سەرەکی » دۆسێ » پۆلیڤیا لە شكستی گیڤاراوە بۆ سەركەوتنی مۆرالیس

بووژانەوەی چەپ

پۆلیڤیا لە شكستی گیڤاراوە بۆ سەركەوتنی مۆرالیس

لەم دوو توێیەدا

شکستی چەپ لە جیهاندا لە کۆتایی سەدەی رابردووەوە دەستی پێکرد، بەتایبەتی لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو، بەڵام لە کیشوەری ئەمریکای لاتیندا بەهۆی نزیکییان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردووەوە دەستیپێکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەمریکا لەڕێگەی گروپ و دەستە ئایینی و رەگەزپەرستیی و سەرمایەدارییەکانەوە لەو وڵاتانەی لە بابەتی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی زیانمەند دەبوون، زۆر بەچڕی کاری لەسەر ئەو سیستمە سیاسییانە کردووە کە روئیایەکی سۆشیالیستی و چەپ و کۆمۆنیستییان هەبووە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکانیان، هۆکاری سەرەکیش ئەوەبووە کە بەشێکی زۆر لەو وڵاتانە سەرچاوەی سامانی سروشتی و کانزای گرانبەهابوون بۆ پیشەسازییە زەبەلاحەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هەرگیز نەیویستووە مامەڵە لەگەڵ ئەو حکومەت و سیستمە سیاسییانەدا بکات کە گوایە لە خولگەی (دیموکراسی و لیبرالیزم)دا ناسووڕێنەوە، بۆیە چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی گروپی نەیاری بۆ دروستکردوون، چ لەسەر ئاستی ئیقلیمیش وەک دراوسێیان لە رێی کاری سیخوڕیی و هەواڵگریی و ختوکەدانی هەستی ئاینییەوە کێشەو سەرئێشەی بۆ خولقاندوون.

ئەوەی لەم دۆسێیەدا رووناکیی خراوەتە سەر، سەرهەڵدانەوە و بووژانەوەی چەپ و چەپگەراییە لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، کە بەشی زۆریان بەهۆی دۆخی نالەباری سیاسیی وڵاتەکانیان و پەشیمان بوونەوە لە بەتایبەتکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی وڵاتەکانیان لەلایەن فەرمانڕەوایانی بەناو دیموکرات لیبراڵەوە، ئاستی بژێویی و گوزەرانیان تا رادەیەکی زۆر بەرەو خراپی رۆیشت، جگەلەوەش ئێستا لەدوای بووژانەوەی روسیا و چین وەک دوو رکابەری تەقلیدیی ئەمریکا لە جیهاندا، هەژموونی ئەمریکایان بەسەر کۆی سیاسەتی جیهان و وڵاتانی ئەمریکای لاتینەوە کەمکردۆتەوە، ئەمەش دەرگای لەبەردەمی گەڕانەوە و بووژانەوەی بزووتنەوە و پارت و کەسایەتییە چەپ و سۆشیالیستەکاندا کردۆتەوە تا دووبارە بگەڕێنەوە بۆ سەر شانۆی سیاسیی و دەوڵەتداریی لەو کیشوەرەدا.

ئەم دۆسێیەش شرۆڤە و خستنەڕوویەکی وردە کە هاوکارمان عەلی مەحمود ئامادەی کردووە، کە ئەگەرچی هەندێک بڕگەو دەستەواژەی جێگای مشتومڕە لە نێوان چەپ و سۆشیالیست و لیبراڵەکاندا و هێشتا تەواو ساغ نەبۆتەوە، بەڵام کوردستانی نوێ لە سۆنگەی بڕوابوونی بە ئازادیی بیروڕا و دروستکردنی مشتومڕێکی سیاسیی لە نێوان تێڕوانینە جیاجیاکاندا بەباشی زانی کە وەک خۆی بڵاوی بکاتەوە.

کودستانی نوێ

عەلی مەحمود محەمەد

كورتەیەكی مێژوویی لەسەر پۆلیڤیا

پۆلیڤیا بەناوی سیمۆن بۆلیڤوار (1738-1830) ەوە ناونراوە كە زۆر لە وڵاتانی ئەمریكای لاتینی رزگاركرد لە داگیركاریی وەک (كۆڵۆمبیا، ڤەنزوێللا، پیرۆ، پۆلیڤیا)، پۆلیڤار ئەو ناوەیە کە بێ سڵەمینەوە چەپەكانی ڤەنزوێللا ناویان هەڵگرتووە و شانازیی پێوە دەكەن.

خەونەكانی سیمۆن بۆلیڤوار لە دادپەروەریی و رزگاریی و یەكخستنی ئەمریکای لاتین تا ئەمڕۆ بە زیندوویی ماوەتەوە .

ئەم وڵاتە پۆلیڤیا چۆن بە وڵاتی راونانی سەرۆك بەناوبانگ بوو، هاوكات لە رابردووشدا وڵاتی كودەتا سەربازییەكانیش بووە.

لە ماوەی 162 ساڵدا 1189 كودەتای سەربازیی بەخۆوە بینیووە، وێڕای دوایینەكەی بە سیناریۆ و ئارایشتێكی نوێ بەڕێوەچوو، بۆیە بەردەوام لە ناجێگیریی سیاسیدا بووە، تا مۆرالیس هات ماوەی حوكمڕانییەكەی زۆرترین ماوە و ئاسایشترین كاتەكانی حوكمڕانی بوو لە مێژووی ئەو وڵاتەدا. هۆكاری هەموو ئەوانەش ئەو هەژاریی و پاوانكردنی دەسەڵاتە بوو لەلایەن كەمایەتییەكی سپی پێستەوە .

ئەم وڵاتە تەژییە لە چیرۆكی كوشت و بڕو جیاكاریی بە ئەندازەی ئاپارتایدەكەی باشووری ئەفریقا، نموونەیەكی بچووك لە كاتێكدا كرێكارانی (قەسدیر) مانیان گرتبوو بۆ زیادكردنی كرێكانیان، خاوەن كوورەكان سوپایان بانگ كرد بۆ لێدانیان، لە ئاكامدا كرێكارانی كانەكان لە كۆمەڵكوژیی كاتافا لە 21-12-1942 دا، 19 كرێكار كۆمەڵكوژ كران و 49 کرێکاریش بریندار كران. لە ساڵی 1943ەوە ئەو یادەوەرییە كراوەتە رۆژی كرێكارانی كانەكانی پۆلیڤیا.

بزووتنەوەی نەتەوەیی شۆڕشگێڕ كە لایەنگری لەكرێكاران و هیندییەكان دەكرد، ساڵی 1951 گەیشتە دەسەڵات و كودەتایان كرد بەسەریدا، كە لە بەرنامەیاندا بوو ژیانی كرێكاران باش بكەن .

پۆلیڤیا پێشەنگی شەپۆلە شۆڕشگێڕییەكان بوو لە ئەمریکای لاتین. لە ساڵی 1952 كوورەكانی بەرهەمهێنانی (قەسدیر) خۆماڵی كرا. لە سەرەتای نیسانی 1952 شۆڕشی كرێكاری لە پۆلیڤیا هەڵگیرسا، یەكێتیی كرێكاران چەند مانگێک دەسەڵاتداربوون، دواتر ئەو جارەش خەڵتانی خوێن كرا. خەباتی سەندیكایی و خەباتی هندییەكان (سی ئۆ بی)، 5 ساڵی خایاند تا بە تەواوی سەركوتكرا و كودەتای سەربازیی بەسەردا كرا.
پۆلیڤیا لە رێكەوتی 10/10/1982 لە دیكتاتۆرییەت رزگاری بوو، پاش 11 ساڵ دەسەڵاتی سەربازیی لە وڵات .

سندوقی دراوی جیهانی و دیارییەكانی بۆ پۆلیڤیا
لە نێوان ساڵەكانی 1925- 1929 دا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا ساڵانە 200 ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنان كردووە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، لەبەرامبەردا ساڵانە 300 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە، قازانجەكان 150% ی سەرمایەگوزارییەكە بووە. نەوتی ڤەنزوێللا و كانەكانی پۆلیڤیا و شیلی و سامانی كوبا ئامانجی چاوچنۆكی ئەمریکا بوو لە مێژوودا .

لەوکاتەوە خەڵكی ئەم وڵاتە هەستیان بەوە نەكردووە لەو دیو سنوورەكانەوە بە تایبەتی لەلایەن وڵاتە ئیمپریالیستەكانەوە خێرو بەرەكەتیان بۆبێت، بەڵكو گومانیان لە دەسكە گوڵە دیارییەكانیشیان هەبووە.
ساڵی 1985 سەرۆك ڤیكتۆر باز ئستنسورو لە بزووتنەوەی نیشتمانیی شۆڕشگێڕ بڕیاری ژمارە 21060ی دەركرد، بەو بەیاننامەیە دەرگای وڵاتی خستە سەرپشت بۆ ئابووریی بازاڕ، ئەمەش زەنگی پیادەكردنی نەخشە نیو لیبراڵییەكان بوو لە بواری ئابووریدا.

یەكەم دیاری ئەو بڕیارە بۆ خەڵكی پۆلیڤیا دەركردن و بێكاركردنی 25000 كرێكاری كانەكانی (قەسدیر) بوو.

یەكێك لە سەركەوتنەكانی بانكی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كە بە شانازییەوە تا ئێستا باسی لێوە دەكەن و بە سەركەوتنی دەزانن بۆ دەزگاكەیان، رزگاركردنی پۆلیڤیا بوو لە قەیرانی ئابووریی ساڵی 1985، لە رێگەی كەمكردنەوەی كاربردی كۆمەڵ، ئەمەش وەك نموونەیەكی سەركەوتوو بە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا ناسێنرا. تا ئەزموونی لێوەربگرن و كاری لەسەر بكەن.

لەو چاكسازییەدا كۆمپانیای كانەكان فرۆشران، بێكاریی زیادیكرد، هەقدەستی كرێكاران دابەزی، ئابووریی پووكایەوە، جیاوازیی چینایەتی چووە سەرەوە، نرخی ئاو بەرزبۆوە، خزمەتگوزاریی كەمكرایەوە، پشتگیریی لە پێداویستییە زەرورییەكان ژیان نەما، بە كردار هەموو ئەمانە كران، هەرچەندە سەردانی بانكی دراوی نێودەوڵەتی بكەیت لەسەر دەرگای چوونەژوورەوە نووسراوە: «خەونمان جیهانێكی بێ هەژارییە» بەڵام رێك پێچەوانەكەی دەكەن، وەك ئەوەی لە پۆلیڤیا باسمان كرد.

