سەرەکی » هەمەڕەنگ » کەلار، دیداری مەلا جەمیل رۆژبەیانی بەڕێوەچوو

کەلار، دیداری مەلا جەمیل رۆژبەیانی بەڕێوەچوو

بەئامادەبونی وەزیری رۆشنبیری و لاوان، لەگەرمیان دیداری (ھزر و ھەڵوێست لەخامەی مەلا جەمیل رۆژبەیانی)دا بەڕێوەچوو.
دیداری مەلا جەمیل رۆژبەیانی، لەلایەن (ناوەندی رۆشنبیریی ئەدیبان و نووسەرانی کەلار) رۆژانی
11-12/2/2021 بەئامادەبونی (حەمەی حەمەسەعید- وەزیری رۆشنبیری و لاوان) و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و رۆشنبیران و نووسەران سازکرا.

لەچالاکییەکەدا (جەلال نوری- سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان)، لەوتەیەکدا؛ باسی لەبڕشتی قەڵەمی (مەلا جەمیل رۆژبەیانی) کرد، ھەروەھا جەختی لەسەر گرنگی و پێویستی یادکردنەوەی ئەو جۆرە کەسایەتییە رۆشنبیر و کاریگەرانە کردەوە. لای خۆشیەوە وەزیری رۆشنبیری و لاوان باسی لەژیان و بەرھەمەکانی مەلا جەمیل کرد، وتی: رۆشنبیرێک بووە، بۆ بەھا جوانەکانی ژیان تێکۆشاوە. حەمەی حەمەسەعید، ئاماژەی بەوەشدا؛ بەھۆی قەیرانی دارایی، نەیانتوانیوە، وەک پێویست، یادی نووسەران و رۆشنبیرانی کۆچکردوو بکەنەوە.

پاشان چالاکییەکانی دیدارەکە دەستیانپێکرد و لەپانێڵێکدا؛ چەند لایەنێک لەژیان و بەرھەمی مەلا جەمیل لەلایەن توێژەران خرایەڕوو، ھەروەھا پیشانگەی شێوەکارانی گەرمیانیش کرایەوە.

لەڕۆژی دووەمی چالاکییەکانی دیداری (مەلا جەمیل رۆژبەیانی)، پێنج سیمینار لەلایەن توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ لەسەر قەڵەم و ھزری مەلا جەمیل پێشکەشکرا، لەکۆتاییشدا؛ وتاری بنەماڵەی (مەلا جەمیل رۆژبەیانی) خوێنرایەوە.

(مەلا جەمیل رۆژبەیانی)، وەرگێڕ، نوسەر، مێژوونووس و ڕۆژنامەوان بوە، لەساڵی (1913) لەگوندی(فەرقان) لەناوچەی (قەرە حەسەن)ی سەربە کەرکوک لەدایکبوە، خاوەنی چەندین کاری ئەدەبی و ڕۆشنبیری بوە، لەدرەنگانێکی شەوی (26ی ئازاری 2001)، لەماڵەکەی خۆی لەبەغداد تیرۆر کراوە.

یادگار عەلی
فۆتۆ: کاوە جاسم

 

 202 جار بینراوە