سەرەکی » کەلتوور » شارستانی سروشتی و سروشتی شارستانی

شارستانی سروشتی و سروشتی شارستانی

سام گرینسل*

لە فارسییەوە، كوردەوان محەمەد سەعید

شاری دێرینی ئەسكەندەریە هەڵكەوتوو لەسەر كەنار دەریای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرئاوای دەلتای نیل، لە باشوورییەوە دەریاچەی ماریوت كە پێشتر نزیكتر بوو لە شارەوە، بەڵام لە ماوەی سەدەی رابردوودا بچووكتر بۆتەوە‌و كەمێك دووریش كەوتۆتەوە، لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆر لە سنووری دەریاچەكە بۆ كشتوكاڵ سوودی لێ وەرگیراوە و بەشێكیشی كراوە بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەسكەندەریە. پێشتر و لە ساڵی 1921دا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئینگلیزدا نەخشەیەكی نوێ و گشتگیر بۆ شارەكەدا دانرا، نەخشەكەش لەلایەن ولیەم ماكلینەوە كێشرا، كە پسپۆڕ بوو لەو بوارەدا. ماكلین لە نەخشەكەیدا فراوانبوونی شاری لە هەردوو بەری خۆرهەڵات و خۆرئاواوە رەچاو كردووە و ئەمڕۆش كە دەبینین شارەكە بە درێژایی كەنار دەریا فراوان بووە تا رادەیەك دەرەنجامی هەمان نەخشەیە.

دورگەی فارۆس
كاتێك ئەسكەندەری گەورە لە سەدەی چوارەمی پێش زاییندا شوێنی ئەم شارەی دۆزییەوە، شوێنەكە كەنداوێكی گەورە بوو، دوورگەیەكی بچووكیش بە ناوی فارۆس لە ناوەڕاستیدا بوو، بە تێپەڕبوونی كات و لەگەڵ زیادبوونی وشكانیدا فارۆس شێوەی دوورگەی لەدەست دا و بووە نیوە دوورگەیەك، ئێستاش لە هەردوو دیوی نیوە دوورگەكەوە، دوو كەنداوی لێیە، بەر لە دروست كردنی بەنداو لەسەر رووباری نیل، ساڵانە ئاوی رووباری نیل لیتەیەكی زۆری رادەماڵی بەرەو دەلتای نیل، لەبەر ئەوە دەلتا یەكێكە لە بەپیتترین خاكی كشتوكاڵی لەسەر ئاستی دنیا، هەر ئەو هۆكاری راماڵینی لیتەیەش بوو كە وای كرد ساڵ بە ساڵ دەلتا پڕ بێتەوەو وشكانی ناوچەكە زیاد بكات و دەریای سپی ناوەڕاست پاشەكشە بكات، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ بەیەك گەیشتنی فارۆس و ئەسكەندەریە، هەر بە هۆی بەپیتی خاكی ناوچەكەوە خاكی دەوروبەری دەریاچەی ماریۆتیش زیاتر بۆ كشتوكاڵ سوودی لێ وەربگیرێت نەك بۆ نیشتەجێبوون.

کاری سروشت و مرۆڤ
ئەوەی ئەمڕۆ لە رێگەی وێنەی مانگە دەستكردەكانەوە دەبینرێت شاری ئەسكەندەریە بەرهەمی رووداوە سروشتییەكان و كاری مرۆڤیشە، ئەنجامی چەندان سەدە لە هاوكاری نێوان دەریا و زەوی و رووبارو مرۆڤە. ئەم تێكەڵابوونەی كارو هاوكارییە هەمەلایەنە بۆ دروستبوونی هەموو شارێك راستە، بەڵام لە راستیدا تێفكرینی ئێمە بۆ شارستانی بەو شێوەیە نییە، تێڕوانینمان تا ئێستاش بۆ دروستبوونی شار و شارستانی درۆزنانەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە پێمان وایە دەتوانین ژیانی مرۆڤ لە ژینگە دابڕین و بە چیمەنتۆ و شیش و پۆڵا و نەخشە و بەرنامە پانتاییەكی دابڕاو بە ناوی شار دروست بكەین، بەمەش پێمان وایە بابەتەكانی وەك نەخۆشی، خاك، ئاژەڵە كێوییەكان، بیابان و گوندو كشتوكاڵمان لە شار دابڕیوە، بەڵام هەر كاتێك سروشت تووڕە دەبێت و شار تێك دەدات، ئەو كاتە درۆكەمان ئاشكرا دەبێت.

