سەرەکی » ئاراستە » یادی خەباتی شەهید رزگار هەركی

یادی خەباتی شەهید رزگار هەركی

ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی

شەهید ڕزگار ئیسماعیل سەلیم سێودین ناسراو بە ڕزگار هەركی، لە دایكبووی ساڵی 1972ی گوندی (مام خاڵان)ی بە ناحیەی مەسیف لە پارێزگای هەولێرە.

خوێندنی سەرەتایی هەر لەو گوندە تەواو كردووە، وەك لاوێكی خوێنگەرم زوو ئاشنایەتی لەگەل كوردایەتی و ڕێبازی پیڕۆزی سەرۆك مام جەلال پەیداكردووە، ساڵی 1991 پەیوەندیكدووە بە ڕێكخستنەكانی ی.ن.ك و هەمان ساڵ بووە بە پێشمەرگەی هێزی10ی دەشتی هەولێر.

ئازاو چاوكراوە بووە، لەبەر ئازایەتی و قارەمانێتی هەر زوو بۆتە فەرماندەی تیپ، بەشداریی چەندین شەڕو نەبەردیی كردووە و ڕۆڵێكی گەورەی بینیوە.

لەئەنجامی دەستەمۆكردنی تاكی كورد لەناو خاك و وڵاتی خویدا و جیاوازی نێوان نەتەوەكان وچینایەتی بەسەر گەلانی عیراق و چەشتنی ئازارەكانی دسەتی بەعس، هەموو ئەوانە پاڵنەر بوون كە شەهید ڕزگار و بنەماڵەكەی لەتەك ڕۆڵەكانی هۆزەكەیان بە هەستێكی قوڵی نیشتمانییەوە بەشداری لە چەندین چالاكی پێشمەرگایەتی بكەن لە سنووری پارێزگای هەولێر، هاوكات دەورێكی ئێجگار گەورە دەگێڕن لەپاراستنی دەستكەوتەكانی ڕاپەرین.

رۆڵەكانی ئەو خانەوادە شۆڕشگێرە، راستگۆیانە تێكۆشاون و دەورێكی مێژوویی كاریگەریان لەنێو ڕێزەكانی یەكێتیدا گێڕاوە، ڕاستەرێی یەكێتیان گرتۆتەبەر بە لولەی چەكەكانیان و بەئیرادەیەكی پۆڵایینەوە بوونە شورای پاراستنی قەڵای تێكۆشانی شەهید سەرداری سەعید سۆفی وهاوڕێكانی.

لەو پێناوەشدا، ئەو خانەوادە شۆڕشگێڕە جگە لە شەهید ڕزگار هەركی، دوو رۆڵەی دیكەیان، دوو برای شەهید رزگاری بە ناوەكانی: (مستەفا و ئەرسەلان هەركی )بە كاروانی شەهیدانی كوردو یەكێتی بەخشیوە.

شەهید ڕزگارو براكانی گەنجانی پڕ لە ورەو هیواو بەتوانابوون، هاوڕێكانیان لە بارەی دڵسۆزی و تێكۆشانیانەوە دەڵێن: بەگیانی خۆیان مژدە بەخشی ڕزگاری و پارێزەری كاروانی خەباتی یەكێتی بوون، لەوكاتەدا لەگێژاوی دوای ڕاپەرین لەو هەموو گەلەكۆمەكێیەی كرایە سەر یەكێتی، ئەوان نمونەی قارەمانی بوون لە تێكشكاندنی هەڵمەت و پیلانی سەر یەكێتی.

بەداخەوە، رزگار هەركی و هاوڕێیەكی بەناوی ساڵح تەتوو هەركی، لە 26/12/1993 لە شەڕێكی سەپێنراو بەسەر یەكێتیدا، لە گوندی باغەمرەی سەر بە ناحیەی قوشتەپەی پارێزگای هەولێر، نزیك كارگەی توون شەهید دەكرێن و دەگەنە كاروانی شەهیدان.

 202 جار بینراوە