سەرەکی » ئاراستە » خالید سیاوی شەهیدی داستانی كونەكۆتر

خالید سیاوی شەهیدی داستانی كونەكۆتر

حەیدەر مەنتك

بێگومان زۆربەمان داستانی كونەكۆترمان بیستووە كە ئەوێ‌ رۆژێ‌ پێشمەرگەكانی یەكێتی بە ئینتماو باوەڕێكی پۆڵاینی شۆڕشگێڕانەی بەهێزەوە سینگی خۆیان كردبووە قەڵغان بۆپاراستنی كونەكۆترو گشت لوتكەو چیاو پێدەشتەكانی كوردستان.

خەباتی رزگاریی هەموو گەل و وڵاتێك ئەوانە دەیكەن كە بە دەگمەن خۆیان ئەنجامەكەی دەبینن و لەسایەی بەرهەمەكەیدا پشوویەك دەدەن، بەڵكوو كەسانێك بەرهەمەكەی دەدورنەوە ساردی وگەرمییەكی ئەوتۆی رۆژانی سەختی خەباتیان نەچەشتووە.

یەكێك لەو شەهیدانەی كە خوێنی خۆی كردە قوربانی تا میللەتەكەی رزگارببێت لە زوڵم و چەوسانەوەنەوەی داگیركەر، شەهید خالید ئیسماعیل خدرسیاوییە، شەهید پێشمەرگەیەكی ئازای كەرتی چواری كەندێناوەی دوژمن تۆقێن بوو لە تیپی 87ی قەرەچوغ.

پێشمەرگەیەكی قارەمان وتێكۆشەری دەشتە كاكی بەكاكیەكەی كەندێناوە بوو، لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا بەشداریی زۆربەی شەڕەكانی سنووری تیپەكەی كردووە، بەڵام بەداخەوە تەمەنی پێشمەرگایەتی نەگەیشتە سێ‌ ساڵ، لە داستانە خوێناوییەكەی كونەكۆتردا گەیشتە كاروانی هەمیشە نەمران.

ژیاننامەكەی
شەهید خالید ئیسماعیل خدر ئۆمەر ناسراوبە خالید سیاوی، لە دایكبووی ساڵی 1964ی گوندی (سیاو)ە.

دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە، ساڵی 1983 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ساڵی 1986 بووە بە پێشمەرگە لە كەرتی سێی تیپی12ی سۆران، دواتر گواستراوەتەوە بۆ كەرتی شەشی تیپی 87ی قەرەچوغ، پاشان گواستراوەتەوە كەرتی چواری هەمان تیپ.

لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا بەشداریی زۆربەی شەڕەكانی سنووری تیپی 87ی قەرەچووغی كردووە، لەوانە: لێدانی سەربازگەی قاتعی ئەبوجەعفەرمەنسور، گرتنی دێگەڵە، گرتنی تەقتەق، گرتنی سەری رەش، لێدانی ساقیە، داستانی دابان- هەلاج، شەڕی بنەباوێ‌، شەڕی جادەی مەخمور، لێدانی رەبایەكانی جادەی كەركوك، لە كاتی گرتنی ناحیەی تەقتەقدا برینداركراوە.

رۆژی 3/9/1988 لە داستانی كونەكۆتردا شەهیدكراو گەیشتە كاروانی سەروەران.

 86 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*