لەگەڵ زۆربوونی دوكانی ئارایشت و ئۆتۆمۆبێلی مۆدێل بەرزدا لە شەقامەكاندا، سواڵكەرەكانی سەر شەقامەكانیش زیادیان كرد. داهاتی تاك دابەزی بۆ سێ یەكی ساڵی 1980، ئەو هەژارییە بوو ئێستاش كە باسی ئەو دەزگا نێودەوڵەتیانە دەكرێت، هەژارانی پۆلیڤیا هێڵنجیان پێی دێتەوە، بۆیە نیولیبراڵییزم لای ئەوان بۆنی لە كەلاك ناخۆشترە، هەر دەردەكەوێت بە چاو و ورگیان نا، بەڵكو بە لووتیان لەو دیو سنوورەكانەوە هەستی پێدەكەن.

لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بە تایبەتیكردن كەرتەكانی نەوت و گازیشی گرتەوە، بەمەش دەرگا بۆ دزینی ئەم دوو كەرتە گرنگەی ئابووریش خرایە سەرپشت، تایبەتیكرن هەر بە نەوت و گازەوە نەوەستا، بگرە ئاوی خواردنەوەشی گرتەوە.

لە سەرەتای نەوەدەكاندا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە تایبەتیكردنی كەرتی تایبەتی سەپاند بەسەر دەسەڵاتداراندا، لە ئەنجامدا سەدان خۆپیشاندان سازكرا، پاش ئەوەی هەژاران خواردنەوەی ئاویشیان لێ گران كرا و نەیانتوانی كرێی ئاو بدەن، بەهۆی زیادكردنی نرخی بۆ 20 دۆلار، كە پێنج یەكی داهاتی تاك بوو، بەمەش جگە لە برسێتی، ئابووریی لیبراڵی تێنوێتیشی بۆ هەژارانی پۆلیڤیا بەدیاری هێنا.

بە وتەی وەزیری ئەشغالی ئەوكاتی پۆلیڤیا 40 هەزار خێزان لە لاباز ناتوانن كەڵك لە ئاو وەرگرن بەهۆی هەژارییەوە، ئەمە وتەی شایەتحاڵەكانی تێنوییەتی نییە، بەڵكو قسەی كەسێكە لە زووەوە لەبەر خواردنەوەی مەی و وازی لە بەكارهێنانی ئاوی هێناوە و پۆلیسی بە وەفای بەردەرگای سندوقی دراوی نێودەوڵەتییە.

لە راپرسییەكدا كە لە مانگی تەممووزی ساڵی 2004 دا بەڕێوەچوو، رێژەی 84،64% ی خەڵك لەگەڵ چاكسازیی یاسای سووتەمەنی بوون، 92،2% لەگەڵ خۆماڵیكردنی سووتەمەنی بوون، واتە دژ بەو بڕیارانەی 39 ساڵ پێشتر بڕیاری لەسەر درا.

لە ئەمریکای لاتین بە شێوەی گشتی ئاراستەی جەماوەر دژ بە ئابووریی بازاڕی ئازاد و هەنگاوە لیبرالییەكانە لە بواری ئابووریدا .

لە رێکەوتی 11/1/2005 كۆمپانیای سویالونیزی ئاو بەهۆی ناڕەزایی جەماوەری تێنووەوە لە وڵات دەركرا، كە لە ساڵی 1997 ەوە لە پۆلیڤیا كاریان دەكرد لە شاری لاباز، كە نرخی هاوبەشیی ئاوی لە هەندێك ناوچە 600% بەرزكردبۆوە .

لە نیسانی 2004دا، لە كوشابامیا لە ئەنجامی ئەو ناڕەزاییانەی بزووتنەوەی بەرهەمهێنەرانی كۆكا ئەنجامیاندا، كۆمپانیای بچلی ئەمریكایی دەركرا، لەوكاتەدا سەرۆكی لیژنەی ئاو ئۆسكار ئۆلیفەرا وتی: «بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی لە هەژارترین وڵاتدا سەركەوتنێكی مەزنی بەسەر سیستمی جیهانگیریدا سەپاند، ئەمە سەرەتایەكی گرنگ بوو بۆ خەباتی جەماوەری لە سەر ئاستی جیهان.

ئاخر چۆن دژی نەوەستنەوە، چاكسازییە ئابوورییەكان جگە لە برسێتی و هەژاریی، هیچی بە دیاریی نەهێناوە بۆیان. داهاتی تاك لە 25 ساڵی پێش ئەو چاكسازییە لە 940 دۆلارەوە گەیشتۆتە 960 دۆلار، كەچی هەڵئاوسان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بوو لەو ماوەیەدا.

خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە نەماندا بوو، 58،6%ی خەڵك بە پێی INF لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بوون، بەتایبەتی گوندنشینەكان بەنزیكەیی هەموویان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژیان، بە بەهێزترین مایكرۆسكۆبیش بگەڕایتایە دەرچوویەكی زانكۆت تێدا نەدەبینیینەوە .

بۆچی هەڵبژاردنی پۆلیڤیا لەلایەن گیڤاراوە؟
بەڕێكەوت بوو گیڤارا پۆلیڤیای بۆ قوناغی دووەمی شۆڕشكردن لە ئەمریکای لاتین هەڵبژارد یان دووربینی و پلانێكی ورد بوو؟، زۆرێك دوای مەرگی گیڤارا هەڵبژاردنی پۆلیڤایان لەلایەن ئەوەوە بۆ شۆڕشكردن بە هەڵە زانی، ئاخر ئەوانە یان شارەزای مێژوو نەبوون، یان خوێندنەوەی ورد و قووڵیان نەبوو بۆ ئاستی ئامادەیی هەژارانی پۆلیڤیا بۆ رزگاربوون لە چەوساندنەوە. لە كاتێكدا لەو سەرو بەندەدا زۆرینەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بزاڤی چەكداریی چەپگەرایانەی لێبوو، نزیكەی 25 بزووتنەوەی چەكداریی لەكاردابوون، ئەو هات و ژمارەیەكی نوێی بۆیان زیادكرد، راستە گیڤارا خەباتە چەكدارییەكەی بە هاوكاریی (CIA) ی ئەمریكا لە ماوەیەكی كورتدا لەلایەن راستڕەوە ئۆلیگارشییە پۆلیڤییەكانەوە سەركوتكرا و تێكشكا و بە مەرگی خۆی كۆتایی هات. ئەو خەونەی بە كرێكارانی كانەكانی (قەسدیر) و هندییە سوورەكانەوە بەستبوویەوە، لەوكاتەدا هیچی لێ شین نەبوو، لەگەڵ مەرگی ئەودا شۆڕشی چەكداریش هەرەسی هێنا. هەرچەندە ئەمساڵ حكومەتی كودەتاچیی رەگەزپەرستی پۆلیڤی، یەكەم وڵات بوو لە جیهان ئاهەنگی یادی مەرگی گیڤارایان گێڕا، بە پێچەوانەی هەموو جیهانەوە، بەڵام بینیمان دوای 53 ساڵ لە مەرگی گیڤارا، لە هەموو كوچە و كۆڵانێكی لابازدا لە پێشەوەی جەماوەرەوە ئامادەی راپەڕینەكانە، لەسەری هەموو شەقامێكدا لەناو باریكاردەكانە، لە ژووری سەری هەموو ماڵە بێ سفرەكانەوە وێنەكەی هەڵواسراوە، لە ژێر سەرینی هەموو دڵدارەكان دەست لە ملیان خەوتووە، بە سەرسنگی هەموو كچانەوەیە، لەگەڵ هەموو هەناسەیەكدا فێنكییە بۆ ئەو جەهەنەمەی سەرمایەداریی لەو كیشوەرە سازی كردووە بۆ هەژاران.

ئەمجارەیان گیڤارا بە سەركەوتنەوە گەڕاوەتەوە بۆ پۆلیڤیا، نە CIA و نە دەسەڵاتدارانی كرێگرتەش ناتوانن پێشی پێ بگرن.

گیڤارا ئەمجارە پارتیزان نییە، كرێكاری كانەكانی (قەسدیر) و نەوت و گازو كێڵگە پان و بەرینەكانی لیسیۆمە، هیندی و ژنانی هەژارە، پەیامبەری رزگارییە بۆ گەلی ئەمریکای باشوور لەو برسێتی و نەهامەتییەی سەرمایەداریی بۆی هێناون، ئیدی دیارە گیڤارا ئەنتی كۆڵۆمبسە.

لە شەستەكاندا بەربڵاوترین وشە کە لە ئەمریکای لاتین بڵاوببۆوە، وشەی شۆڕش بوو، گیڤارا قارەمانی پیادەكردنی ئەو وشەیە بوو، شۆڕش سێ گۆشەی رادیكاڵییەت لە ناوچەكە (ئیكوادۆر- ڤەنزوێللا-كۆڵۆمبیا)ی تێپەڕاند، هەموو ئەمریکای لاتینی گرتەوە.

ئەمڕۆ گیڤارا ئەو ناوەیە هەموو ئەمریکای لاتینی كردووە بە سێ گۆشەی شۆڕش، ئەمجارە لە رێگەی فیشەكەوە نا، بەڵكو بە دەنگەكانی هەڵبژاردن ئاڵای سەركەوتن لە وڵات بە دوای وڵاتدا لە كۆشكی كۆمارییەكانیان هەڵدەکەن.

گیڤارا هەرچەندە بزووتنەوەكەی تێكشكا، بەڵام كاریگەریی لە جووتیارانی ناوچەی هەڵسوڕانی كرد، ئەمڕۆ وەك مەسیحێك لەو هەرێمانە سەیر دەكرێت کە ئەو تێیدا سەرکردایەتیی خەباتی چەكدارییکرد.

لە یاداشتەكانی پۆلیڤیا كە لە نێوان 7/11/1966 بۆ 7/10/1967 نووسیوێتی، تیایدا نیگەرانی خۆی بەرامبەر كرێكارەكانی (قەسدیر) دەربڕیووە، كە شۆڕشیان هەڵنەگیرساندووە، هەرچەندە ئەوكاتە لە ریزەكانیاندا پارتی كۆمۆنیستی پۆلیڤیا زۆر چالاك بووە، راپەڕینی ئەوان لەو سەروبەندەدا كاری لەسەر ورەی گەریلاكان دەكرد، ئەگەری گۆڕینی پارسەنگی هێزەكان لە ئارادابوو بە قازانجی گەریلاكان کە گیڤارا بەشێك لە خەونەكانی لەسەر ئەوە بنیات نابوو.

لە رێکەوتی 8/10/1967 زیاتر لە 1500 چەكداری رژێم بە هاوكاریی CIA هێرشیان كردە سەر گیڤارا و هاوڕێكانی، كە ژمارەیان تەنها 16 گەریلا بوو، پاش 6 سەعات شەڕی قورس، گیڤارا بە برینداری بەدیل گیراو پاشان شەهیدیان كرد. بەڵام بەرگە خوێناوییەكەی لەبەر دانەكەند و بەردەوام بوو لە شۆڕش، بەو بەرگە دڵی جیهانی داگیركرد. ئێستا وا دەبینیین بە سەركەوتوویی گەڕاوەتەوە شەقامەكانی لاباز، شەوو ڕۆژ لە هەموو شەقامێكدا ئامادەیە، گۆرانیی راپەڕین بۆ هەژارانی پۆلیڤیا و هەموو ئەمریکای لاتین دەچڕێت .

