سەرەکی » دۆسێ » ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە عیراق

بەشی نیو ملیۆن كەس دەكات

ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە عیراق

بۆ ساڵێك دەچێت، عیراقیش هاوشێوەی وڵاتانی تر، گیرۆدەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە بۆتە مایەی شەكەتكردنی ئابوری وڵات و دروستكردنی كێشەی تەندروستی لە وڵاتدا، بەوو پێیەی سەدان هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و دەیان هەزار كەسی تریش بەهۆی پەتاكەوە لە وڵاتدا گیانیان لەدەستدا كە بۆ یەكەمجار لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2019 لە شاری وۆهانی هەرێمی هۆبی وڵاتی چینەوە سەریهەڵدا.

وادەی گەیشتنی ڤاكسینەكە بۆ عیراق
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق، وادەیەك بۆ گەیشتنی یەكەم وەجبەی ڤاكسینی فایزەر كە لەم ماوەیەی دواییدا لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانەوە پەسەند كرا، بۆ عیراق رادەگەیەنێت و دەڵێت، بەشی نیو ملیۆن كەس هاووڵاتی دەكات.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیر اق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە 3ی كانوونی دووەمی 2021 رایگەیاند»لە چوارچێوەی ئامادەكاریی بۆ وەرگرتنی پشكی خۆی لە ڤاكسینەكانی كۆرۆنا و بەپێی ئەو پێوەرانەی لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانەوە راگەیەندراوە، عیراق بەڵێننامەی ئیمزاكردووە».

بە وتەی بەدر»عیراق بەشێكە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڤاكسینەكان، گەر ڤاكسینێكی تر پشتی پێبەسترا جگە لە فایزەر، ئەوا عیراق پشكی لەوەشدا دەبێت، پێشبینیش دەكەن ڤاكسینی تر لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسەند بكرێت».

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق دەڵێت»ئەوانەی لە سەرەتاوە ڤاكسینەكە وەردەگرن، كارمەندانی پزیشكی و تەندروستی، و هێزە ئەمنییەكان، ئەو توێژانەی مەترسیان لەسەرە كە بەساڵاچوان دەگرێتەوە، وێڕای ئەوانەش كە كێشەی تەنگەنەفەسییان هەیە».

لەبارەی وادەی گەیشتنی یەكەم وەجبەی ڤاكسینی فایزەر، بەدر وتی»لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا ڤاكسینەكە لە عیراق فەراهەم دەبێت و بەشی نیو ملیۆن هاووڵاتی دەكات، ئەمەش بەشێوەیەكی مەبدەئی چەسپێنراوە».

سەیف بەدر پێیوایە»رەنگە جگە لە فایزەر گرێبەستی تر بكرێت لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كە ڤاكسینی كۆرۆنا بەرهەم دەهێنن و لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە ڤاكسینەكەیان پەسەند دەكرێت».

رەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینەكە
وەزارەتی تەندروستی عیراق لە 27ی كانوونی یەكەمی 2020، رەزامەندی لەناكاوی بۆ بەكارهێنانی دوو جۆری ڤاكسینی كۆرۆنا (ڤایزەر و بیونتك) دەركرد بە مەبەستی كۆنتڕۆڵ كردنی پەتاكە.

دەستەی نیشتمانی بۆ بەكارهێنانی دەرمان، كە سەر بە وەزارەتی تەندروستی عیراقە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»لەچوارچێوەی هەوڵەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیاریانداوە بە بەكارهێنانی هەردوو ڤاكسینی (ڤایزەر)ی ئەمریكی و (بیونتیك)ی ئەڵمانی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی پەتاكە لە وڵاتدا».

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»تا ئێستا بەهۆی ڤایرۆسەكەوە زیاتر لە 590 هەزار كەس تووشی پەتاكە بوون و زیاتر لە 12 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی عیراق دەڵێت»ئەنجوومەنی وەزیران لە 22ی ئەم مانگە ڕەزامەندی بۆ خەرجكردنی بڕی 3 ملیۆن دۆلار دەربڕی بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا وەك بەشی یەكەمی پارەی تەرخانكراو، كە 15 ملیۆن دۆلارە».