هەڵبەتە دەتوانرێ لە رووی فیزیاییەوە شار جیاواز دروست بكرێت و لە دەوروبەرەكەی دابڕێت، دەكرێ دیوارێك بە دەوری شاردا دروست بكرێت بۆ ئەوەی سنوورەكەی دیاری بكرێت، یان بە شەقامێكی بازنەیی، بە پشتێنەیەكی سەوزی بازنەیی سنوورەكەی دەستنیشان بكرێت، تا دروست كردنی خانووی تازە‌و فراوانبوونی شارەكە لە ژێر كۆنترۆڵدا بێت، بەڵام هێشتا دانیشتوانی شار ناتوانن بە تەواوی لە ژیانی دەوروبەری خۆیان دابڕێن و پەیوەندییان نەمێنێت، لەبەر ئەوەی لە رووی فیزیاییشەوە سنوور هەبێت، واقیعێك هەیە شار دەبەستێتەوە بە ناوچەكانی دەرەوەی خۆی، لانیكەم بۆ دابین كردنی ئاو، خۆراك، كەرەستەی خانووبەرە، دەستی كار، شمەكی بازرگانی، كەرەستەی خاوی تایبەت بە وزەی وەك نەوت و خەڵوز و كارەبا.. هتد.

شاری نیویۆرک
لە سەدەی بیست و یەكدا مشتومڕی زۆر كراوە لەسەر شار، كەسێكی وەك رۆبێرت موزس كە ئەندازیارێكی کۆن بوو، هەوڵی دەدا شاری نیویۆرك لە چوارچێوەی شارێكی دەستكرددا قەتیس بكات، بەڵام كەسێكی وەك جین جاكوبس كە بە پاڵەوانی ژیانی سەر جادە ناسراوە، جۆرێكی دیكە بیر لە نەخشەو مۆدێلی شار دەكاتەوە، دیسان ئەویش رۆڵی رەگەزی سروشتی پشت گوێ خستووە.

ئەم قسەیە بەو واتایە نییە كە ئەندازیارانی سەدەی بیست و یەكی شارسازی رەگەزێكی گرنگی وەك سروشت نابینن، چونكە كەسانی وەك ئانری لۆفۆر فەیلەسوفی فەرەنسایی، زیگفرێد گیدیۆن مێژوونووسی سویسرایی، لویس مامفۆرد مێژوونووسی ئەمریكایی و ریمۆند ولیامز رەخنەگری ئیگلیزی، هەموو ئەمانە تیۆر و بۆچوونی خۆیان هەیە لە بارەی دروست كردنی شارەوە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو بیرۆكەیە بگۆڕن كە زۆرینە باوەڕیان پێیەتی و ئەویش جیاكردنەوەی شارە لە سروشت.

دیڤید ئاتنبرۆ سروشتناسی ئینگلیزی لە دیكۆمێنتارییەكی بی بی سی دا بە ناوی هەسارەی زەوی، بەدواداچوون بۆ ئەو ئاژەڵانە دەكات كە لە شارەكانی وڵاتانی ئیتالیا و ئەمریكا دەژین، لەو بەرنامەیەدا مرۆڤ هێزی خۆی لە داهێنانی بیناسازی لە شارەكاندا نمایش دەكات، بەڵام ئەگەر بوترێ مرۆڤ لە داهێنای ژینگەیەكی ئاڵۆزدا بۆ زیندەوەرە هەمەجۆرەكان دەستی هەبووە ئەمەیان درۆیەكی گەورەیە.