پۆلیڤیاو گۆڕانكارییەكان
دوای 481 ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی سپی پێستەكان بەدوای گەشتەكەی كۆڵۆمبس و داگیركردنی پۆلیڤیا لەلایەن ئیسپانیاوە لەساڵی 1525دا و 183 ساڵ لە سەربەخۆیی وڵات، بۆ یەكەمجار پۆلیڤییە رەسەنەكان كە 68%ی دانیشتووانی وڵاتەکە پێكدەهێنن، نزیكەی 20%یش دوو رەگی ئەوروپی- هیندییە سوورەكانن و تەنها 5%یان ئەوروپایین، كەسێكیان بوو بە سەرۆك لە وڵاتی كودەتا سەربازییەكان، كە جاری وا هەبوو تەمەنی كودەتاكان لەم وڵاتە تەنها یەك رۆژ بووە، توانی زۆرترین ماوە 14 ساڵ لەناو 183 ساڵەكەی سەربەخۆیی لەسەر تەختی دەسەڵاتدارێتی بمێنێتەوە، ئەویش ئیڤۆ مۆرالیس بوو، ئەو بە كرێكاری بیناسازیی و دەستفرۆشی تا كرێكاری كشتوكاڵی دەستی پێكرد، بوو بە یەكەم سەرۆكی هاووڵاتیانی رەسەنی ئەمریکا لە جیهاندا. وازی لە بەشێكی زۆری مووچەكەی و كۆشكی كۆماری هێنا، بۆینباخی ببڕای ببڕای لە مل نەكرد، سادە و ساكار ژیا، خیانەتی لە وانەكانی گیڤارای مامۆستای نەكرد.

هەموو هێزەكانی دژی، لە ئەمریکا باوەڕ بە تێزەكانی مۆنرۆوە» كە ئەمریکای لاتین بە باخچەی پشتەوەی باڵەخانەكەیان دەزانن»، تا ئۆلیگارشیەكان و سپی پێستە دەسەڵاتدارەكانی رابردوو لە شارە دەوڵەمەند نشینەكەی سانتاكروزەوە، راسیستەكان بۆ كەنیسەی كاسۆلیك و ئینجیلییەكان و دژبەرانی جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت و ژیاندنەوەی كەلتوور و داب و نەرێتی هاووڵاتییە رەسەنەكان، تا دەگاتە ئیلان ماسك خاوەنی كۆمپانیای تێسلا، هەموو ئەوانەی بە هەنگاوە چاكسازییەكانی مۆرالیس و بەگرتنە دەستی دەسەڵات زیانیان كردبوو، یان لە زیان دەترسان، لە 20ی ئۆكتۆبەرەوە كەوتنە هەوڵی كودەتا كردن.

لە سەرەتادا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گەڕان بە دوای عەدالەتی هەڵبژاردنەوە، سووتاندنی ناوەندی هەڵبژاردن لە سانتا كروز، تا هەڵگرتنی قەناس و كوشتنی لایەنگرانی مۆرالیس و پەلاماردانی ماڵ و منداڵیان، لە كۆتاییدا هەڵگەڕانەوەی پۆلیس و كودەتای سەربازی، ئینجا لە قۆناغی ئازادیخوازییەوە بۆ كوشتوبڕی بێ پەردەو دژایەتیی رۆژنامەنووسان و قەدەغەكردنی كەناڵەكانیان و راگەیاندنی حوكمی سەربازی. ژمارەی كوژراوەكانی سەردەمی كودەتا 11 جاری سەردەمی مۆرالیسی دەسەڵاتدارە لە ماوەی 14 ساڵ دەسەڵاتدارێتیدا، تەنها لەماوەی 9 رۆژی یەكەمی گەیشتنیان بە دەسەڵات، كە وەک دەوترێت بەشێكیش لەو قوربانییانەی سەردەمی مۆرالیس هەر قەناس بەدەستەكانی ئۆپۆزسیۆنی راستڕەوی فاشیست كوشتیانیان. دوای كودەتاكە هەموو نەفەسێكی دیموكراسی قەدەغە كرا، وەك بەرەكانی شەڕ كۆپتەرە سەربازییەكان بە ئاسمانەوە بوون، گولـلە راستییەكان دڵەكانی سارد دەكردەوە، زیندانەكان پڕ كران لە نەیاران.

ترەمپ رایگەیاند گۆڕانكارییەكان هەنگاوێكی گرنگە بۆ دیموكراسی!

كودەتاكەی پۆلیڤیا بۆ كرا؟
لە 231 ساڵی رابردوودا لە هەڵبژاردنی جۆرج واشنتۆنەوە لە ساڵی 1789، ئەمریکا تەنها 16 ساڵی مێژووی خۆی بە ئاشتی تێپەڕاندووە، وڵاتێكە پێدەچێت لەگەڵ ئاشتیدا هەڵنەكات.

ولیام بلۆم فەرمانبەری پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: لە ساڵی 1945 ەوە ئەمریکا 50 حكومەتی رووخاندووە، ئەمەی پۆلیڤیاش بەشێكە لە هەمان سیناریۆ. ئەمریکا كودەتاكەی بە شۆڕشی دیموكراسی دایە قەڵەم و وای وێناكرد كە خەریكە نیوەی رۆژئاوای جیهان بە تەواوی دیموكراسی بێت، پاش ئەوەی لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین حزبە راستڕەوەكان گەڕانەوە دەسەڵات بە هەڵبژاردن یاخود كودەتا، وەك بەرازیل و ئیكوادۆر و پاراگوای و هندۆراس، وەك ئەوەی كودەتا سەربازییەكانی رابردوو كە زۆرینەیان كۆمەڵكوژیان تێدا بەرپابوو ئەوان نەیانکردبێت.

هەردوو بیریاری گەورەی جیهانی چومسكی و فیجای براشاد لە وتارێكی هاوبەشیاندا سەبارت بە كودەتاكەی پۆلیڤیا نووسیان: «ئۆلیگارشی پۆلیڤی بە هاوكاریی ئەمریکا كودەتایان كرد».

بەڵام ئیلان ماسك خاوەنی كۆمپانیای تێسلا وتبووی: «كودەتای پۆلیڤیا پەیوەندیی بە دیموكراسی و شتی لەوجۆرەوە نییە، هێزی كۆمپانیاكانە كە لە گەڵ حكومەتی ئەمریکا دژبە حكومەتی پۆلیڤیا كە ئامادە نەبووە سامانی وڵات بە مەزادی ئاشكرا بفرۆشیت».

وتەكانی ماسك ئەو راستییەی سەلماندەوە كە ئەوەی كرا لە پۆلیڤیا، كودەتای لیسیۆم بوو، وەك ناونرابوو.

دوای كودەتاكە وەزیری وزەی نوێی پۆلیڤیا نامەی نارد بۆ ماسك و تێیدا نووسیبووی: پێشوازیی لە هەر كۆمپانیایەك دەكەین تۆ بینێریت، هاوكات دوای كودەتاكە پشكی كۆمپانیای تێسلا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمۆبیلی كارەبایی سەركەوت، چونكە لیسیۆمەكەی پۆلیڤیا ژیانییە لە بەرهەمهێنانی پاتری ئۆتۆمبێلی كارەبایی، بۆیە دۆڕانی كودەتاچییەكان بە توندی لە 18ی تشرینی یەکەمی 2020دا دۆڕانی ئیلان ماسك و كۆمپانیای تێسلاش بوو، سۆشیالستەكان كە سەركەوتن كۆمپانیای تیسلا 2،05%ی نرخی پشكەكەی دابەزی.

پۆلیڤیا 50 بۆ 80%ی یەدەگی لیسیۆمی جیهانی هەیە، لە باشووری خۆرئاوای پۆلیڤیا بە پانتایی 10582 كیلۆمەتر دووجا لە بەرزایی 3663 مەتر، بیابانێكی سپی پان و بەرینی لیسیۆمی لێیە، 15 ملیۆن تۆنی دڵنیایی یەدەكی لیسیۆم لە جیهاندا هەیە کە هەشت ملیۆن تۆنیان لە بۆلیڤیادایە، بەڵام ئەگەر زۆرە ئەو یەدەكە زیادبكرێت دەگاتە 60 ملیۆن تۆن، بەڵام ئەوەش كاتی دەوێت.

لە شوباتی 2019 كۆمپانیای چینی Xinjiang TBEA و كۆمپانیای Yacimientos de Litio Bolivianos سەربە دەوڵەتی پۆلیڤیا رێكەوتن بە سەرمایەی 3.2 ملیار دۆلار، كارگەی بەرهەمهێنانی پاتریی ئۆتۆمبێل دابنێن 51% بۆ پۆلیڤیا، 49% بۆ چین بوو، لە بڕی ناردە دەرەوەی لیسیۆمەكە، پاتری هەناردە بكرێت، كە پێشتر 82% ی داهات بۆ كۆمپانیاكانی فرە نەتەوەیی خۆرئاوا بوو، 18% بۆ گەلی پۆلیڤیا بوو،» هەرچەندە تەنها پۆلیڤیا نییە، چین قەرزدەری یەكەمە لە ئەمریکای لاتین، خەریكە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیشدا پێشی دەداتەوە.

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە 17 ملیار لە ساڵی 2002 ەوە بەرزبۆتەوە بۆ 315 ملیار دۆلار لەساڵی 2019 دا لەكیشوەرەكە، ململانێی ئەمریکا و چین لە ئەمریکای لاتیندا تینی سەندووە، لەگەڵ هاتنە سەركاری حكومەتە پێشكەوتنخوازە پەمەییەكان لە گەرمیدا سوورتر دادەگەڕێت». پڕۆژەیان هەبوو تا ساڵی 2030 ، 41 كارگەی پاتری لیسیۆم دروست بكەن لە پۆلیڤیا، ئەمە تەنها خەون و هیوا نەبوو، پێشتر حكومەتە چەپەكەی پۆلیڤیا داهاتی نەوت و غازی لە ساڵی 2005 كە تەنها 573 ملیۆن دۆلار بوو، گەیاندە 3 ملیار دۆلار، ئێستا هەر سێ وڵاتی بەرهەمهێنەری لیسیۆم، هاوپەیمانی سێگۆشەی لیسیۆم پێكدەهێنن، «پۆلیڤیا، ئەرجەنتین، چیللی»، پێش كودەتاكە پۆلیڤیا لەگەڵ چین و روسیادا رێكەوتبوون پێكەوە لیسیۆم دەربهێنن و بەرهەمی بهێنن، كودەتاكە كۆتایی بەو پرۆژەیە هێنا.

