سەرەکی » زانست » سوودەكانی خورما

سوودەكانی خورما

هەولێر، كوردستانی نوێ

زۆرن ئەو خۆراكانەی هەم بۆ خواردن هەم بۆ چارەسەری نەخۆشی بەكار دەهێندرێن، خورماو جۆرەكانی یەكێكە لەو خواردنانەی بۆ چارەسەری زۆر لەو نەخۆشییانە سەیردەكرێت كە رووبەرووی مرۆڤ دەبێتەوە، وەك پسپۆڕانی بواری تەندروستی پشتراستی دەكەنەوە خواردنی خورما چارەسەری نەخۆشیەكانی كەمخوێنی و برینی گەدە(قرحە) دەكات و سودبەخشە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە خوێن و چارەسەری چەندین نەخۆشی دیكە دەكات، هەروەها سوود بە پێست و قژ دەگەیەنێ.

لەكوردستانیش خواست لەسەر خورما هەیە و لەفرۆشگاكان چەندین جۆری بەرچاودەكەوێت، بەتایبەتی لەمانگی رەمەزان و بۆنە ئاینیەكان خواست لەسەری زیاد دەكات، لەگەڵ ئەوەش وەك فرۆشیاران ئاماژەی بۆ دەكەن بەراورد بە شیرەمەنیە دروستكراوەكان خواست لەسەر جۆرەكان خورما لەكوردستان كەمە، پێشیانوایە تاكوئێستا بەشێك لەو هاووڵاتیان هەست بەگرنگی و سودەكانی ناكەن.

لەو بارەیەوە عەلی جەمال خاوەنی فرۆشگای جیهانی خورما لە شاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ دوا و وتی: لەفرۆشگاكەم هەمووجۆرە خورمایەك دەفرۆشین، كە زۆربەیان خورمای عیراقین و هەندێكیشی لە وڵاتی سعودیەوە دێت، نرخی یەك كیلۆ لە پێنج هەزار دەستپێدەكات تا بیست هەزار دینار، رۆژانەخەڵكی داوای دەكەن، بەڵام زیاتر لەمانگی رەمەزان و بۆنە ئایینیەكان داخوازی لەسەر هەیە.

خاوەنی ئەو فرۆشگایە ئاماژەی بەوەشكرد: بەشێك لە جۆرەكانی خورما لە ئێرانەوە دێت، ئەوانە لە پاكەت و قتو هەڵگیراون، ئەو جۆرەیان زیاتر خورمای وشكە و بی شیرەیە، چونكە خورمای بەشیرە نابێت لە قتو بكرێت، بەڵام خورمای عیراقی لە هەموو جۆرەكەی باشترە، هەربۆیە هەندێك كەس جگە لەخواردنەكەی وەك چارەسەرێك بۆ نەخۆشی سەیری دەكات، بەتایبەت ئەوانەی بەتەمەنن و نەخۆشی شەكرەیان هەیە، تەنانەت لەجیاتی شەكرو كلۆ لەگەڵ چا دەیخۆنەوە.

وتیشی: لەگەڵ گرنگی خورما و تاموچێژەكەی كەچی تاكو ئێستا خەڵكی ئێرە وەكو پێویست هەست بە سوودەكانی خورما ناكەن، بۆیە بەراورد بە شیرەمەنییە دروستكراوەكان خواست لەسەر خورمای سروشتی كەمە، بەجۆرێك زۆر لە خێزانەكان ئامادەن زیاتر لە چل هەزار دینار بە پاقڵاوە و جۆرەكانی دیكەی شیرنەمەنی دەستكرد بدەن، بەڵام ئامادەنین بە پێنج هەزار یەك كیلۆیەك خورمان بكڕن.

پێشیوابوو: وەكو پێشتر باسكراوە خورما سودی زۆرە بەڵام ئەوەش راستە هەر خواردن و خواردنەوەك زیاد لە پێویست بەكاربهێندرێت زیانی هەیە، ئەوە بۆ خورماش راستە، بۆیە ئەوەی لەڕووی زانستیەوە شارەزایە زیاتر خورما دەكڕن، بەتایبەتی خەڵكی بیانی و گەشتیار ئەوانەی لەوڵاتانی رۆژئاوا و توركیا دێن زۆر داوای دەكەن و لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە، چونكە لەو وڵاتانە كەمە و نرخەكەی بەرزترە.

