سەرەکی » ئاراستە » بەسەرهاتی ئەو منداڵەی بە تەنیا كەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال

بەسەرهاتی ئەو منداڵەی بە تەنیا كەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال

سیروان سلێمان

سەردار سابیر ساڵح، لەكاتی ئەنفالەكاندا تەمەنی 11 ساڵ بووە، كاتێك لەشكری بەعس شاڵاوی ئەنفالكردنی ناوچەكەی ئەوان ئەنجام دەدات، بەتەنیا دەكەوێتە بەر شاڵاوەكەو دەبرێتە نوگرەسەلمان، ئیدی دەبێتە خاوەنی بەسەرهاتێكی سەرنجڕاكێش و شایەتحاڵێكی گرنگی ئەو تاوانە گەورەیەی دەرهەق بە گەلی كورد كراوە.

قۆناغی چوارەمی ئەنفال
سەردار لە دایكبووی ساڵی 1977 و خەڵكی گوندی (گۆمەشین)ە لە ناوچەی كۆیە، كە ئەنفال دەستی پێكردووە خوێندكاری پۆلی چوارەمی سەرەتایی بووە.

قۆناغی چوارەمی ئەنفال ( ئەنفالی ناوچەكانی زێی بچوك و كۆیە و دەورووبەری)، لە رۆژی 3/5/1988 دەستپێدەكات و تا رۆژی 8/5 دەخایەنێت.

لە گەرمەی شاڵاوی ئەنفالكردنی ئەو ناوچەیەدا، رۆژی 5/5/1988 لەشكری بەعس هەڵدوتنە سەر گوندی ( گۆمەشین)ی سەر بەشاری كۆیە، گوندەكە دەسووتێنن و خەڵكێكی زۆریش دەستگیر دەكەن.

لە بنەماڵەكەی سەردار، خۆی و محەمەد ساڵحی مامی و ساڵح ئەحمەدی باپیری دەكەونە بەر شاڵاوەكەو دەستگیر دەكرێن، پاشان خەڵكە دەستگیركراوەكان ڕەوانەی سەبازگەی قەڵای هەرمۆتە لە كۆیە دەكەن و دوو رۆژ لەوێ دەهێڵدرێنەوە.

هەر لەوێ ئەفسەرو سەربازەكانی بەعس، دووگەنجی دەستگیركراو بە ناوەكانی (غەفور عەباس و عەزیز عەباس) لە پێشچاوی خوشك و برا و دایك و خەڵكەكەی تر، زۆر بێ بەزەییانە و دڕندانە ئەشكەنجە دەدەن تا ئاستی مردن، بە هامان شێوە محەمەدی مامی سەرداریش زۆر ئەشكەنجە دەدەن و هەر لەوێ‌ گوللەبارانیشی دەكەن.

سەردار دەگێڕێتەوە: دوای دوو رۆژەكە بە ئیڤای سەربازی گواستیانینەوە بۆ تۆپزاوای كەركوك، لەوێ كراینە سێ بەشەوە، گەنجەكان، پیروپەككەوتەكان، ژن و منداڵ، بۆیە منیش لە باپیرم دابڕێنرام و تێكەڵی ژن و منداڵەكان كرام، لەگەڵ خەڵكی گۆمەشین چوار رۆژ لە تۆپزاوا ماینەوە، لە نیوەشەوێكی درەنگدا خەڵكێكی زۆریان گواستەوە بۆ شوێنێكی نادیار كە دوایی زانرا بۆ دوبزە، گۆمەشینییەكان لەو كۆمەڵە خەڵكەدابوون كە گواستیاننەوە و من بە تەنیا لەگەڵ خەڵكی ناوچەكانی تر كە نەمدەناسین ماینەوە.

دواتر ئەو خەڵكەی مابووینەوە هەموومان ڕەوانەی (دوبز، نوگرەسەلمان، عەرعەر و سەماوە)كراین و ئەو وەجبەیەی منی تیابووم براینە دوبز.

من و كەسێكی چەمچەماڵی بەناوی (خالد محەمەد نەجم) خراینە قاعەی (موتەفەریق)ەكانەوە كە زیاتر خەڵكی گەرمیان بوون.