مۆرالیسیان بۆ نەدەویست؟
تۆباك كاتاری شۆڕشی بۆ سەربەخۆیی لە ئیسپانیا و رزگاربوونی هاووڵاتیانی رەسەن لەساڵی 1781 بەرپاكرد، ئیسپانییەكان گرتیان، جەستەیان پارچە پارچە كرد بۆئەوەی هیچی لەدوا بەجێ نەمێنێت، نەوەكا یادی بكەنەوە.

خۆسیە تۆرێز لە ساڵی 1970 بە كودەتای سەربازی هاتە سەر حوكم بەسەر جەنەراڵ ریخیلۆ كە رۆژێك پێشتر ئەویش كودەتای كردبوو، سیاسەتی چەپگەرایانەی پیادە كرد، سپی پێست و سەربازیش بوو. لە ساڵی 1971 راستڕەوەکان كودەتایان بەسەردا كرد، دوورخرایەوە، وازیان لێ نەهێنا تا لە ئەرجەنتین لە ساڵی 1976 تیرۆریان كرد، دەترسان دوای 5 ساڵی دیكە بگەڕێتەوە.

بۆیە مۆرالیس دەبوایە بڕویشتایە، هاوكات هەڵگری جیناتی تۆباك كاتاری و خۆسیە تۆرێز بوو، هەم توخمی چەپ بوونی هەڵگرتووە وەك خۆسیە تۆرێز، هەم رۆحیانەتی ئازادیخوازیی رەسەنایەتی تۆباك كاتاری لە خوێنیدایە، بۆیە دەبوایا بڕۆیشتایە، تاوانی ئەوەبوو هاووڵاتی رەسەن و كەسێكی سۆسیالستی ریفۆرمیستی بە بنەچە كرێكاربوو، بەرژەوەندیی ئۆلیگارشی و ئەمریکای بە باشی نەپاراست، دەرگای تاڵانكردنی لیسیۆم و نەوت و گازی نەكردە سەر پشت، دەیانەویست لەناوی ببەن، دەربازبوون لە كودەتاچییەكان بۆ ئەو سانا نەبوو، شەوی كودەتاكە لە پەلەوەرگەیەك دەخەوێت بە نهێنی، دەیویست خەباتی چەكداریی رابگەیەنێت، گرتنی سەربازگەیەكیشی خستبووە بەرنامەی خۆیەوە، بەڵام دەكەوتە تەڵەكەوە، وەك ئێستا خەونەكەی نەهاتە دی، كودەتا چییەكان بە كارمەندەكانی فڕۆكەخانەیان وتبوو: یەكی 50 هەزار دۆلارتان دەدەینێ دەستگیری بكەن، 1000 كەس لە لایەنگرانی لە فڕۆكەخانەی كۆتشابامبا بەڕێیان كرد، دوای ساڵێك تەنها لەهەمان فڕۆكەخانە ملیۆنێك کەس پێشوازیی لێكرد.

نەیارەكانی كێ بوون ؟
چوار كارەكتەری سەرەكی سەركردایەتی ئۆپۆزسیۆنی راستڕەویان دەكرد، كە هاوبەشی لە نێوانیاندا هەبوو، سپی پێستی، راستڕەوی، پارێزگاریی ئاینی كاسۆلیك و ئینجیلی، سەرمایەداریی و توندوتیژبوون».
دوای كودەتاكە كە چوونە ناو كۆشكی كۆمارییەوە، ئاڵای وێڤالای هاووڵاتییە رەسەنەكانیان سووتاند و رایان گەیاند ئیتر ئێرە نابیننەوە، بەڵام گرەوەكەیان لە 18ی ئۆكتۆبەرە مەزنەكەی پۆلیڤیا دۆڕاند، ئەو 4 كارەكتەرەش بریتی بوون لە:

1-سەرۆك كۆماری كاتی پێشوو لە رێگەی كودەتاوە … جانین ئانیز لە 12ی نۆڤەمبەرەوەJeanine Áñez; 13 August 1967)»، پارێزەر و رۆژنامەنووس، سپی پێستی رەگەزپەرستی راسیست، رۆژی كودەتاكە كە چووە ناو كۆشكی كۆمارییەوە، وتی: « خوا رێگای دا ئینجیل بگەڕیتەوە كۆشكی كۆماری»، پێشتر لە ساڵی 2013ەدا رایگەیاندبوو خەون دەبینێت بە پۆلیڤیایەكی بێ سرووتی شەیتانی هیندییە سوورەكان» كۆلاس»، و وتبووشی ژیانی شاری بۆ ئەوان نییە، بەڵكو پێویستە بچن بۆ بەرزاییەكانی چاكۆ، ئانێز. ئەندامانی بزووتنەوەی (بەرەو سۆشیالیزم)ی بە وەحشی ناوبرد، باوەڕی بە پاككردنەوەی پۆلیڤیا لە سروتی شەیتانی هاووڵاتیانی رەسەن هەیە، دەیووت دەبێت پایتەختیان لێ پاك بكرێتەوە، بیاننێرینەوە بۆ كێوەكان.

ئەو باوەڕی بە باڵایی رەگەزی سپی پێست هەیە، كە تەنها 5%ی هاووڵاتیانی پۆلیڤیا پێك دەهێنن، هەرچەندە 97%ی هاووڵاتیانی پۆلیڤیا خۆیان بە كریستان دەزانن، لێ كریستیانی لای ئەو تەنها بۆ سپی پێستەكانە، ئەو لە رێگەی پەرلەمانێكەوە بووە سەرۆك کە كورسییەكانی هەمووی بەتاڵ بوو.
تەنانەت لە کانوونی دووەمی 2020 لە شاری سوكری رایگەیاند: نابێت رێگە بەو دڕندانە بدەین کە بگەڕینەوە بۆ دەسەڵات، لەكاتێكدا بە بەڵگە مۆرالیس میهرەبانترین فەرمانڕەوای پێنج سەدەی رابردووی وڵات بوو.

2- كارلۆس میسا كاندیدی دۆڕاوی سەرۆك كۆماری ،» October 17، 2003 – June 9، 2005 « وە سەرۆكی دەركراوی كۆمار «كرێكاران لە دژی خۆپیشاندانیان كرد، لە ئازاری 2005 دەستی لەکار كێشایەوە، بەڵام پەرلەمان دەست لەکاركێشانەوەكەی پەسەند نەكرد، دواتر لە 10ی حوزەیران جارێكی دیكە دەستی لەکاركێشایەوە، ئەوجارە دەستكێشانەوەكەی پەسەندکرا، پاش 32 رۆژ خۆپیشاندانی بەردەوام، ئێستا باسی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرایەتیان دەكات، كەچی 80 كەسی لە خۆپیشاندەرانی ئەو رۆژگارە لە پۆلیڤیا كوشت، ئینجا كورسی دەسەڵاتی بەجێهێشت، رازیش نەبوو پەرلەمانی پۆلیڤیا كۆبوونەوە بۆ پەسەندكردنی دەست لەكاركێشانەوەی مۆرالیس بكات، لەم هەڵبژاردنە خراپتر لە جاری پێشوو دۆڕا.

3-لویس فیرناندۆ كۆماتشۆ و ماركۆ بۆماری، دوو كەسایەتیی سەرمایەدار، لە بەڕێوەبەرایەتی یەكێتی خاوەن كارانی سانتاكرۆزن، ناوەندی سپی پێست و سەرمایەداران و پارێزگارە راستڕەوەكانی وڵات، سپی پێستی بیروباوەڕ رەگەزپەرستی زەبروزەنگاوی شەڕەنگێز، پارێزگاری دژبە ژنی ئۆلیگارشی راستگەرای توندڕەوی دژ بەهاووڵاتیانی رەسەنی پۆلیڤین، چۆڕاوی كۆنەپەرستیان لێ دەتكێت، لەكاتی كودەتاكەی ساڵی رابردوودا بە ئینجیلێكی گەورە و ئاڵای كۆنی پۆلیڤاوە چوونە ناو كۆشكی كۆمارییەوە، لەوێ رایانگەیاند باشاماما ئیتر نایاتە ناو كۆشكی كۆمارییەوە، مەبەستی هاووڵاتیانی رەسەنە، ئەمجارەش زۆریان هەوڵدا، بەڵام كۆماچۆ لە هەڵبژاردندا خۆی تاقیكردەوە، دۆڕانەكان وزەی یاخیبوونەوەیەكی دیكەی لێ بڕی، هەرچەندە بۆ چركەیەكیش لە رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وچانی نەداوە و لە تاوانكردن رانەوەستاوە، پێشناچێت بە سانایی تەسلیمی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ببێت.

4-هەرچەندە 88،9% هاووڵاتیانی پۆلیڤیا كریستانن، بەڵام كەنیسەی كاسۆلیك و ئینجیلییەكانیش لایەنگری دەسەڵاتی لە مێژینەی سپی پێستەكانن لە وڵات كە تەنها 5%ی هاووڵاتیان پێكدەهێنن، كە لە هەڵبژاردنەكەدا دۆڕان، بۆ خۆی بردنەوەی بیروباوەڕی هاووڵاتیانی رەسەن ویبهالا بوو بەسەر ئینجیلدا، ئەوان هەر 33 نەتەوە رەسەنەكەی وڵات جۆرە كریستانێكیان بۆ خۆیان لەگەڵ بەهاكانی مەسیح گونجاندبوو، رەتی چەوسانەوە و رەگەز پەرستی دەكات، بۆیە ئەو كەنیسانە رەتی ئیمانەكەیان دەكەنەوە.

مۆرالیس لە وڵات چی كردبوو؟
لە مێژووی كۆماری پۆلیڤیا مۆرالیس زۆرترین ماوە لە وڵاتی كودەتا سەربازییەكانی سوپا 35 هەزار كەسییەكەدا حوكمڕانێكی سەقامگیربووە، لەو ماوەیەدا حوكمڕانی جێگیربووە و هەمووان هەستیان بە بوونی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی كەرامەت كردووە، بە تایبەتی زۆرینەی هاووڵاتیانی دانیشتووانی رەسەن، لەو ماوەیەدا تامی هاووڵاتی بوونیان كرد و بەهرەمەند بوون لە سامانی دەوڵەت و زۆرێكیان زانكۆیان تەواوكرد، كە پێشتر خەون بوو،
لەماوەی ئەو 14 ساڵەدا، جگە لە گەڕانەوەی كەرامەت بۆ هاووڵاتیانی رەسەن و تێكەڵەكان»رەسەن – ئەوروپی»، لە رووی ئابووریی و ئازادییەكانەوە كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگی نا، گرنگترینیان :

1- جیاكردنەوەی ئایین لە دەوڵەت.

2- نەخوێندەواری لە13% ەوە دابەزی بۆ 2،4%، بێكاری لە 9،2% دابەزی بۆ 4،1%، هەژاری لە 60،6% دابەزی بۆ 34،6%، زۆر هەژاریی لە 38،2% دابەزی بۆ 15،2%.