هەرلەبارەی خورما و سوودەكانی لەرووی تەندروستیەوە دكتۆر غازی یونس رۆژبەیانی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەر لە كۆنەوە خورما بە خۆراكێكی سەرەكی و ڕۆژانەی مرۆڤ دانراوە، چونكە لەو كاتەدا جۆرەكانی خواردن ئەوەندە زۆر نەبووە، بۆیە تەنها بە خواردنی خورما شوێنی پێویستی ئەو خۆراكانەیان پڕ كردوەتەوە، هەروەها گەر خورما نەبوایە یەك لەسەر سێی مرۆڤ بە هۆی نەخۆشی و نەبوونی كەرتی تەندروستییەوە گیانیان لەدەست دەدا.

وتیشی: وەك سەرچاوە زانستیەكان سەلماندویانە دەبێت ڕۆژانە حەوت دەنك خورما بخورێت تا ئەو سوودانە بە جەستە بگەیەنێت كە لە خوارەوە باسی دەكەین، لەوانە چارەسەرە بۆ كەمخوێنی، بەهۆی دەوڵەمەندی بە ئاسن و مس. ئارەزووی خواردن زیاد دەكات.توانا و زیرەكی مرۆڤ بەهێزدەكات. هاوكات چارەسەری برینی گەدە(قرحە) دەكات و رێژەی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە خوێندا كەمدەكاتەوە.

هەروەها زیاتر روونیكردەوە: خورما ڕێژەیەكی زۆر فلۆری تێدایە كە ڕیگە لە ڕزینی ددانەكان دەگرێت و هەوكردنی پووك چارەسەردەكات. سیلینیۆمی تێدایە كە ماددەیەكە بەرەنگاری نەخۆشی شێرپەنجە دەبێتەوە وڕێگە لەدروستبوونی دەگرێت، بۆیە ئەو ناوچانەی دارخورمای لێڕواوە دانیشتوانەكەی بە دەگمەن توشی شێرپەنجە دەبن.ئەمە جگە لەوەی كالیسیۆمی تێدایە كە ئێسك بەهێز دەكات و چاەسەری ئێسكەنەرمە دەكات.

پێشیوابوو: هەروەها خورما گرنگە بۆ چارەسەری ئەوكەسانەی تووشبوون بە حاڵەتی توڕەبوون، كە كاردەكات لە ئارامكردنەوەی دەروونیان. چارەسەری هەڵوەرینی قژ دەكات. پێست دەپارێزێت لە وشكبوون و چارەسەری هەندێك نەخۆشی پێست دەكات. ماسولكەكەن بەهێزدەكات، بە هۆی بوونی ڤیتامین C تیایدا.

دكتۆر غازی ئاماژەی بەخواردنی خورما كرد رایگەیاند: هەر بەگوێرەی سەرچاوە زانستیەكان خواردنی خورما بە ژمارەی تاك كاربۆهیدراتی پێویست بە لەشی مرۆڤ دەبەخشێت و، بە پێچەوانەوە خواردنی خورما بە ژمارەی جووت ڕێژەی شەكر لە خوێندا زیاددەكات و زیانی تەندروستی لێدەبێتەوە.

وتیشی: خواردنی خورما بە ژمارەی تاك سەرەڕای ئەوەی كاربۆهیدرات بە لەش دەبەخشیت، لەش دەپارێزێت لە تووشبوون بە زۆرێك ناخۆشی و چارەسەركردنی جۆرەها نەخۆشی دیكە، بەڵام خواردنی خورما بە ژمارەی جووت ڕێژەی شەكر لە خوێندا زیاد دەكات و زیانی گەورە بەوكەسانە دەگەیەنێت كە توشبوون بە نەخۆشی شەكرە، و هەروەها خورما ڕێژەی پۆتاسیۆم لە لەشدا بەرزدەكاتەوە كە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە.

 641 جار بینراوە