سەرەکی » ئاراستە » لە یادی 25 ساڵەی شەهیدبوونی حەمەفەرەج هەورامیدا

لە یادی 25 ساڵەی شەهیدبوونی حەمەفەرەج هەورامیدا

لهۆن حەمەفەرەج*

شەهیدی فەرماندە فەرەج محەمەد بابا ناسراو بە حەمە فەرەج هەورامی، ساڵی 1949 ‌‌‌‌لە شارۆچكەی تەوێڵە لەدایك بووە، لەتەمەنی شەش ساڵیدا خراوەتە بەرخوێندن.

كاتێك دەبێتە كوڕەلاوێكی پێگەیشتوو، وەك هەر ڕۆڵەیەكی دیكەی كوردستان هەستی بە ستەمی سەر گەلەكەی و داگیركراوی خاكەكەی كردووە، بۆیە ساڵی 1967 لە شۆڕشی ئەیلولدا دەبێتە پێشمەرگە و پاشان پلەی سەرپەلی پێدەدرێت.

بەردەوام بووە لە خەبات و زۆر دڵسۆزانە و قارەمانانە وەك لاوێكی خوێن گەرم و دەروون پاكی ئەو كاتە بەشداری زۆربەی شەڕەكانی سنوورەكەی خۆی كردووە، تا هەرەسی شۆڕشی ئەیلول بەردەوام بووە لە خەبات.

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا لە ساڵی 1976 پەیوەندی كردووە بە رێكخستنەكانی ی.ن.ك-ەوە، چالاكانە ئەركەكانی رێكخستنی بەڕێوەبردووە و چەندین چالاكی گەورەی بەنهێنی ئەنجامداوە لە دژی ڕژێمی ئەوسای داگیركەری عیراق، ساڵی 1981 خەباتی شارو شاخی پێكەوە گرێداوە و بۆتە پێشمەرگە لە تیپی 11ی هەورامان، لەبەر ئازایەتیی و لێوەشاوەیی و قارەمانێتی، هەرزوو پلەی پێشمەرگایەتی پێدراوە و كراوە بە فەرماندەی مەفرەزە و دواتر جێگری فەرماندەی كەرت و دوای ئەوەش فەرماندەی كەرت. لە سەر داوای خۆی گوازراوەتەوە بۆ سنووری تیپی 55ی قەرەداخ و لە ساڵی 1988دا كراوە بە بە جێگری فەرماندەی تیپی 55ی قەرەداخ.

لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991دا رۆڵێكی باڵاو كاریگەری هەبووە لە پاككردنەوەی شار و شارۆچكەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و كەركوك، هەر لەو ساڵەدا كراوەتە فەرماندەی بەتالیۆن، لە ‌دامەزراندنی سوپای یەكگرتوی كوردستاندا بۆتە فەرماندەی فەوج لە قیادەی مەنتیقەی سلێمانی، دوای ئەوەش كراوەتە فەرماندەی فەوجی 3ی لیوای سلێمانی.

لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداری شەڕەكانی (زۆزگ و سەرتیز و شارەزور و گڵەزەردە و شێختەوێڵ و سەركردایەتی و دەشتی كۆیە و كونە كۆتر و زوربەی شەڕ و داستانەكانی تری كردووە، لە ماوەی 25ساڵی خەباتیدا سێجار بە سەختی بریندار بووە.

بەداخەوە، ڕۆژی4/1/1995 لە نەبەردییەكدا لە گوندی دارولسەلامی سنووری گەڵاڵە، گیانی پاكی بەخشییە كوردستانەكەی و گەیشتە كاروانی سەروەران.

*كوڕی شەهید

 415 جار بینراوە