3- بەرهەمی نەتەوەیی وڵات لە 9 ملیار دۆلارەوە بەرزكردەوە بۆ 43 ملیار و 687 ملیۆن دۆلار.

4- پارەی یەدەكی وڵاتی لە ملیارێك و 85 ملیۆن دۆلارەوە بەرزكردەوە بۆ 15 ملیار و 282 ملیۆن دۆلار.

5- بە خۆماڵیكردنی وزە و سامانی ژێر زەمینی وڵات كە پێشتر بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بوو لە پێنج سەدە لەمەوبەرەوە، زێڕ و زیوی وڵات بۆ ئیسپانییەكان بوو، ئێستاش خاوەنی 9 ملیۆن تۆن یەدەكی لیسیۆمە، كە روحی پاتری ئۆتۆمۆبێلی كارەباییە، كە جیهان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات، ئەگەری بەرزبوونەوەی بۆ 21 ملیۆن تۆن هەیە.

6-دابینكردنی خوێندن و نەخۆشخانە بۆ هاووڵاتیان، پێگەیاندنی چینێكی بەرفراوان لە هاووڵاتیانی رەسەن، جاران جووتیارێكت نەدەبینی دەرچووی زانكۆ، ئێستا نەوەیەكی لێیان گەیاندە زانكۆ.

7-كەمكردنەوەی ئیمتیازاتی سەرۆك كۆمار و جێگیرەكەی و وەزیرەكان، دەرگای كۆشكی كۆماری خرایە سەر پشت بۆ هەمووان.

8-بەشداریپێكردنی ژنان و هاووڵاتیانی رەسەن لە حوكمڕانی و نەهێشتنی ئاپارتایدی جنسی و رەگەزی.

9-زیادكردنی لانیكەمی كرێ بە رێژەی 50% و دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینی لە 65 ساڵەوە بۆ 58 ساڵ.

ئەمەو دەیان و سەدان چاكسازیی دیكەی لە بەرژەوەندیی هەژاران و هاووڵاتیانی رەسەنی پۆلیڤی ئەنجامدا، هەموو ئەوانەی بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەو دەستكەوتانە بوو، بەرەو رووی كودەتاكە بوونەوە .

هەڵەی مۆرالیس
مۆرالیس هەڵەیەكی ستراتیژیی گەورەی كرد كاتێك خۆی بۆ چوارەم خولی سەرۆك كۆماری كاندید كردەوە، لە كاتێكدا دەیتوانی جێگیرەكەی ئەلفارۆ گارسیای تێكۆشەر و سەركردەی پارتیزانی پێشتر «سەركردەی بزووتنەوەی ماركسیستی تۆباك كاتاری پۆلیڤیا» كاندید بكات، سپی پێستێكی رۆشنبیری ناسراو، مێژوونووسێكی بە بڕشت و ناسراو و چەپێکی جێگیر بوو. لە دوای كودەتاكەش هەر بە یاوەری مایەوە، یاخود بەهەمان شێوەی ئێستا لویس ئارسا و جێگیرەكەی دەیڤید شۆكیۆانكا كاندید بكردبایا، كە سێ خول وەزیری ئابووریی بووە لە حكومەتەكەی، سەرۆك و جێگرەكەی هەردووكیان وێڕای بیروباوەڕی سیاسییان لە گەلی ئیمارای رەسەنن، مۆرالیس پێش هەموو شتێك قوربانیی چوارەم خولی كاندید بوونێتی لە دەرەوەی دەستوورەوە و بە پێگەیەكی لاوازەوە چووە هەڵبژاردنەوە، دابەزینی دەنگەكانیشی لە « 53%، 64%، 61%» ەوە بۆ 47% بۆ خۆی پاشەكشەیەكی 14% یی بوو لە ئەنجامەكانی خولی پێشوو، دەنا بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە ئەوەی دەوترا سەبارەت بە ساختەكاریی دووربوو لە راستییەوە.

لۆلا سەرۆكی پێشووی بەرازیل پێی وت: «خۆت كاندید بكەیت بۆ چوارەم جار دەیبەیتەوە، بەڵام هەڵەیە، مۆخیكا باوكی هەژارانی جیهانیش هەمان ئاگاداركردنەوەی پێیدا، كەچی نەیارەكانی رێگایان پێیداو خستیانە بۆسەوە. لویس ئەلماگرۆ ئەمینداری گشتیی رێكخراوی وڵاتانی ئەمریكایی دانی بەوەدا نا كە رۆڵی گێڕاوە دژبە مۆرالیس لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2019 دا، رێگەدانیش بە خۆكاندیدكردنەوەی مۆرالیس لەلایەن ئەلماگرۆوە لەبەرئەوە بوو باوەڕی وابوو لە هەڵبژاردنەكە دەدۆڕێت، وەك بەشێك لە پیلانگێڕیی كە دووساڵ پێش هەڵبژاردنەكە ئامادە كرابوو، ئەوان گرەویان لەسەر دۆڕانی كردبوو، كە بردییەوە بەرەوڕووی بوونەوە، چونكە ئەنجامەکە پێچەوانەی نەخشەكەیان کەوتەوە، هەمووان دەزانن لایەنگرانی ئەو هاووڵاتیانی رەسەنی ناوچە هەژار و دوورەكانە و سندوقەكانی دەنگدانی ئەوان درەنگتر دەگەنە ناوەندەكانی جیاكردنەوە، ئەوەی كێشەی لەسەربوو، زۆر كەمتر بوو لەوەی ئەنجامەكان بگۆڕێت، دەوترا گزیی هەڵبژاردن لە 78 ناوچە كراوە بەهۆی دواكەوتن لە گەیشتنی ئەنجامەكانی لە كۆی 34555 ناوچەی دەنگدان، كە دەكاتە تەنها 0،22%ی كۆی ناوچەكان، ئەمەش ئەنجام ناگۆڕێت، چونكە ئەو 10،49% لەپێش نزیكترین كاندیدەوە بوو « 47.08% Evo Morales- Carlos Mesa 36.51% «، ئۆپۆزسیۆنی راستڕەو چیان بكردبایە نەیاندەتوانی جیاوازییەكە لە 10،49% ەوە دابەزێنن بۆ كەمتر لە 10%، تەنانەت ئەگەر لەكۆی 0،22%ی دەنگە دواكەوتووەكە، دەنگێكیشی بۆ مۆرالیس نەبوایە، كە دەنگی ناوچەكانی قەڵەمڕەویی ئەو بوون، كە بە پێی یاسا ئەو ژمارەیە سەركەوتنەكەی یەكلادەكردەوە، بۆیە بە ناچاری نەخشەی كودەتاكەیان داڕشت، پێش هەڵبژاردنیش دەنگۆی كودەتا بڵاوكرایەوە.

11 ساڵ پێشتریش هەمان هەوڵدان هەبووە، ساڵی 2008 ویستیان كودەتا بكەن، فیلیپ گۆلدبێرگ باڵیۆزی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵات دەركرا، ئەوكات مۆرالیس ئاستی جەماوەریی لەسەرووی 60% ەوە بوو، بۆیە ئەستەم بوو سەركەوتنی، سێجار هەوڵی كودەتا شكستی پێ هێنرا لە رابردوو، ئێستاش بە دەستوور نەیانتوانی بە سانایی كودەتا بكەن، بۆیە نەخشەی كودەتاكەیان داڕشت لە رێگەی سوپاوە، كە 14 ساڵ بوو زاتی كودەتای وایان نەدەكرد، چونكە لە مێژوودا پۆلیڤیا سەرۆكی جەماوەریی وای بەخۆوە نەبینیبوو، زیاتر لە 50% ی دەنگەكان بهێنێتەوە.

كودەتاكە لە رێگەی پەرلەمان و ئەنجوومەنێكی پیرانی كورسی بەتاڵەوە بەرگی یاسایی بەبەردا كرا، ئەمجارە سوپا كاری خۆی كرد، هیچ بەرگرییەك نەكرا، دەستكەوتی 14 ساڵ حوكمڕانی توایەوە، مۆرالیس لە تەنگانەدا كێماسییەكەی بۆ دەركەوت، بەڵام كار لەكار ترازابوو، نەیتوانی ئاوڕ بۆ دواوە بداتەوە، وتی هەڵەمان كرد کە خەڵكمان چەكدار نەكرد وەك ڤەنزوێللا، شەپۆڵی هاووڵاتیانی رەسەنی بێ چەك زەلیل بوون بەدەست كەمایەتییەكی چەكداری فاشیستەوە. سوپا كە نەتوانرا بێلایەن بكرێت، وەك ئامراز بەدەست كەمایەتییەوە مایەوە، هەموو كات وەك پاژنەی ئەخیل خاڵە لاوازەكەیە.

کودەتایەکی ئاوێتەی سەربازیی سیاسی

ئەوەی كرا كودەتایەكی سەربازیی سیاسی بوو لە بەرگی نوێدا، كە پرۆسەی دەستلەكاركێشانەوەی كودەتایی و تۆقاندن و پەیڕەوكردنی یاسای گاڵتەجاڕانەی بەبێ ئەوەی لانیكەمی یاسای لەگەڵدا بێت، بەلام ئامانجە كۆنەكە ئەوەیە چەپ و دانیشتوانی رەسەن بڤەن لە كۆشكی كۆماری، مۆرالیس و جێگیرەكەیان ناچاركرد دەست لەكار بكێشنەوە، دواتر رێگە نەدرا سەرۆكی ئەنجومەنی پیران و جێگیرەكەی و سەرۆكی پەرلەمان بچنە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پیرانەوە كە مافی بوون بە سەرۆكیان هەبوو، هەموو سەربە (پارتی بزووتنەوەی بەرەو سۆسیالستی) بوون، بۆیە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانیان دیاریكرد بە سەرۆك لە كۆبوونەوەیەكی ناشەرعیدا كە زۆر كەمتر لە نیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران ئامادەبوون، لە كۆبوونەوەیەك كورسییە بەتاڵەكان زۆر زیاتر بوون لەوانەی لە ژوورەوە بوون، بە هەنووكەشەوە پەرلەمان دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك و جێگرەكەی ئەوكاتی پەسەند نەكردووە، كە پارسەنگ لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران بەلای مۆرالیسەوە بوو « 88 لە كۆی 130 پەرلەمانتار، 25 لە كۆی 36 ئەنجومەنی پیرانی هەبوو»، هاوكات كاتی خۆی پەرلەمان دەست لەكاركێشانەوەی كارلۆس میسای لەساڵی 2005 رەتكردۆتەوە، ئەمەش پێشینەیەكی شەرمەزارییە بۆیان، بەتایبەتی بۆ میسا، بەدوای ئەو سیناریۆ كرچ و كاڵەدا حكومەتێكی سەربازیی فاشیستانەیان راگەیاند، لەمۆرەكانی راستڕەو و سپی پێستە ئۆلیگارشیەكان، لە گەڵیشیدا سوپایان سەربەستكرد لە سەركوتكردنی ناڕەزاییەكان.

