سەرەکی » کەلتوور » سه‌رنجێكی خێرا بۆ رۆمانی فه‌قێكانی تاریكی سه‌لیم به‌ره‌كات

سه‌رنجێكی خێرا بۆ رۆمانی فه‌قێكانی تاریكی سه‌لیم به‌ره‌كات

رێباز محه‌مه‌د جه‌زا

فه‌قێكانی تاریكی یه‌كه‌م رۆمانی سه‌لیم به‌ره‌كات نووسه‌ری گه‌وره‌ و داهێنه‌ری خۆرئاوای كوردستانه‌، پێم خۆشبوو به‌ خێرایی شتێكی له‌سه‌ر بڵێم، چونكه‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌م رۆمانه‌دا خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتنه‌ له‌ چه‌مكی (شوێن) كه‌ باكووری كوردستان و هاوسنووری توركیایه‌ و ده‌بێته‌ سه‌ر زه‌وی ڕووداوه‌كانی ناو ئه‌م رۆمانه‌. «قامیشلی» كه‌ زۆر دوور نییه‌ له‌ سنووری توركیاوه‌، ئه‌و سنووره‌ی كه‌ ته‌لبه‌ند كراوه‌ و به‌ په‌رژین جیاكراوه‌ته‌وه‌ و مینڕێژكراوه‌ كه‌چی سه‌رباری ئه‌وه‌ قاچاخچییه‌كان هاتوچۆی پیاده‌كه‌ن، تا ئێره‌ هیچ نهێنییه‌كمان نییه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌كاته‌ خاوه‌ن ( په‌رجو-معجزه‌) ئه‌و زیاده‌ڕه‌وییه‌ (مبالغه‌)یه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕه‌فتاری پیاوانه‌یاندا ده‌یكات كه‌ له‌ ڕاستیدا نزیكن له‌ ئه‌فسانه‌وه‌، خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ش نه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ گێڕاویانه‌ته‌وه‌ و له‌ نه‌ستی نووسه‌ردا جێگیر بوون. له‌ سه‌ره‌تای هه‌ر به‌شێكی ئه‌م رۆمانه‌دا دووباره‌بووونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ دواتر له‌ زۆرێك له‌ ده‌قه‌كانی تریشیدا دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ وه‌كو «ئۆردوگا هه‌میشه‌ییه‌كان». له‌م رۆمانه‌ی كه‌ ئێستا قسه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ین نووسه‌ر وه‌كو تاقیكردنه‌وه‌ یه‌ك كار له‌ هه‌موو خانه‌كانی پاڵه‌وانه‌كه‌یدا ده‌كات و ده‌یخاته‌ ژێر میكرۆسكۆبی خۆیه‌وه‌ هه‌ر له‌ دروستبوونییه‌وه‌ تاكو ده‌بێته‌ كۆرپه‌له‌یه‌ك له‌ناوسكی دایكیدا.
مناڵه‌كه‌ی «مه‌لا بێناڤ « له‌م رۆمانه‌دا ناو ده‌نرێـت «بێكه‌س « به‌ڵام پاش چه‌ند سه‌عاتێك به‌سه‌ر له‌ دایكبوونیدا ئه‌م مناڵه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌یر گه‌وره‌ ده‌بێت و ده‌بێت به‌ لاو و داوای كچێك له‌ باوكی ده‌كات تابیكات به‌خێزانی خۆی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ و تا ئێواره‌ پیر ده‌بێت و وه‌كو باوكی لێدێت و له‌ به‌رده‌م خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كدا باوكی ده‌خاته‌ به‌رده‌م هه‌ڵوێستێكی ناخۆش، له‌ كاتێكدا ئه‌وان هاتوون پیرۆزبایی له‌ باوكی بكه‌ن كه‌ خودا منداڵێكی پێ به‌خشیون كه‌ چی ئه‌م مناڵه‌ به‌و شێوه‌ سه‌یره‌ پیر بووه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌گه‌لێك و چیرۆكی زۆر زیاتر له‌م رۆمانه‌دا هه‌یه‌ وازی لێدێنم بۆ خوێنه‌رانی به‌ڕێز.
ئه‌م چیرۆكه‌ی ناو رۆمانه‌كه‌ زۆر نزیكه‌ له‌ ئه‌فسانه‌ی ( ابوالهول)ی گریكی به‌ جۆرێك به‌ره‌كات له‌ چیرۆكێكی میللی كوردییه‌وه‌ ئاوێزان ده‌كات به‌ ده‌قێكی گه‌وره‌ی خۆرئاوایی و داهێنه‌رانه‌ ئه‌ویش مه‌ته‌ڵه‌كه‌ی شانۆنامه‌ی «ئۆدیپۆس»ی گریكییه‌ كه‌ مه‌ته‌ڵێك داده‌هێنێت و ده‌پرسێت: ئه‌و گیانداره‌ چییه‌؟ كه‌ به‌یانیان له‌سه‌ر چوار پێ و نیوه‌ڕوان به‌ دوو پێ و ئێواران له‌سه‌ر سێ پێ ده‌وه‌ستێت؟ هیوادارم وه‌ڵامه‌كه‌ی ڕوون بێت و په‌یامه‌كه‌ی به‌ره‌كاتیش بگاته‌ جێی خۆی و ئه‌وانه‌شی ئه‌م رۆمانه‌یان نه‌خوێندوه‌ته‌وه‌ بیخوێننه‌وه‌.
له‌ ئه‌كاونتی نووسه‌ره‌وه‌

 103 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*