سەرەکی » کەلتوور » عەلی بەگەکەی دەزگای ھاوکاری و فەلسەفەی شکو ماکو؟!

روانینئ دوێنێ و خوێندنەوەی ئەمڕۆ

عەلی بەگەکەی دەزگای ھاوکاری و فەلسەفەی شکو ماکو؟!

عەبدوڵڵا عەباس

(عەلی بەگ)، یادی بەخێر، خەڵکی ھەڵەبجە بوو، خەبەردارنیم ماوە یان چۆتە جێی حەقی خۆی، لە ئەساسدا کەبابچیەکی بەناوبانگ بوو لە یانەی سەڵاحەدینی تایبەت بە کوردانی بەغدا، 1974 کە دەزگای (ھاوکاری) چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی دامەزرا، ئەو بە (فەراش) تەعینکراو تایبەت کاری خزمەتی بەرێوەبەری دەزگاکەبوو، ئەم کابرایە لەو کەسانەبوو کە ئەکرێ بە شەخسیەتی تایبەتی خاوەن عالەمی تایبەت بەخۆی باس بکرێ، 24سەعات (چارەک)ە عەرەقی مەستەکی لە گیرفانی چاکەتەکەیدابوو، ھەرکاتێ مەزاجی داوای ئەکرد ئەچووە پەنایەکەوە و (قومێکی) لێ ئەدا، ئەم خووە نهێنی نەبوو، لە یانەی سەڵاحەدین دەست و پەنجەی کەباب لێدانی بەلەزەت و لە دائیرە دڵسۆزی و قسەخۆشیی بۆی پۆشیبوو، کاک ئەمین شوانی رۆشنبیرو رۆژنامەنووسی ناسراو و برادەرم و بەندە نزیکترین کەسانێ بووین ئەماندوان و ئەماھێنایە قسە، حیکایەتی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە ئەزەلیە شەعبیەکەی بەغداییەکان (شکو ماکو ….؟) وەڵامی بەقەدەر سەیری پرسیارەکە ناوی دەرکردبوو، کەپۆستەی لای مدیر عامەوە بۆ ئەھێنام ھەرخۆی ئەکرد بە ژوورەکەما لێم دەپرسی :

ھا علی بەگ شکو ماکو (چی ھەیە چی نییە ؟)…یەکسەر وەڵامی ئەدایەوە

مامۆستا ئەکو شی ماکو شی …کلە نفس شی ….! (چی ھەیە چی نییە …. ھەمووی وەک یەکە….!)

لەبیرمە رۆژێ لێمان پرسی : مدیرعامیش بە (بەگ) بانگ ئەکرێ و تۆش علی بەگ … دووبەگی مونافیسن یان ئاساییە، وتی : نا … ئەو دڵنیایە من (بەگە رووتەم ….!!!) لەمونافەسەی من ناترسێ …

کە (سەدام حسەین) بوو بە سەرۆک کۆمار، کاری رەسم دانانی لە ژوورەکانی دام و دەزگاکاندا پەڕیەوە بۆ ھەڵواسین یان دانانی رەسمی گەورەی لە ڕێ رەوکانی دائیرەکاندا، دەزگاکەی ئێمە ھێشتا لە ساحەی (ئەلخەلانی) بوو بینایەکە چوار قات، لە رێرەوی ھەر قاتێکا رەسمێکی زەبەلاحی لە شووشەگیراو لەسەر سێپایەکی تەختە دانرابوو، رۆژێ عەلی بەگ بەریدی بۆ ھێنام، کە ھاتەلام بەقسە و جوڵانەوەیا دیاربوو چەند قومێ زیاتری خواردۆتەوە، کە بەریدەکەی لەسەر مێزەکەم دانا و ویستی بڕوات لەترێکی دا خەریک بوو بکەوێ و خۆی گرتەوە، دوای چوونە دەرەوەی بەتۆزێ گوێم لە دەنگی کەوتن یان شکاندن بوو لەگەڵ ھاوارێ، کە چوومە دەرەوە تەماشا ئەکەم رەسمە زەبەلاحەکەی (رەئیس) کەوتووە و وردەشووشە پەرشوبڵاوبۆتەوە عەلی بەگ پارچە شووشەکان کۆئەکاتەوە، قۆڵیم گرت پەنجەکانی خۆێناوی بووبوون … سەیرێکی کردم و دەستێکی بۆ رەسمەکە کێشا و وتی

زۆر سەیرە من سەرخۆشم کەچی رئیس لەخۆیەوە کەوت بەعەرزا … بزانە مامۆستا ناڵێم کلە نفس شی ……؟!!!
ئەم جۆرە مرۆڤە دڵ ودەروون و ھەست پاکانە، لەرۆژانێکا تەمی خومشێوان، وادنیا دێنێتە بەرچاو، خەڵکی بێ ورە یان دەمودەست بەسراو ئەکات یان ھەلێ ئەخلیسکێنێ، بەڵام لەو رۆژگارانەدا بۆ ئێمەی گیرەوەبووەکانی رۆژگاری تاریکی ھان دەدا، بەرچاو روون بڕوانینە سبەینێی ژیان، فەلسەفەی عەلی بەگ (کلە نفس الشی …!!) زۆر جار بیرمان دەخاتەوە کە : ئەوەی گیرەوەمان دەکات …ھانمان ئەدات بە ئاقڵانە و ورە بەرز لە کۆتایی ھەموو تونێلێکا، نەک تروسکە بەڵکو رووناکی گەش ببینرێ …!!!

•دوا قسە:

ئەوەی کە وەفای بۆ دوای خۆی نەبێ
ئیتر تۆ دەبێ ھیوای چیت پێی بێ..؟
سیاسەت پیشەی ئاغای بێ ریشە
بۆیە گەلێ پیاو بێ ئیش و ریشە..!

پیرەمێرد

 74 جار بینراوە