شیری چۆلەكە گەیشت
لە كۆتاییدا شیری چۆلەكەكە وەك خۆشترین مژدە لە ئەمریکای لاتینەوە دەركەوت، ئیرادەی جەماوەر بەسەر هێزی دۆلاردا سەركەوت، كودەتای پۆلیڤیا لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە وەك پولی دۆمینۆ هەرەسیهێنا، 18ی ئۆكتۆبەر بە ئەندازەی 11ی ئەپرێلی 2002 ی ڤەنزوێللا گرنگ بوو بۆ كیشوەری ئەمریکای لاتین، كودەتای سەربازیی بە كودەتای گەلی و ئیرادەی گەل وەڵامدرایەوە، چونكە ئەوان وەك ئەمریکای لاتین زیاتر لەسەر یەك ئاواز شایی دەكەن، كە ئاوازی گیڤارایە.

پۆمبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جانین ئانییز سەرۆكی كودەتاكەری كاتی پۆلیڤیا ئاڵای سپی شكستیان بەرزكردەوە لە بەرامبەر ئەو سەركەوتنەی گەلی پۆلیڤیا.

كودەتاكەی نۆڤەمبەری 2019ی پۆلیڤیا نەك كۆتایی بە (بزووتنەوەی بەرەو سۆشیالیزم) وەك چیللی و زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە قۆناغە جیاجیاكان حەوت دەیەی رابردوو نەهێنا، بەڵكو بووە داینەمۆی هاتنەوە مەیدان و بەهێزتر لە جاران، بە سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكان قوناغی دووەمی حكومەتی پەمەیی دژبە لیبرالیزمی نوێ لە ئەمریکای لاتین دەست پێدەكاتەوە، وەك واشنتۆن پۆست هۆشداریی لە شەپۆلی پەمەیی دایەوە و نووسیبووی: «سۆشیالیستەكان پۆلیڤیا شەپۆلی پەمەیی لە ئەمریکای لاتین زیندوو دەكەنەوە».

پۆلیڤیا لەچاو مەكسیك و ئەرجەنتین قورسایی نییە، بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە، كە بەرازیل یەكەمی كیشوەرەكە و مەكسیكیش دووەمیانە».

پۆلیڤیا بەرهەمی نەتەوەیی ساڵانەی 45045 ملیۆن دۆلار، مەكسیك 1،74 ترلیۆن دۆلار، واتا 38 جارێتی، ئەرجەنتین 449 ملیار دۆلار واتا 10 جارێتی، بەڵام سەركەوتنەكە لە سەركەوتنی چەپ لەو دوو وڵاتە گرنگترە كە پێشتر بەدەستیان هێنابوو، بەهۆی تێكشكانی عەقڵی كودەتاچی ئۆلیگارشی لوتبەرزی سپی پێستەوە، لە هەڵبژاردنەكەی 18ی ئۆكتۆبەر لویس ئارس، كاندیدی مۆرالیس 20.8%ی لە مۆرالیسی 20ی ئۆكتۆبەری 2019 زیاتر دەنگ بەدەستهێنایەوە، دەنگی دۆڵفینەكە زیاتر بوو لە خاوەنەكەی وەك راستڕەوەکان بە دۆڵفینی مۆرالیسی ناو دەبەن، « لویس ئارسی 28/9/1963 كاندیدی سۆشیالیستەكان 55،10%ی دەنگەكان، كارلۆس میسا 12/8/1953، 28،83%، لویس فرناندۆ كۆماچۆ 15/2/1979، 14%ی دەنگەكان»، لە هەڵبژاردنەكە 88،42%ی دەنگدەران بەشدارییان كرد.

هاوكات 75 كورسی پەرلەمان لە كۆی 130 كورسی و 21 كورسی ئەنجومەنی پیران لە كۆی 36 كورسی ئەنجومەنەكەیان بەدەست هێنا، هەرچەندە بڕیاری یەكلاكەرەوەو 24 كورسی دەیدا بۆ گۆڕانكاریی دەستووری، بەمەش وەك مۆخیكا باوكە خۆشەویستەكەی چەپی جیهان وتەنی، كودەتای لیسیۆم كۆتایی پێهات، هەرچەندە لە كۆی 10 هەرێم بزووتنەوەی (بەرەو سۆشیالیزم) چوار لەو هەرێمانەی پێ كۆنترۆڵ نەكراوە، بەڵام تیایاندا یان هێزی كاریگەرە یانیش یەكەمە بێ زۆرینەیە، بەتایبەتی شاری بۆرژوای سپی پێست نشینی ئۆلیگارشیەكان سانتا كرۆز، كە سەرچاوەی نائارامییەكانی سەردەمی كودەتا و دوای هەڵبژاردنەكە و ئایندەشە.

لە سانتا كروز (بزووتنەوەی بەرەو سۆشیالیزم) 36،21%ی دەنگەكانی هەیە، فرناندۆ كۆماچۆ راستڕەوی فاشیست جگە لە سانتاكروز كە تیایدا 45،70% ی دەنگەكانی هەرێمەكەی هێناوە، «دوای لاباز دووەم گەورەترین هەرێمە لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە 3.420.084، وە گەورەترین لە رووی روپێوەوە 33،74%ی خاكی وڵاتە، 25 كورسی پەرلەمانی هەیە»، لە شوێنەكانی دیكەی وڵات پەراوێزە، ئەو تەنها سەركردەی هەرێمێكە بە ناتەواوی، لە هەرێمی بنی لە باكوور كۆماچۆ 23،70%ی دەنگەكانی هەیە و میسا 39.17%ی دەنگەكانی ئەو هەرێمەی هەیە و یەكەمە تیایدا، لە باندۆ دووەم و سێیەمن بە هەردوولایان 52.11%ی دەنگەكانیان هەیە، لە هەرێمی تاریكا لە باشوور كە (بزووتنەوەی بەرەو سۆشیالیزم) 41،62%ی دەنگەكانی هەیە، بەڵام ئەوان بە هەردوو لایانەوە زۆرینەن.

سەركەوتنی چەپ لە پۆلیڤیا هاوكات بوو لەگەڵ سەركەوتنی راپرسییەكەی گەلی چیللی، لە راپرسییەكەی 25ی تشرینی یەکەمی 2020دا گەلی چیللی، رێك هەفتەیەك دوای هەڵبژاردنەكەی پۆلیڤیا بەڕێوەچوو، بە 78.99%ی دەنگەكان بڕیاری گۆڕینی دەستوورەكەی بینۆچێیان دا، كە دەستوورە نوێیەكە لەلایەن لیژنەیەكی هەڵبژێردراوەوە بنووسرێتەوە، راستڕەوەكان بە نەخێر دەنگیان دا لە راپرسییەكەدا، راست لە چیللی دۆڕانێكی قورستر لە پۆلیڤیا دۆڕا، لەكۆی 345 شارەوانی 340ی دەنگیان بە گۆڕینی دەستوورەكەی پینۆچێ دا، ئەو شارەوانییانەی دەنگیان بە گۆڕینی دەستوور نەدا، سیانیان گەڕەكی دەوڵەمەندنشینی پایتەخت بوون بە ناوەكانی فیتاكۆرا، ولوس كۆندیس زلو بارنیشا.

لە هەڵبژاردنی گویانای ئەمریکای لاتینیش، پارتی گەلی پێشكەوتنخوازی چەپ – ماركسی لە هەڵبژاردنی 2ی ئازاری 2020دا بە هێنانی 33 كورسی لە كۆی 65 كورسی پەرلەمان گەیشتنەوە بە دەسەڵات، بۆ یەكەمجار لە و وڵاتەدا كەسایەتییەكی بە رەچەڵەك موسڵمان بەڵام ئایدیا چەپی سۆسیالستی و عەلمانی بەناوی عیرفان عەلی بووە سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە.

لە ئۆرۆگوای-ش دوای ئەوەی لە کانونی یەکەمی 2019 چەپەكان لە هەڵبژاردندا دۆڕان، پاش 15 ساڵ لە حوكمڕانی، كەچی لە مانگی ئەیلولی 2020 پایتەختیان بە 52% بردەوە، كە لە كۆی 3.4 ملیۆن دانیشتووانی وڵاتەکە 1.3 ملیۆن هاووڵاتی لە خۆ دەگرێت، ئەندازیاری كارەبا و سەركردە لە حزبی شیوعی خاتوو كارۆلینا كۆس براوەی ئەمجارە بوو، بووە پاریزگاری پایتەخت.

لە ئیكوادۆریش كە نەیانهێشت سەرۆكی چەپی پێشوو رافائیل كۆریا بەشداریی هەڵبژاردن بكات بۆ پۆستی جێگیری سەرۆك، بەڵام پێشبینی دەكرێت هاوپەیمانیی (یەكێتی لە پێناو هیوا) لە هەڵبژاردنی 7/2/2021 دا دەنگی یەكەم بهێنێتەوە، چەپ لەو تەنگژەیەی بەدوای كودەتا هەڵگەڕانەوەكەی مۆرینۆ لە چەپ، یان دروستتر خیانەتەكەی لینین مۆرینۆ، وەك هێزی یەكەمی وڵات خۆی رێكبخاتەوە.

راپرسییەكان دەریدەخەن لە ئیكوادۆر، هەڵبژاردن بكرێت كوریسمۆی چەپ دەیباتەوە .

لە ڤەنزوێللاش لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا كە لە 6ی کانونی دووەمدا بەڕێوەچوو، پارتی سۆسیالستی دەسەڵاتدار بە هێنانی 69.32% ی دەنگەكان بردییەوە، وێڕای دەنگی چەپ و شیوعییەكان 2.73% و هاووڵاتییە رەسەنەكان، هەرچەندە لە دەنگدانەكەدا تەنها 30.5%ی هاووڵاتیان، 9% كەمتر لە هەڵبژاردنی پێشوو بەشداریی دەنگدان كرا.

هەموو ئەمانە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی مەكسیك و ئەرجەنتین و ناوخۆییەكانی بەرازیلەوە، تەنانەت بە هەڵكشانی بیری سۆشیالستی لەناو گەنجانی ئەمریکا و بە قەیرانە ئابوورییەكانی وڵاتانی ئەمریکای لاتینەوە كە پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بەرهەمی نەتەوەیی بە رێژی 10% دابەزێت، هەروەها 15 ملیۆن هاووڵاتی كیشوەرەكە پەیوەست ببنەوە بە سوپای هەژارانەوە، بەمەش بۆمان دەرەكەوێت كە ئاراستەی دەنگدان لە كیشوەرەكەدا گۆڕاوە.

