئەوە بوو كە كریار لێی رازیی بێت.

 

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 

 282 جار بینراوە