سەرەکی » دۆسێ » ئەبوزەبی، قەتەر لەسەر نەخشەی كەنداو دەسڕێتەوەپەڕە 3

مشتومڕێكی گەورەی دروست كردووە

ئەبوزەبی، قەتەر لەسەر نەخشەی كەنداو دەسڕێتەوە

تەنگژەی نێوان قەتەر و دراوسێكانی لە ناوچەی كەنداو، پێدەنێتە رووبەرێكی بێ‌ پێشینە، ئەوەش دوای ئەوەی توێژەرێكی ئەمریكایی ئاماژەی بە سڕینەوەی نیچمە دوورگەی قەتەری كردبوو لەسەر نەخشەی ناوچەی كەنداو لە وێنەیەكدا كە لە مۆزەخانەی لۆڤەری شاری ئەبوزەبی ئیمارات نمایش كرابوو.
مشتومڕ و ناكۆكییەكان لەسەر ئەو وێنەیە پەڕینەوە بۆ پێگە كۆمەڵەیاتییەكان كە تۆمەت و وەڵامدانەوەی یەكتری لە سەر نەخشەكە بەخۆوەبینی.
سایمۆن هندرسۆن، بەڕیوەبەری پرۆگرامی كەنداو بۆ كاروباری وزە لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ توێژینەوەكانی خۆرهەڵاتی نزیك، لە توێژینەوەیەكیدا بە ناونیشانی «رووبەری دژایەتی نێوان ئیمارات و قەتەر فراوان دەبێت»كە لەسەر سایتی پەیمانگاكە لەم ماوەیەی دواییدا بڵاوكرابۆوە، ئاماژەی بە «سڕینەوەی تەواوەتی قەتەر» كردبوو لەسەر ئەو نەخشەیەی لە بەشی منداڵانی مۆزەخانەی لۆڤەر لە ئەبوزەبی نمایش كرابوو.
سڕینەوەی جوگرافی
هندرسۆن دەڵێت»لەو بەشەی بۆ منداڵان تەرخان كراوە لە مۆزەخانەی لۆڤەری نوێ‌ لە ئەبوزەبی، نەخشەیەك بۆ باشووری كەنداو نمایش كراوە و تێیدا بەشێوەیەكی تەواوەتی نیمچە دوورگەی قەتەر لابراوە، ئەوەش سڕینەوەیەكی جوگرافییە و رەنگە دژ بە رەزامەندیی فەرەنسا بێت كە لەو رووەوە رێگە بە ئەبوزەبی بدات ناوی لۆڤەر بەكاربهێنێت».
كریستیان رچین، توێژەری بریتانی بە هەمان شێوە وێنەی نەخشەكەی لەسەر ئەكاوتنی خۆی لە تویتەر بڵاوكردبۆوە نوسیبوی»ئەم وێنەیە لەنێو یەكێك لە پێشانگەكانی لقی لۆڤەردایە لە ئەبوزەبی و تێیدا ناوچەی كەنداو بەبێ‌ بوونی قەتەر دەردەكەوێت».
رچین دەركەوتووترینە لە كاروباری كەنداو و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستایە لە هەریەك لە «پەیمانگای بیكەر بۆ سیاسەتە گشتییەكان»، و پەیمانگای شاهانە بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان «چاتام هاوس» لە بریتانیا.
كاردانەوەكان
مەیاسە بنت حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، سەرۆكی ئەنجومەنی مۆزەخانەكان لە قەتەر، لە ئەكاونتی خۆی لەسەر تویتەر، «سڕینەوەی» وڵاتەكەی لەسەر نەخشە مەحكوم كردبوو.
مەیاسە لە تویتێكیدا لەو بارەیەوە نوسیبوی»بەدرێژایی مێژوو مۆزەخانەكان سەرچاوە و مەرجەعی مەعریفە و زانین بوون، و خەڵكی بۆ دەستخستنی زانیاریی و ناسینی كلتورەكانی جیهان سەردانیان كردوون، تا نمایشكراوەكان ببینن».
هەروەها نوسیبوی»وێڕای ئەوەی چەمكی مۆزەخانەكان لە ئەبوزەبی نوێیە، بەڵام بڕوای تەواوم هەیە كە مۆزەخانەی لۆڤەر (راستەقینە لە فەرەنسا) بەو كارە رازیی نییە».
ئیمارات لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا بە رێكەوتن لەگەڵ ئیدارەی مۆزەخانەكانی فەرەنسا مۆزەخانە نوێیەكەی كردەوە و نازناوی لۆڤەری بەسەردا دابڕی.
بنیاتنانی مۆزەخانەی نوێی لۆڤەر 10 ساڵی خایەند، و نزیكەی 600 كاری هونەری كە هەمیشە نمایش دەكرێن لەخۆدەگرێت، وێڕای 300 كاری تر كە بەشێوەیەكی كاتی بۆ مۆزەخانەكە لە فەرەنسا وەرگیراون».
دیزاینی مۆزەخانەكە لەلایەن جان نوفیل، ئەندازیاری تەلارسازیی فەرەنساییەوە دیزاین كراوە، گومەزەكەی هاوشێوەی لەتۆڕدروستكراوە كە سەردانكەرانی لە گەرمی خۆر دەپارێزێت و لە هەمان كاتدا تیشك دەبەخشێتە هەموو ژوورەكان، ئەوەش دەبێتە مایەی روناككردنەوەیان بە روناكییەكی سروشتی نایاب.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەشداریی لە كردنەوەی ئەو مۆزەخانە ئیماراتییەدا كرد كە تێچووی دروستكردنەكەی، ملیارێك دۆلاری تێپەڕاندووە.
مۆزەخانەكە لەسەر رووبەری 42 هەزار مەتری چوارگۆشە دروستكراوە و 55 ژوور و 23 هۆڵی نمایشی هەمیشەیی لەخۆدەگرێت، بە جۆرێك كە هەرگیز یەكێكیان لەوی دی ناچێت.
لەگەڵ تێچووی دروستكردنەكەی، ئەبوزەبی سەدان ملیۆن دۆلار دەداتە فەرەنسا لەبەرانبەر بەكارهێنانی ناوی مۆزەخانەی لۆڤەر و وەرگرتنی ئەو پارچە هونەرییە راستەقینانەی نمایشیان دەكات، وێڕای تێچووی ئەو راوێژە هونەریانەی پاریس پێشكەشیان دەكات.
ئەم رووداوە بە نوێترین دادەنرێت لە زنجیرەی ناكۆكییە كەڵەكەبووەكانی نێوان قەتەر و وڵاتە كەنداوییەكان كە لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا دروست بوون.
سعودیە و بەحرەین و ئیمارات و میسر لە 5ی حوزەیرانی رابردوو، پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابورییەكانیان لەگەڵ قەتەردا راگەیاند و وڵاتەكەیان بە بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران و پشتیوانیكردن لە گروپە تیرۆریستییەكان تۆمەتبار كرد.
لەبەرانبەردا قەتەر كە میوانداریی گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمریكایی دەكات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو تۆمەتانەی رەتكردۆتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*