سێ بۆچوون
بۆچوونی ئێمەی مرۆڤ لەبارەی شارەوە هەڵەیە و چەندان هۆكاریش هەیە بۆ بەهەڵەچوونمان، یەكەمیان ئەوەیە كە ئێمە وا بیر دەكەینەوە كە مرۆڤ شاری دروست كردووە، دووەمیش ئەوەیە كە پێمان وایە شار سنووری هەیە و لەو دیو ئەو سنوورەوە سروشتێكی دابڕاو لە ژیانی شار هەیە، سێیەمیش ئەوەیە كە پێمان وایە دەستەواژەی شارنشینی رەگ و ریشەی شارستانییە.

حەوت گرد
ئەگەر شاری ئەدینبێرگی پایتەختی سكۆتلەندا بە نموونە وەربگرین، دەبینین بەرزی و نزمی سروشتی بەشێك لە شارەكەی پێكهێناوە، گردی كاسڵ راك كە قەڵای ئەدینبێرگی لەسەر بنیات نراوە لە ناوەڕاستی شارەكەدا قوت بۆتەوەو بەشە كۆنەكەیش شاریش لە دەوروبەریەتی، كەندەڵانێكیش بەشە تازەكەی شاری جیا كردۆتەوە، ئەو كەندەڵانە سەردەمانێك پڕ لە ئاو بووە و بەشێكیش بووە لە سیستمی بەرگری شارەكە، بەهۆی فراوانبوونی شارەكە‌و دروست كردنی خانووی تازە ئێستا بۆتە جادە و باخچە، بە گشتیش حەوت گرد لە شارەكەدا بەرچاو دەكەوێت، بچیتە سەر هەر یەك لەو گردانە بە ئاسانی پانتاییەكی فراوانی سكۆتلەندا دەبینیت.

نهێنی شارەكە لەوەدایە ئەگەر ئەو حەوت گردەی لێ نەبوایە و پێویستییەكانی بەرگری بۆ شارەكە و قەڵاكەی فەراهەم نەكردایە، ئەو شارە لەو شوێنەدا دروست نەدەكرا، گرد و دۆڵ و كەندەڵانەكانیش سەردەمانی زۆر پێش مێژوو بەهۆی تەقینەوەی بوركان و توانەوەی شاخە سەهۆڵینەكانەوە دروست بوون كەواتە هەموو ئەو دیاردە سروشتیانە بەشدارن لە دروستبوونی شارەكەدا.

پێشتریش باس لەوە كرا كە شارو شارنشینی پێویستی بە دەرەوەی خۆی دەبێت بۆ دابین كردنی پێویستییەكانی، لەو نێوانەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە: داهێنان و بەرەوپێشچوونەكانی شار ژینگە دروست دەكات، یان خودی شار بەرهەمی ژینگەیە؟

كرۆنۆن و بهاتاچاریا كە دوو مێژوونووسن لەو بارەیەوە دەڵێن: پێویستە مێژووی كشتوكاڵی خۆرئاوای ئەمریكا لە چوارچێوەی مێژووی شارستانیدا بخوێندرێ، چونكە ئەو گۆشتەی لە دەشتەكاندا بەرهەم دەهات دەكرایە خۆراكی شارنشینەكان و سیستمی كشتوكاڵیش سوودی لەو پارەو دەستكەوتە وەردەگرت كە لە گۆشتەكە بە دەستی دەهێنا. بهاتاچاریا لێكۆڵینەوە لە لێكۆڵینەوەكەیدا سەبارەت بە شاری كەلكەتا ئاماژەی بەوە كردووە كە چۆن بەكارهێنانی زەوی و زارەكان بووە هۆی دروستبوونی شارەكە. هەردوو مێژوونووسەكەش ئەوەیان سەلماند كە شارو ناوچەكانی دەوروبەری یەكدی دروست دەكەن.

