سەرەکی » مانشێت » ״وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات״

״وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات״

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند: بەمەبەستی جێگیركردنی پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عیراقدا، لەم هەفتەیەدا دوو وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكەن، یەكێك لە وەفدەكان سیاسی و ئەوی دیكەش حكومی دەبێت.

د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاماژەی بەوەدا «بە ئامانجی جێگیركردنی پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عیراقدا لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتنەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا كراوە، لەم هەفتەیەدا دوو وەفدی سیاسی و حكومیی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكەن»، وتیشی: هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عیراقدا لەگەڵ بەغدا بگەینە رێكەوتن.

وەزیری پلاندانان راشیگەیاند: حكومەتی هەرێم سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەیە كە چاوەڕوان دەكرێت پێش كۆتایی مانگی سێ لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت.

״ سبەینێ وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات״
لەلایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەكی تایبەت بە PUKmedia ی راگەیاند: بڕیارە سبەینێ 24/1/2021، وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عیراق كە بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی لەسەر بدات.

 142 جار بینراوە