سەرەکی » وتار » ستایشه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال و دوو بیره‌وه‌ری‌

له ‌یادی‌ كوردستانی‌ نوێ‌دا

ستایشه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال و دوو بیره‌وه‌ری‌

‌مه‌ریوان مه‌سعود

(1)

25 ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ لای‌ خۆمه‌وه‌ بڕیارمدا چه‌ند هه‌واڵێكی‌ هونه‌ری‌ له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ ته‌رجه‌مه‌ بكه‌م بۆ كوردی‌ و بیبه‌م بۆ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌، ئه‌وكات ته‌مه‌نم 18 ساڵ بوو، به‌ ترسێكی‌ زۆره‌وه‌ چووم بۆ باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ رۆژنامه‌كه‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر ، و چه‌ند مانگێك پێش 31ی‌ ئابی‌ 1996 بوو، له‌ پرسگه‌كه‌وه‌ ناردیانم بۆ ژووری‌ هه‌مه‌ره‌نگ و هونه‌ر له‌وێ‌ سێ‌ كاراكته‌رم بینی: ئیسماعیل به‌رزنجی‌ و سه‌عدوڵڵا په‌رۆش و (ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د)، دوای‌ سڵاو، به‌رزنجی‌ به‌ رووه‌ خۆشه‌كه‌یه‌وه‌ وتی‌: وه‌ره‌ برام چیت بۆ هێناوین، منیش دوو هه‌واڵی‌ هونه‌ریم له‌ گۆڤاره‌ عه‌ره‌بییه‌كان ته‌رجه‌مه‌ كردبوو (ئه‌و كات ئینته‌رنێت نه‌بوو)، سه‌رچاوه‌ ئه‌صڵه‌كه‌شم هێنابوو، كاك ئیسماعیل به‌ شه‌فافی‌ پێی‌ وتم: (كاكه‌ ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ‌ بابه‌ته‌كانت بڵاوبوونه‌وه‌، ئه‌وه‌ شته‌كانت باشه‌و به‌رده‌وام به‌، ئه‌گه‌ر بڵاویش نه‌بۆوه‌ خۆت ئه‌زیه‌ت مه‌ده‌و واز له‌و كاسبیه‌ بێنه‌ بۆ ئێمه‌ !!).

ئیتر چاوه‌ڕوانی‌ تا به‌یانی‌ زۆر ناخۆش بوو، بۆیه‌ ئه‌و شه‌وه‌ بوو به‌ شه‌وی‌ یه‌ڵدا بۆ من و رۆژ نه‌ده‌بۆوه‌.. وه‌كو ده‌ڵێن سبه‌ینێ‌ شه‌به‌قی‌ چووم جریده‌یه‌كم كڕی‌ و یه‌كسه‌ر سه‌یری‌ دوالاپه‌ڕه‌م كردوو بابه‌تێك دابه‌زیبوو.. ئیتر له‌ خۆشیاندا نه‌مده‌زانی‌ چی‌ بكه‌م.. ئه‌وه‌ش بوو به‌سه‌ره‌تای‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانیم…

(2)

به‌سه‌رهاتی‌ دووه‌مم له‌ كوردستانی‌ نوێ‌، یادی‌ به‌خێر له‌گه‌ڵ مام جه‌لال بوو، ساڵی‌ 2012 پێش نه‌خۆش كه‌وتنه‌كه‌ی‌، ته‌له‌فۆنێكم له‌ سكرتاریه‌تی‌ مام جه‌لال بۆ هات، وتیان فڵانه‌ رۆژ تۆ له‌گه‌ڵ چه‌ند رووناكبیرو ئه‌دیبێك ده‌عوه‌تی‌ مام جه‌لالن و ده‌عوه‌ته‌كه‌ش له‌سه‌ر شه‌ره‌فی‌ (شێركۆ بێكه‌س)ی‌ شاعیر بوو، دیار بوو مام جه‌لال ئاشتی‌ كردبۆوه‌و حه‌زی‌ كرد ده‌عوتێكی‌ بۆ بكات… ئه‌وه‌بوو مام وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكردو باسی‌ رۆڵ و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی‌ بێكه‌سی‌ كرد… دواتر پێش نانخواردن وێڕای‌ ره‌سم گرتنی‌ میوانان له‌گه‌ڵ مام جه‌لال، هه‌ر یه‌كه‌و چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك ده‌چووه‌ كورسیه‌كه‌ی‌ ته‌نیشت مام و سڵاو و خۆناساندنی‌ خۆی‌ ده‌كرد، ئیتر پێش ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌ی‌ من بێت یه‌كێك له‌و میوانانه‌ چوو، مام به‌ قسه‌كردنه‌كه‌ی‌ بێ‌ تاقه‌ت بوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م گوێ‌ لێبوو وتی‌: ئێستا كه‌ی‌ وه‌ختی‌ ئه‌وه‌یه‌ .. ئیتر لێتان ناشارمه‌وه‌ كه‌ من چووم هیچم بۆ نه‌وترا چونكه‌ مام-یان بێ‌ تاقه‌ت كردبوو.. دوای‌ سڵاو.. (دیاره‌ مام جه‌لال منی‌ ده‌ناسی‌ و ده‌یزانی‌ كادیری‌ كوردستانی‌ نوێم) یه‌كسه‌ر وتی‌ هه‌ر له‌ كوردستانی‌ نوێیت؟ ئێستا چ لاپه‌ڕه‌یه‌كت لایه‌؟ منیش ئه‌و كاته‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ پاشكۆی‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بووم، یه‌كسه‌ر وتم (ئه‌ده‌ب و هونه‌ر)، بێ‌ وه‌ستان مام به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ه‌ وتی‌: ئافه‌رین… ژماره‌ی‌ ئه‌خیرتان زۆر به‌ دڵم بوو چونكه‌ ره‌سمێكی‌ دڵزاری‌ شاعیرتان گه‌وره‌ كردبوو و بابه‌تێكی‌ باشیشتان له‌سه‌ر نووسیبوو… ئیتر من زۆر دڵم خۆش بوو، چونكه‌ له‌كاتی‌ نانخواردنه‌كه‌ش مام چه‌ند جارێك موجامه‌له‌و قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كردم و به‌ كاك شێركۆ بێكه‌سی‌ وت: ئه‌م كوڕه‌ رۆژنامه‌نووسێكی‌ باشه‌… ئیتر من زۆر به‌ دڵ خۆشی‌ له‌و ده‌عوه‌ته‌ گه‌ڕامه‌وه‌و یه‌كسه‌ر بۆ كاك ستران عه‌بدوڵڵا-ی‌ سه‌رنووسه‌ری‌ ئه‌و كاتم گێڕایه‌وه‌و ئه‌ویش وتی‌: راسته‌، دڵزاری‌ شاعیر زۆر ره‌فیقی‌ مام جه‌لاله‌ و زۆری‌ خۆشده‌وێ‌..

 81 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*