پێشتر حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عیراق ڕایگەیاندبوو، بڕی 16 ملیۆن ژەمی ڤاكسینی كۆرۆنا هاوردە دەكەن و لەئێستاوە دەست دەكەن بە ڕاهێنانی كارمەندانی تەندروستی لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینەكە.

كڕینی ڤاكسینەكە
حكومەتی عیراق لە 21ی كانوونی یەكەمی 2020، گرێبەستی كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنای لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر ئیمزاكرد.

حكومەتی عیراق گرێبەستی كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنای لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر ئیمزاكرد و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش ڕایگەیاندبوو كە سەرەتای ساڵی داهاتوو ڤاكسینەكە دەگاتە وڵات.

د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق لەو دەمەدا رایگەیاندبوو:”بە رەسمی گرێبەستی دابینكردنی ملیۆنێك و 500 هەزار ژەمی ڤاكسینی كۆرۆنای لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر ئیمزاكرا و بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو بگاتە عیراق، كە بەشی هەرێمی كوردستانیش لە ڤاكسین پارێزراوە”.

پێشتر وەزیری دارایی عیراق رایگەیاندبوو ، وەزارەتی تەندروستی نیو ملیار دۆلاریان بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا تەرخان كردووە.

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە 19ی كانوونی یەكەمی 2020 لە كۆبوونەوەی لەگەڵ میدیاكارانی عیراق رایگەیاندبووە، 550 ملیۆن دۆلاریان بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخان كردووە تاكو ڤاكسینی كۆرۆنای پێ بكڕن.

بەر لەوەش بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایانگەیاندبوو، ملیۆن و نیوێك ژەمە ڤاكسین لە كۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێك دەكڕن.

لە 25ی كانوونی یەكەمی 2020، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عیراق ڕایگەیاند، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی ڕەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی بڕە پارەیەك بۆ كڕین و هاوردەكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەربڕیوە.

حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عیراق لە لێدوانێكدا رایگەیاندبوو:» لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی ڕەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی بڕە پارەیەك بۆ كڕین و هاوردەكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەربڕیوە، هەروەها بڕە پارەیەكیش ئێستا لەوەزارەتی دارایی تەرخانكراوە و ئامادەیە بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا».

بە وتەی حەسەن تەمیمی:»ڕۆژانە بەهۆی ڕەچاو نەكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكانەوە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە عیراق ڕوو لەزیادبوون دەكات».

وەزیری تەندروستی و ژینگەی عیراق پێوابوو:» دۆخی تەندروستی عیراق لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و توانیویانە شوێن و ئۆكسجین و چارەسەری پێویست بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دابین بكەن، لە كاتی دابەزینی پلەكانی گەرماش ڕێژەی پشكنینەكانیان زیاتر كردووە».

ڤاكسینی پەسەندكراو هاوردە دەكرێت
وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاندبوو، عیراق هیچ ڤاكسینێكی كۆرۆنا لە هیچ كۆمپانیایەكی جیهانییەوە هاوردە ناكات، تا ئەو كاتەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕەزامەندی لەسەر دەردەبڕێت.

ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتی، تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی لە 11ی كانوونی یەكەمی 2020 بە ئاژانسی رەسمی (العراقیە)ی ڕاگەیاندبوو”وەزارەتەكەیان هیچ ڤاكسینێكی كۆرۆنا لە هیچ كۆمپانیایەكی جیهانییەوە هاوردە ناكات، تا ئەو كاتەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕەزامەندی لەسەر دەردەبڕێت، لەئێستاشدا وەزارەتی تەندروستی چاودێری كۆمپانیا جیهانییەكانی بەرهەمهێنی ڤاكسینەكان دەكات، لە حاڵەتێكدا هەر ڤاكسینێك مۆڵەتی جیهانی وەرگرت، كار بۆ دەستەبەركردنی دەكەن”.

 659 جار بینراوە