سەردار لە درێژەی گێڕانەوەكانیدا دەڵێت: لەو قاعەیە گەنجێكی بە هیممەت و بە سۆزی لێبوو ناوی (سەلام عەبدوڵڵا غەفور- خەڵكی ناوچەی كوڵەجۆی زەندئاباد بوو)، زۆر هاوكاریی كردم، پێی وتم: (هیچ خەم مەخۆ، ئێمە هەموومان براو كەسی تۆین)، زۆر دڵخۆشی دامەوەو وایكردبوو زۆر هەست بەتەنیایی نەكەم، بڕێك پارەشی لەو خەڵكە بۆ كۆكردمەوەو لە پەیداكردنی خۆراكیشدا هاوكاریی زۆری كردم، بەكورتییەكەی ببووە فریادڕەسێك بۆم.

زیندانییەكانی تریش كە زانیان منداڵێكی بێكەسم و خۆم بەتەنیا گیراوم، زۆر بەگەرمی پێشوازیان كردم و دڵنەواییان دەكردم.

دیمەنێكی خەمناك
كاتێكیش لەشكری ئەنفال سەرقاڵی ئەوەن ئەو خەڵكە لە دوبزەوە بۆ شوێنێكی نادیار بەڕێبكرێن، لەسەر جادەی گشتی كەركوك- بەغدا ریزێك پاسی گەورە ( مونشەئە)ی ئامادەكراو بۆ ئەو مەبەستە راوەستاون، سەردار لە منداڵێكی لادێی و شەرمنەوە، بەناچاری دەبێت بە منداڵێكی چاوكراوە و وریا، بارودۆخ ناچاری دەكات تەقەلای ئازادبوون بدات، بۆیە دەكەوێتە قسەكردن لەگەڵ ئەفسەر و سەربازەكان و دەیەوێت بە فێڵێك خۆی رزگار بكات، بۆیە پێیان دەڵێت (من خەڵكی شارم و بە ناهەق گیراوم).

لەو بابەتە قسەی زۆر دەكات، بەڵام نەك بەقسەی ناكەن، هەڕەشەشی لێدەكەن كەنابێ وا بڵێت، بۆیە لە ترسا قسەكەی دەگۆڕێ‌ و دەڵێ خەڵكی گوندی گۆمەشینم.

ئیتر دەخرێتە ناو پاسێكەوە و لەگەڵ خەڵكی گەرمیان تێكەڵ دەكرێت، لە نێو مەنشئەكەدا زۆر دەگری و هاوار دەكات، نەقیبێكی عەسكەری توند گوێچكەی دەگرێت و پێی دەڵێت: دەتەوێت بمریت؟ ئەگەر چیتر بگریت لەو پەنجەرەوە فرێت دەدەمە خوارەوە)، ئیتر سەرداریش دەزانێت هیچی پێناكرێت، بۆیە بێدەنگ دەبێت، بەڵام ئەفسەرێكی تر بە پلەی ڕائید بەناوی (تەحسین) لەگەڵی نەرمونیان دەبێت و هەوڵدەدا ئازادی بكات، بەس هیچی پێناكرێت.

سەردار دەڵێت: پاسەكان بەڕێكەوتن، رێگەكە دوروودرێژبوو زۆر هیلاك بووین، بۆیە من خەوم لێكەوت، كاتێك لە دەنگە دەنگە خەبەرم بۆوە گەیشتبوینە نوگرەسەلمان، بەگشتی ماوەی 16 سەعات بەڕێگەوەبووین.

دەشڵێت: منیان خستە قاعەیەكی بچوكی تەنگەبەر و شەوێك لەوێ مامەوە، پڕبوو لە خەڵكی بە تەمەن، وەرزەكەی گەرماو چلەی هاوین بوو، دیمەنێكی خەمناك و سەرسوڕهێنەرم بینی، پیرەژن و پیرەپیاوێك دانیشتبوون، پیرەپیاوەكە لە گەرما چۆغەكەی داكەندبوو هەموو پەراسووەكانی لە ژێر پێستەكەیەوە دەرپەڕیبون، ئەو پیاوە بەس پێست و ئێسقانی مابۆوە، ئیتر تێگەیشتم بە هۆی برسییەتییەوە وای بەسەرهاتووە.