وتەیەكی ئەفریقی هەیە دەڵێت: «كە مۆسیقا دەگۆڕێت، سەماش لە گەڵیدا دەگۆڕێت».

هەموو سەركردە چەپەكانی ئەمریکای لاتین ئاهەنگیان گێڕا بۆ سەركەوتنی پۆلیڤیا، لە لۆلاوە بۆ مۆخیكا، وڵاتانی ڤەنزوێللا و ئەرجەنتین و مەكسیك و نیكاراگوا هەموو بادەی خۆشییان هەڵدایەوە.

راستڕەوەکان دۆش دامان
سانتاكرۆز کە گەورەترین شاری پڕ دانیشتووانی پۆلیڤیایە، 35%ی بەرهەمی نەتەوەیی وڵات بەرهەم دەهێنێت، 40%ی وەبەرهێنانی بێگانەش لەخۆدەگرێت، لەگەڵ 80%ی بەرهەمی كشتوكاڵی وڵات. «شوێنی دەوڵەمەندەكان پۆلیڤیا و دڵی ئابووریی وڵاتە، زۆرینەی پێكدێت لە كەمایەتی سپی پێستی باڵا دەست بەسەر ئابووریی و سیاسەت لە وڵات و دوو رەگەكان. ناوچەكانی دیکەی وڵاتەکە لە چاوییەوە زۆرینەی هاووڵاتیانی رەسەنی هەژارن، سانتا كرۆز لەو رۆژەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشكرا كراوە، لە یاخیبووندایە بە پشتیوانیی كەمایەتی فاشیستەكان، چركە ساتێكیش وچانی نەداوە.

هەرچەندە دادگای باڵای هەڵبژاردن لە نەیارانی «بزووتنەوەی لە پێناو سۆسیالزم»ن، بەڵام نەیانتوانی وەك سەرۆك كۆماری پێشوو دان نەنێن بە سەركەوتنەكەدا، كە بواری مانۆڕیان نەماوە تێیدا، بردنەوەكە بە رادەیەكی گورچك بڕە، مانۆڕی بۆ راستڕەوەکان و سوپاو واشنتۆن و برۆكسل نەهێشتۆتەوە، تەنانە گومان و پرسیاریەکانیشی هەموو پێ قووتدانەوە.

جانین ئانییز كە دانی نا بە دۆڕان، راستڕەوەکان پەلاماری توندیان دا، هەرچەندە ئەو و چەند كاندیدێكی دیكەی راست، پێش دەنگدانەكە پاشەكشەیان كرد لە كاندید بوون لە پێناو یەكێتیی راستەکان تا رێگە لە بەردەم بردنەوەی چەپەکاندا بگرن، ئەوان پێشبینی چوونە خولی دووەمیان دەكرد، بەڵام بردنەوەكە بواری راچەڵكینیشی لێ بڕین.

راستی فاشیستی پەڕگیر بە سەركردایەتی كاندیدی دۆڕاو لویس فرناندۆ كاماچۆ كە تەنها هێزی یەكەمی هەرێمی سانتا كرۆزە دۆڕانێكی قورس دۆڕا، بەڵام دان بە شكستی هەڵبژاردندا نانێن و پێیناچێت بچنە ژێر باری ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە، هەرچەندە تەنها 14%ی دەنگەكانی هێنایەوە، كەچی دان نانێت بە دۆڕانەكەیدا.

مانگرتنی 48 سەعاتیی راگەیاند، ناڕەزایەتی لە سانتا كرۆز، كۆچابامبا، ئۆرۆ و سوكری بەڕێوە برد، هاوكات ئۆپۆزسیۆن سەردانی تیپی هەشتی سانتاكرۆزیان كرد، داوای كودەتایان كرد، بۆئەوەی دەسەڵات نەكەوێتە دەستی کۆمۆنیستەکان، لە هەندێك شاری خۆرهەڵاتی وڵاتدا خۆپیشاندان دەستیپێكرد و داواكرا دەسەڵات رادەست نەكرێت، ئەنجامی هەڵبژاردن رەتبكرێتەوە، ئەمەش باوەڕ بوونە بە دیموكراسی!
هاوكات پارتە ئۆپۆزسیۆنە راستڕەوەکان پەلاماری ئۆرلاندۆ جۆتیرۆسی سەرۆكی ساندیكای كرێكارانی كانەكانیان لە 22/10 داو تیرۆریان كرد.

ئێستا فرناندۆ كاماچۆ كاندیدی فەرمانڕەوای هەرێمی سانتاكرۆزە لەلایەن پارتی راستڕەوی فاشیستی كریمۆسەوە، كە داوای پۆلیڤیایەكی فیدرالی دەكات، وەك هەنگاوێك بۆ جیاكردنەوەی هەرێمەكە، چونكە ئومێدێكیان بە كایەی هەڵبژاردن نەماوە، شەڕەكە بۆتە شەڕی ناسنامەكان.

بەرەو دۆڕانە مەزنەكە
كاتێك مۆرالیس خۆی بۆ خولی چوارەم كاندیدكردەوە، سەرۆكی پێشووی بەرازیل لۆلا ئاگاداری كردەوە كە هەڵە دەكات، هەرچەندە بردیيەوە، بەڵام پێگەی جەماوەريی دابەزیبوو، بە ئێستاشەوە نەیارانی نەیانتوانی بەڵگەی گزیكردن لە هەڵبژاردنی پێشوو بخەنە روو.

ئەمینداری گشتی رێكخراوی وڵاتانی ئەمریکا لویس ئەلماگرۆ بە بەهانەی ساختەكردن لە هەڵبژاردن داوای كرد مۆرالیس دەستلەكار بكێشێتەوە، دواتر پەشیمان بۆوە، بەڵام كار لەكار ترازا بوو، دەركەوت هیچ بەڵگەیەك بۆ ساختەكاری نەبووە، هەڵبژاردنەكە پاكژ بووە.

لە بری ئەوەی گزیيەكان دەستنیشان بكەن، لە جیاتی ئەوەی سندوقەكانی دەنگدان بپارێزن بۆ هەژماركردنەوە، كەچی لە سانتا كرۆز ئۆفیسی هەڵبژاردن سوتێنرا لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە.

لە شاری فینتۆ سەرۆكی شارەوانی پرچیان بڕی و بۆیەی سووریان كرد وەك ئەتك كردنێك، شەڕێكی سەرانسەرییان بە گوتاری فاشیستانە دژبە زۆرینەی هاووڵاتیانی رەسەن راگەیاند، ویستیان مێژووی زەلیلییەكان بگەڕێننەوە، ئەو چەند رۆژە بووە هێز بۆ توندكردنی شەڕی سەرانسەری لە نێوان كەمایەتی و زۆرینەدا، ئەستەم بوو كۆمەڵگە بگەڕێنرێتەوە پێش مۆرالیس، لەو ماوەیەدا نەوەیەك پەروەردە كرابوو.

فەرماندەی سوپای پۆلیڤی ویلیام كالیمان رامرۆ پاڵەپەستۆی خستە سەر مۆرالیس لە 10ی نۆڤەمبەر دەست لەکاربكێشێتەوە، (بزووتنەوەی ئینجیلی پۆلیڤیا كە گرێدراوی ئینجیلی ئەمریکا و بەرازیلە، پشتیوانی كودەتا بوون، لویس كاماچۆ ملیاردێر و فاشیست لە سانتاكرۆز، بە پشتیوانیی وڵاتانی ئەمریکا، بەرازیل و كۆڵۆمبیا و ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێللایی و كەنیسەی ئینجیلی و كاسۆلیكی ئاڵای كودەتاكەی بەرز كردەوە، شەڕ دژبە تەواوی هاووڵاتیانی رەسەن راگەیەندرا.

لە كودەتاكەدا باش داكۆكی نەكرا لە مۆرالیس، خۆیان بۆ شەڕێكی وا ئامادە نەكردبوو، سەندیكای ناوەنديی كرێكارانیش لەگەڵ رۆیشتنیدا بوون، بەڵام دواتر بەرەوڕووی كودەتاچییەكانیش بوونەوە، راستڕەوەكان داشیان لەو چركەساتەدا وا سوار بوو، ئامادەی گفتوگۆكردن نەبوون لەگەڵ مۆرالیس، تەنانەت بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنیش رازی نەبوون، راستە بزووتنەوەی (بەرەو سۆشیالیزم) پارتێكی سیاسییە، بەڵام یەكێتیی فیكرییان نییە، بەشێك لەوانە پشتیوانیی مۆرالیسن، بەڵام باوەڕیان بە سۆشیالیزم نییە، بەشێكیشیان باوەڕیان بە سۆشیالیزمە و نەیاری مۆرالیسن. لەو رۆژەدا پارتەکە لە تەنگژەدا بوو، بەتایبەتی مۆرالیس نووسابوو بە كورسییەوە و پاشەكشەی بۆ جووتیارانی دەوڵەمەندی سانتا كرۆز بەتایبەتی ئاژەڵدارە گەورەكان زۆركردبوو.

كودەتاچیيەكان پەلەیان كرد لە بەتایبەتی كردنی كەرتی گشتی، هەرچیيەكیان بەردەستكەوت، درێغییان نەكرد، گەندەڵی و تاڵان و كۆمەڵكوژيی.

بە گشتی ئامارەكانی ئابووریی وڵات لە ماوەی ساڵێك حوكمڕانیان سەرتاپا سوورن، بەرهەمی نەتەوەیی پێشبینی دەكرێت 11.1% بۆ ئەمساڵ بپوكێتەوە، كورتهێنانی بودجە 12.1% -ە، قەرزەكان 4.2 ملیار دۆلارن زیاترن، وڵات مایەپووچ و قەرزدارە، 3 ملیۆن پۆلیفی پارەی هەیە، 1.5ملیۆن ئیلتزامی قەرز دانەوە بۆ كۆتایی ساڵ، زیادبوونی رێژەی بێكاری لە 4.1% ەوە بۆ 11.8% بەرزبۆتەوە، دوای هاتنە سەركاری سۆشیالیستەكان بە مانگێك توانیان بێكاریی بۆ 10% كەمبكەنەوە، راوەستانی پڕۆژە ئابوورییەكان.

لە هەمووشی زیاتر شكستیان بوو بەرامبەر نەخۆشیی كۆرۆنا، بەهۆی داڕمانی كەرتی تەندروستییەوە، پۆلیڤیا لەو بارەیەوە ژمارە 41 ی لیستی نەخۆشكەوتووانی داگیرکرد، کە ژمارەکە 143181 كەسی تێپەڕاند، ژمارەی مردووەكانیش گەیشتە 8841 كەس.

