سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەڵمانیا؛ كۆنگرەی ئەمن و ئاسایش بەڕێوەچوو

ئەڵمانیا؛ كۆنگرەی ئەمن و ئاسایش بەڕێوەچوو

رۆژی هەینی رابردوو، لە شاری میونشنی باشووری ئەڵمانیا، 57 ەمین كۆنگرەی ئەمن و ئاسایشی جیهانییMSC ، بە بەشداریی سەرۆك و راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكانی ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا و یەكێتیی ئەوروپا و هەریەك لە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەگان ‌و ناتۆ و تەندروستیی جیهانی و سەرۆك و زمانحاڵی ژمارەیەكی زۆری وڵاتان، بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا، لە رێی ڤیدیۆوە بەڕێوەچوو.

لە دوو رۆژی رابردووی كۆنگرەدا، باس لە كێشە جیهانییەكان كرا و تیایدا رەوشی وڵاتە نائارام ‌و پڕ كێشە و گرفتەكان، هەمان كات كێشەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و گۆڕانی كەشوهەوا و نەخشەسازیی بۆ ئایندە و رەواندنەوەی مەترسییەكان، باسكران.

لە پاڵ ئەو پانێلە دیجیتیاڵییانەشدا، دەیان گفتوگۆی ئۆنلاینی سیاسی لە نێوان بەشدارانی كۆنگرەكە بەڕێوەچوو، كە هەموویان بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکاندا بوون.

كێشەی كۆرۆنا لە پێشەوەیە
لە وتارەكانی دەستپێكی كردنەوەی كۆنگرەكەدا، بە تایبەتیش لە وتاری تیدروس ئەدهانوم بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، باسی كۆرۆنا و نەهامەتییەكان و چۆنێتیی روبەڕوبوونەوە و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا كرا. ئەوەشی بیرهێنایەوە كە لە كۆنگرەی 2017 دا ‌و لە وتاری رێكخراوەكەیدا، باسی بڵاوبوونەوەی پەتایەكی لەم جۆرەیان كردووە و هۆشداریی خۆپارێزی و رێگرتنیان بۆ داوە، كەچی ئەو كەیسە بە بایەخەوە لەلایەن وڵاتانەوە بە هەند وەرنەگیراوە و سەرەنجام كارەساتی مرۆیی لێكەوتەوە و بوو بە كێشەیەكی قورس و چارەسەرنەكراوی جیهان.

هەروەها جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا، هەریەكە و لە 15 دەقیقەدا، باسی گرفتی پەیوەندییەكان و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ئەوروپا و ئەمریكایان كرد و ئاماژەیان بە نەخشەڕێگەی چارەسەرییەكان كرد.

ژینگە زۆر پیس بووە
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، پێداگری لەسەر رێگرتن لە پیسبوونی ژینگە و قەڵاچۆكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد و ئاماژەی بەوەدا، كە ئەمساڵ پێویستە چوارچێوەیەكی نوێ دروست بكەن بۆ پاراستنی فرەچەشنی ژینگەیی و دەبێت رێكاری زۆر گرنگ بگرنەبەر بۆ كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگە، چونكە كار لە كار ترازاوە و ژینگە ئەوەندە پیس بووە، خەریكە زەوی دەبێتە هەسارەیەك، كە بە كەڵكی ژیان و گوزەران نەیەت، بۆیە داوای لە وڵاتان كرد، تا ئەو كەیسە بكەنە خەمی سەرەكیی خۆیان و پلانی بۆ دابنێن.

كۆنگرەی ئەمساڵ جیاوازە
وەك لە میدیای ئەڵمانیدا باس دەكرێت، ئەم خولەی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی رابردوو بەوە جیادەكرێتەوە، كە گۆڕانكاری لە سەرۆكایەتیی ئەمریكادا كراوە و ئەو پەیوەندییە گرژەی كە پێشتر و لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ كە لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا دروستیكردبوو، نەماوە و ئێستا لە سەردەمی دەسەڵاتی جۆ بایدن-دا چاوەڕوان دەكرێت قۆناغەكە گۆڕانكاری بەخۆوە ببینێت، بەتایبەتی لە مەسەلەی كەشوهەوا و دروستكردنی سیاسەتێكی گشتگیری نێودەوڵەتی لە بەرامبەردا، هەروەها مەسەلەی رێكەوتننامەی چەكی ئەتۆمی ئێران، كە ترەمپ لێی پاشگەز بۆوە و ئێستا بە هاتنی بایدن، چاوەڕوان دەكرێت گرێكوێرەكە بكرێتەوە و سەرلەنوێ رێكەوتننامەكە هەموار بكرێتەوە.

جگە لەمانەش، لە سەردەمی ترەمپ-دا پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و ئەوروپا خراپترینی تۆماركرد و وەك چاودێران دەڵێن: ئەو كۆنگرەیە مەیلی دروستكردنەوەی پەیوەندییەكانیان تێدایە و فۆرمەلەكردنەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندیی سیاسی، ئابووری و یەكهەڵوێستی لە ئاست كێشە جیهانییەكاندا، بابەتی سەرەكی دەبن ‌و لە وتەكانی بایدن و مێركل و سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا، ئەو مەیلە بە روونی دەركەوتووە، بۆیە ئەوەی ئەم كۆنگرەیە لەوانی پێش خۆی جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە ئەمجارە بایەخی زیاتر بە پەیوەندیی ئەمریكی- ئەوروپی دەدات، بە تایبەتیش كە بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی كۆرۆناوە، وەك ساڵان نوێنەرانی زۆرێك لە وڵاتان بەشدارییان نەكردووە.

ئەمریكا گەڕایەوە نێو رێكەوتننامەی پاریس
نوێنەری تایبەتی ئەمریكا لە دۆسێی كەشوهەوا، لە كۆنگرەكە رایگەیاند: وڵاتەكەی ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ رێكەوتننامەی پاریس تایبەت بە پاراستنی ژینگە و كەشوهەوا، كە ساڵی 2017 ئەمریكا لێی كشایەوە، ئەو هەنگاوە نوێیە لەدوای دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی ئەمریكاوە هاتووە.

میدیای ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەم هەنگاوە دەروازەیەكی نوێ لەبەردەم سیاسەتی جیهانی دەكاتەوە بۆ پاراستنی ژینگە و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەكاندا.

سەرچاوە/ میدیای ئەڵمانیا

 68 جار بینراوە