دوای شەوێك سەردار دەگوازرێتەوە بۆ قاعەیەكی ترو بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لای ژنێك دەمێنێتەوە بەناوی(ئاسكە كەریم هەیبەت)، ژنێكی تر كە لەوێ دەبێت بەناوی (خۆراسان- خەڵكی گوندی هۆمەرمل)ی گەرمیان، كە دەبینێ سەردار بێكەسە، لەتاوا زۆر هاوار دەكات، بەڵام فایدەی نابێت، پاشان ژنێكی تر بەناوی (حاجی خاوەر-خەڵكی عەزیز قادر)ی گەرمیان كە لەگەڵ منداڵەكانیدا لە هەمان قاعەدابووە، سەردار دەگرێتە خۆی و ئەویش زۆر دڵی بەو ژنەو منداڵەكانی دەكرێتەوە و دەڵێت: ئەو ژنە وەك دایك بوو بۆم، ماوەی سێ مانگ منی گرتە خۆی و وەك منداڵی خۆی خزمەتی دەكردم، لەگەڵ منداڵەكانیدا جیاوازیی نەدەكردم.
هەر لە نوگرەسەلمان بۆم دەركەوت باپیریشم لەوێ بووە، مردووە و هەر لەوێش نێژراوە.

بەڵێنەكەی بردە سەر
ئەو ئەفسەرەی كە پێشتر باسكرا (ڕائید تەحسین) كە بەڵێنیی بە سەردار دابوو هەوڵی ئازادكردنی بدات، كاتێك بڕیاری ئازادكردنی كۆمەڵێك ژن و منداڵ و كەسانی بەتەمەن دەدرێت، زۆر بەدوای سەرداردا دەگەڕێ تا دەیدۆزێتەوە و دەیخاتە ریزی ئەو ژن و منداڵانەی كە بڕیاری ئازادكردنیان درابوو، بەڕێكەوت ئەو رۆژە حەجاج لەوێ نەبووە.

حەجاج ئەفسەرێكی پلەباڵای بەعس بووە، لێپرسراوی زیندانی نوگرەسەلمان بووە، لای كورد بە دڵڕەقی و بێ بەزەیی و بە زەبروزەنگ ناسراوە، زیندانییەكانی نوگرەسەلمانی زۆر ئازارداوە و زۆریشی لێكوشتوون، بۆیە ئەگەر ئەو لەوێ بوایە نەیدەهێشت سەردار ئازاد بێت، رائید تەحسین زۆریش لە حەجاج ترساوە بەڵام بەڵێنەكەی بەسەرداری دابوو بەجێی هێناوە.

سەردار دەڵێت: براینە سەماوە و لەوێشەوە ڕەوانەی تۆپزاوا كراینەوە، ماوەی 15ڕۆژ لەوێ هێشتیانینەوە، ئینجا ڕادەستی دائیرەی ئەمنی كەركوك كرام و چەند رۆژێك بەتەنیا لە ژوورێكی تەنگ و تاریك زیندانی كرام، كەسیش پرسیارێكی لێنەكرم، دوایی بە ئۆتۆمبیلێكی داخراو بردیانمە ناو بازاڕی كەركوك و ئازادیان كردم.

سەردار لەوكاتەدا تەمەنی 11 ساڵ بووە، بەو پارەیەی كە پێشتر (سەلام عەبدوڵڵا غەفور) لە زیندانییەكان بۆی كۆكردبۆوە، یەكسەر تەكسیەك بەكرێ دەگرێت بۆ شاری هەولێرو دەچێتە ماڵی خزمێكیان، ئەوانیش دوای خزمەتكردن دەیبەن بۆ ماڵی خاڵێكی بە ناوی (سەید جەلال عەبدولعەزیز)، سەردار شەوێك لە ماڵی خاڵی دەمێنێتەوە، خۆی دەشوات و جل و بەرگی تازەی لەبەر دەكەن و رۆژی دواتر خاڵی دەیباتەوە بۆ ماڵی خۆیان لەشاری كۆیە، چونكە لەدوای ئەنفالەوە ماڵی سەردار لە كۆیە نیشتەجێ دەبن.

دوای حەوت مانگ دابڕان و شوێنبزر بوون، سەردار لەلایەن دایكییەوە لە ئامێز دەگیرێت و بەیەكتری شاد دەبنەوە.

ئەگەرچی سەردار تامی ئازادی و گەڕانەوەی بۆ ماڵی كرد، بەڵام لە دۆخێكی دژواردابوو كە چۆن هەواڵی گوللەبارانكردنی مامی و مردنی باپیری، بە خێزانەكەی بڵێت.

 334 جار بینراوە