سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » توركیا دەیەوێ چی دەست بخات؟

راستییەکەی

توركیا دەیەوێ چی دەست بخات؟

دەوڵەتی كۆماری توركیا لەوەتەی لە ساڵی 1923 لەسەر دەستی كەمال ئەتاتورك دامەزراوە، كاری یەكەم و لێبڕانەوەی سەركوت كردن و رەتكردنەوەی بوون و ناسنامەی گەلی كوردە. بەبێ ئەوەی سوود و زیانەكانی بەراوورد بكات، چەندی لە قازانجی دەوڵەتی تورك و گەلی توركە . ئەم ریتمە لە فاشیەتی ئەتاتوركی بەردەوام بوو بە هەموو جۆرە چەوسانەوە و تەپەسەركردنێك، به‌ڵام لە كۆتایدا گەلی كورد لەو بەشەی كوردستان بە شۆڕشێكی كاریگەری چەكداری دەرچوو،لەناوخۆی وڵات بە حزبی سیاسی و زۆرینەی دەنگەكانی كورد چووە پەرلەمان . تورك ناچاركرا دان بە بوونی كورد بنێ كە لە وڵاتەكەین ژماریەكی زۆر كورد هەیە و نەتەوەی دووەم پێك دەهێنن بە دەیان ملیۆن .
كورد نەزمانی لەناوچوو، نەهەستی كوردبوونی نەدەستبەرداری خاك و ئاوی خۆشی بوو، سەرەڕای ئەو هەموو كوشتن و بڕین و چەوساندنەوەیە . دەوڵەتی تورك لە ماوەی نەوەد ساڵی رابردوودا، هەموو رێگایەكی تاقی كردەوە،به‌ڵام ئەوەی دەست نەخست كە دەیەوێ بەڵكو هەمیشە پێچەوانەكەی زیاتری دەست كەوتووە . ئەویش زیاتر ناسراو بوونی كورد و كێشەكەیەتی . رێگای چارەسەركردنیش زۆر ئاسان و نزیكە،ئەویش پێدانی مافی كوردە لەو وڵاتە مافەكان لە ئێستادا زۆرنین . به‌ڵام تا بەم شێوەیە بڕوات زۆرتر دەبێت .
ساڵی 2003 دەوڵەتی تورك رێگای لە سوپای ئەمەریكا گرت بۆ پڕۆسەی ئازادی عیراق، بە بیانووی ئەوەی كورد سوودی لێدەبینن ،به‌ڵام نەیزانی ئەمەریكا كارەكەی ئەنجام دەدات و كوردیش لێی سوود مەند بوو بە سیستەمی فیدڕالی گەیشت. لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا ساڵی 2011 ئەردۆگان و ئاك پارتی بەشێوەیەكی چڕ دەستیان لەم وڵاتە وەردا،به‌ڵام چیان دووریەوە؟! بێگومان ئەوەنەبوو ئەوەی ئەردۆگان دەیویست بچێ‌ نوێژ لە مزگەوتی ئەمەوی بكات . لەولاش كورد توانی بەشێوەیەكی چالاك بجوڵێتەوە ئێستا زۆرینەی باكور و رۆژهەڵاتی وڵاتی سوریا بەدەست كوردەوەیە بەپشتیوانی هێزی ئەمەریكا. بۆیە دواین جار تورك بەختی خۆی لە ناوچەیەكی بچكۆلانەی وەك عەفرین تاقی دەكاتەوە.
بەدڵنیایەوە لەزەت لەمەش ناكات، بەڵكو لە كۆتایی بە زیانی سیاسی و سەربازی گەورە لێیدەردەچێت . بەبێ ئەوەی هیچ هۆكارێك هەبێت لە عەفرین كە تورك ئەزیەت بدات . تەنها كورد نابێ‌ خاوەنی هیچ بێت ،ئەمەش زهنیەتی فاشیەتی توركە بە عەلمانی و ئیسلامیەوە . لە كۆتایدا دەوڵەتی تورك هەر بەبێ‌ دەست كەوت دەردەچێت،چونكە ئەزموونی دەیان ساڵی رابردوو دەریخست هیچی دەست ناكەوێ ، جگە لە زیاتر پوكانەوە و ناشیرن كردنی خۆی نەبێت . باشترین چارەسەر ئەوەیە تورك رێگا راستەكە ببینێت، كە ئەویش ئاشتی و ماف پێدانی كوردە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*