شارنشینی جیهانی
هەردوو ئەندازیار نێل بێرنەر و كریستن شمید بیرۆكەی شارنشینی جیهانییان هێنایە ئاراوە، واتە شارو شارنشینی دەگات بە هەموو شوێنێكی جیهان بە ناوچە دوورەدەستەكانیشەوە، چونكە مرۆڤ لە ناوچە زۆر دوورەكانیش بە دوای كانزا و خۆراكدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بۆ شارەكانی دابین بكات، ئەم تێڕوانینە مەبەستی ئەوە نییە بڵێ هەر شوێنێك كانزای لێ دەردەهێنرێت یان راوەماسی لێ دەكرێ بە شار ئەژمار بكرێت، بەڵكو دەڵێ هەر یەك لەو شوێنانە دەكەونە ژێر كاریگەریی شارنشینییەوە.

شارەكان خاڵی گردبوونەوەی مرۆڤ و چڕبوونەوەی چالاكییەكانی مرۆڤن، زۆرترین ژمارەی دانیشتوان لەخۆ دەگرن، نزیكەی %7ی دانیشتوانی سەر زەوی لەو شارانەدا دەژین كە ژمارەی دانیشتوانیان لە سەرو 10 ملیۆن كەسەوەیە، %26ی دانیشتوانی زەویش لەو شارانەدا دەژین كە ژمارەی دانیشتوانیان لە خوار نیو ملیۆن كەسەوەیە، بەڵام نیوەی دانیشتوانی سەر زەوی لە دەوروبەری شارەكان دەژین. كاتێكیش بیر لە شار دەكرێتەوە وێنەی جیاجیا بە زەینی مرۆڤ دەگات، وەك باڵەخانە هەوربڕەكان، گەڕەكە لە تەنەكە دروستكراوەكان، شەقامە رێكوپێكەكانی نیویۆرك، شارەكان بە گشتی لە زۆر شتدا هاوشێوە دەبن بەڵام لە راستیدا جیاوازیی زۆریان هەیە و جیاوازییەكەیان عەزر تا ئاسمانە، لە رووی تۆبۆگرافییەوە، شێوەی هەرێمەكە، ئابووری، ژیانی سادەی سروشتی زۆر جیاوازن، بۆ نموونە شارێكی زانستی‌و زانكۆیی زۆر جیاوازە لە شارێكی ئابووری یان خاوەن بەندەر.

ئەسكەندەریە و ئەدینبۆرگ
ئەوەی شارەكانی وەك ئەسكەندەریە یان ئەدینبۆرگی وا لێ كردووە شاری هەڵكەوتە بن، لێكچوونیان نییە بەڵكو جیاوازییەكەیانە، راستە زۆر شتیان وەك شار لەیەك دەچێت، بەڵام ئێمە بە جیاوازییەكانیاندا دەیانناسینەوە.

ئەگەر بڕیار بێت لەسەر ئەم گۆی زەوییە بژین و بەردەوام بین، ئەوا دەبێ شارەكانمان وەك بەشێك لە ژینگە ئاڵۆزەكەمان سەیر بكەین، واتە بەرهەمی زەوی بریتییە لە ئاو، هەوا، ژیانی كێوی و سروشتی و ئەو شوێنانەش كە دەسكردی مرۆڤن، هەروەها دەبێ فێر بین لەگەڵ بوونەوەرەكانی دەوروبەرمان بژین و بگونجێین، چونكە ئەو بیرۆكەیەی كە گوایە تەكنۆلۆژیا دەتوانێ لە وێرانبوونی سروشت و ئاوو هەوا دەمانپارێزێت و شار و ژینگە لێك دادەبڕێت، تێڕوانینی دوانەیی پێكهاتەی شارو سروشت لەبەر چاو ناگرێت، لەبەر ئەوە كاتی ئەوە هاتووە كە لە گۆشەنیگایەكی تازەوە بڕوانینە دیاردەی شارو شارستانی.

*مێژوونووس و توێژەر لە زانكۆی ئانترۆپی بەلجیكا

سەرچاوە: nebesht.com

 40 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*