كودەتاچیغەكان نەیانتوانی ژیانی خەڵك باشتر بكەن، بگرە زۆرخراپتر بوو، هەژاريی چووە سەر، هێرش بۆسەر كەرامەتی زۆرینەی رەسەن گەیشتە لوتكەی نامرۆڤانە، نەیانتوانی بەرەوڕووی كۆرۆنا ببنەوە، شوێنەواری تەندروستی و ئابووریی خراپی لێكەوتەوە، بۆیە شكستەكەی پۆلیڤیا دەبێتە نموونە بۆ وڵاتانی دیکە.

تەنانەت سەندیكای ناوەندی كرێكارانیش پێشتر داوای دەست لەكاركێشانەوەی مۆرالیسیان دەكرد، بەڵام نایانەویست بگەڕێنەوە قۆناغی حوكمڕانی نیولیبرالییەت، دوای رووخانی مرۆالیس، بوونە داینەمۆی ناڕەزاییەكان بەرامبەر بە دەسەڵاتی راستڕەوی كودەتاچییەكان، هەرچەندە جیاوازییەكان تەنها ئایدیۆلۆژی نەبوو لە نێوان خەڵك و كودەتاچییەكان، بەڵكو كۆمەڵایەتی، ناسنامە، چینایەتی، شارو دێ، سپی و رەسەن، هەژار و دەوڵەمەند و…هتد بوون، درزەكە لە نێوان زۆرینە و كەمینەی كودەتاچی نەك بە 11 مانگ فەرمانڕەوایی، بە 5 سەدەی رابردوو پڕ نەكرابۆوە. راستە هەڵبژاردن دەنگدان بوو بە نموونەی ئابووریی سەردەمی مۆرالیس و رەتكردنەوەی بەتایبەتیكردن و نیولیبرالیەت، بەڵام هاوكات شەڕی كەلتوورەكانیش بوو، گەڕاندنەوەی كەرامەتە بۆ زۆرینە، جێگری سەرۆك كۆمار وتی: «90%ی هاووڵاتیانی رەسەنمان لەگەڵە، كەواتە هەموو دەنگەكانیان دەنگی ئەوانە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارێتی زیاتر لایەنگری هەژاران بن، راستە مۆرالیس بەشداریی هەڵبژاردنەكەی نەكرد، بەڵام خەڵك دەنگیان بە نموونەی فەرمانڕەوایی 14 ساڵەی ئەو و دژایەتیكردنی بە تایبەتیكردن دا، دەنگدانەكە لە نێوان دوو كەلتوور، دوو مۆدێلی ئابووریی بوو، لە هەردووكیاندا مۆرالیس هەڵبژاردەی براوە بوو.

كودەتاچییە نیولیبراڵەكان لە 3 ی ئایار و 28 ی حوزەیران و 27ی ئەیلول هەڵبژاردنیان دواخست، دەترسان لە هەڵبژاردن، دەیانزانی چیان تۆو كردووە بۆ دوورینەوە، بەهۆی گوشارەوە لە 13/8 پاش سەپاندنی ئابڵۆقە لەلایەن سەندیكای كرێكارانەوە بەسەر لابازی پایتەخت، رازی بوون بە هەڵبژاردن لە 18ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەبچێت، ناڕەزایەتی دژبە دواخستنی هەڵبژاردن بووە هۆی نەچوونی ئۆكسجین بۆ نەخۆشەكان و زیاتر لە 40 كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، ئێستا ئەویش كەیسێكە دژ بە مۆرالیس لە لایەن سەرۆكی كودەتاچیی پێشوەوە لە دادگا تۆماركراوە.

كە تەسلیمی هەڵبژاردن بوون و ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدەكان بە ئانیزی سەرۆكیشەوە پاشەكشەیان كرد لە كاندید بوون، بۆئەوەی بە كاندێكی راستڕەوەوە بچنە بەرامبەر كاندیدی بزووتنەوەی بەرەو سۆشیالیزم، ئەوان و رۆژنامە و دەزگا راپرسییەكانیش پێشبینیان وابوو، لە خولی دووەمدا چەپ بدۆڕێت و درێژە بە دەسەڵات بدەن، بەڵام پێشبینیەكەیان نەهاتە دی، دۆڕانێك بە تامی سەركەوتنی شۆڕش دۆڕان.

ئەی ئێستا چی؟
گۆڤاری ئیكۆنۆمیست، پۆلیڤیای لە پاڵ مالی و نیوزلەنداو تایوان و ئەمریکا هەڵبژارد، كە لە پێوەری دیموكراسی و مافی مرۆڤدا بەرەو باشتر چوون، شكستی كودەتا لە رێگەی شكستی كەمەرشكێنی هەڵبژاردن و جەمسەربەندی كۆمەڵگە لە رووی كۆمەڵایەتی و مۆدێلی بەڕێوەبردنی ئابووری، رێگەی مانۆڕی لەبەردەم بەرەی هێزو پارە و كودەتادا بڕی.

مۆرالیس كە بە هەڵاتن وڵاتی بەجێهێشتبوو، وەك پاڵەوان بە پێشوازیی ملیۆنی لە شارەكاندا پێشوازی لێكرا.

پێش تەسلیمكردنی دەسەڵات، حكومەتی راست داوای 350 ڤیزای بۆ حكومەتی كودەتا كرد بۆ هەڵاتن، دوایی گەیشتە 445، بەشێكی زۆر لە بەشدارانی كودەتا وڵاتیان بەجێهێشت، حكومەت بڕیاری گۆڕینی فەرماندەی سوپای دەركرد، بە دوایدا بڕیاری گرتن بۆ كۆلۆنێڵ ئیڤان رۆخاس كە ماڵی مۆرالیسی سوتاندبوو دەرچوو، ئەنیز ویستی رابكات، خەڵك نەیانهێشت، كە بڕیاری ژمارە 4078 ی لە 14 ی تشرینی دووەم واژۆ كردبوو، تیایدا هێزە چەكدارەكانی لە بەرپرسیارێتی تاوان لە سەركوتكردنی خەڵكدا بێبەری كردبوو، كودەتا چییەكان زۆریان هەڵاتن بۆ بەرازیل و ئەمریکا، لێپرسینەوە دەكرێت لە كودەتا، بەرپرسی پایگای كۆچاباما ئەلفریدۆ كۆیلار دەستگیر كرا، بە تاوانی كوشتنی 12 كەس و برینداركردنی 125 كەسی دیکە، ژەنەراڵ ئەلفریدۆ كۆیلار خرایە ژێر چاودێریی توندەوە، كەیس لەسەر تاوانەكان دوای كودەتاكە كرایەوە، كە كۆی گشتی 37 كەس كوژران، كە 27 یان راستەوخۆ بە گولـلە كوژرابوون، و 522 كەسیش بریندار كران، كۆمەڵكوژیی سینكاتا لە 19/11/ 2019، لێكۆڵینەوەی لێدەكرێت.

داواكاری گشتی پۆلیڤیا لێكۆڵینەوە لەسەر فرناندۆ كاماچۆ کاندید بۆ سەرۆك كۆماری و 5 كەسی تر دەركردەوە، لە ناویاندا باوكی و فەرماندەی سەربازیی هەن، تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوان لە كاتی كودەتا سەربازییەكەدا.

سەرۆكی پۆلیڤیا دەڵێت: «ئەو سەربازانەی لە هەردوو كۆمەڵكوژیی سینكاتا لە شاری ئال ئاتۆ و ساكاباوە گلاون، ناتوانن لە بەرپرسیارێتی هەڵبێن.

بەڵام حكومەت لێكۆڵینەوە لە كودەتاكە و لێكەوتەكانی سپارد بە لێژنەی مافی مرۆڤی وڵاتانی ئەمریکای لاتین، بۆئەوەی دادوەریی لە دەست نەدات .

مۆرالیس چی دەكات؟
مۆرالیس لە كۆبوونەوەی پارتەكەی دیاریكرایەوە بە سەرۆكی بزووتنەوەی بەرەو سۆشیاليزم و سەرپەرشتیاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی پۆلیڤیا لە 7ی ئازاری داهاتوو، بۆ هەڵبژاردنی هەرێمەكان بەڕێوە دەچێت، لە ئێستاوە هەڵمەتی هەڵبژاردن گەرمە و ململانێكان سەختن، بۆئەوەی بردنەوەكان بپارێزرێت، بزووتنەوەی بەرەو سۆشیاليزم پێویستی بە سەركەوتنە، بە تایبەتیش شەڕە سەختەكە دەكەوێتە شاری سانتا كرۆزەوە، راستڕەوەکان لەسەر ئاستی وڵات 38 هاوپەیمانییان دروستكردووە بۆ هەڵبژاردنی 7ی ئازاری شارەوانییەكان، لێ لە سانتاكرۆز نەیانتوانیووە بە هاوپەیمانی بچنە هەڵبژاردنەوە.

لە حوكمڕانیی سەرتاسەریش بێ ئومێد بوون، بۆیە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا هەوڵی جیاكردنەوە و پارچەپارچە كردنی وڵات بدەن.

هەنگاوەكانی حكومەت بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هەژاران
حكومەت لە یەكەم رۆژی دەست بەكاربوونی، بڕیاری بەپەلەی دا بۆ هاوكاریكردنی برسیيەكان، جگە لە لێپرسینەوە لە كودەتا، هەنگاوی دووەمیش سەپاندنی باجی سامانە بەسەر ئەوانەی داهاتیان لە 30 ملیۆن

پۆلیڤار « 6.89 پۆلیڤار دۆلارێكە»ساڵانە زیاترە، كە 150 كەس دەگرێتەوە، بەمەش دەیەوێت ساڵانە 110 ملیۆن پۆلیڤار بگەڕێتەوە بۆ حكومەت.

هەر لەو مانگەدا توانی رێژەی بێكارغی لە 11.8% ەوە دابەزێنێت بۆ 10%، و بەهۆی تایبەتیكردنەوە ئەو كارگە و كارخانە دەوڵەتییانەی لەكار راوەستێنرابوون كاریان پێ بكاتەوە، پێش كودەتای لیسیۆمیش لەگەڵ چین و روسیا رێك كەوتبوون كە پێكەوە كاربكەن بۆ دەرهێنانی كانی لیسیۆم و دامەزراندنی كارگەی پاتری ئۆتۆمبێل لە ناوچەكانی كانەكانی لیسیۆم دروست بكەن.

حكومەت چاوی بڕیوەتەوە ئەو رێكەوتنانە، هاوكات لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەكاندا گەڕایەوە بۆ پێش كودەتاكە .

شەڕی كۆرۆنا تەواو نەبووە، شوێنەواری قەیرانی ئابووری توندە، بەڵام هاوكات كەرامەت بۆ زۆرینە گەڕاوەتەوە، لە پاڵ كەرامەت پێویستیان بە سكی تێریش هەیە، شیری چۆلەكە ئەگەر گۆشتی چۆلەكەی لە گەڵدا نەبێت خەونە، بۆیە چارەسەر ئاهەنگی سەركەوتن كۆتایی دێت، خەڵك چاوەڕوانی كار و نان و ئازادییە.

 287 جار بینراوە