سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » زۆربەی گەراجەکان لە سەنتەری شاری هەولێر مەرج و رێنماییەكانیان نییە

زۆربەی گەراجەکان لە سەنتەری شاری هەولێر مەرج و رێنماییەكانیان نییە

بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە دوای 2003 ەوە لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە شاری هەولێر ژمارەی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەكان كە زیاتر بەگەراج ناودەبردرێ زیاتر بووە، ئەو گۆڕانكارییەش بەهۆكارێكی گرنگ دادەندرێ لە كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و جەنجاڵی ناوشارەكان و پاراستنی خودی ئۆتۆمبێلەكان لە زیانەكان و دڵنیایی خاوەنەكە.

لەگەڵ ئەوەی هەندێك لەو گەراجانەی ناو شاری هەولێر بە ستانداردی جیهانی دروستكراوە و مەرجەكانی وەستانی ئۆتۆمبێلی تێدایە، كەچی ژمارەی ئەوانە كەمن، ئەوانی دیكە زۆربەیان كەمورکوڕییان هەیە و جێگای سەرنجە، وەك شوفێران و لێپرسراوان لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی شارەكە دووپاتی دەکەنەوە بە شێكی زۆر لەو گەراجانەی شاری هەولێر دروستكراون مەرجی تەواویان تیادا نیە.

 هەندێك لە گەراجانەش پێیانوایە بەشێكیان تەنیا زەویەكە كراوەتە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، یان خانووە كۆنەکەیان دەڕمێنن بۆ ئەو مەبەستە بەكاری دەهێنن، تەنانەت لە هەندێك شوێن شۆستەی شەقامەكان دەكرێتە گەراج و بەشێکیان مۆڵەتیان نییە.

گەراجەکان هیچ مەرجێكی سەلامەتیان تێدا نییە
ئەحمەد عەبدولكەریم وەك شوفێرێك لە نزیك یەكێك لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەشێك لەو شوێنانەی تەرخانكراوە بۆ گەراج هیچ مەرجێكی سەلامەتی تێدا نیە، هەروەها هەندێكیان كامێرای چاودێری بۆ دابیننەکراوە، لە كاتێكدا زۆرجار شوفێران كەلوپەلی گرانبەها لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان جێدەهلێن.

وتیشی: پێویستە گەراجی ئۆتۆمبێل تایبەتمەندی خۆی هەبێت و دیمەنێكی شارستانی بەشار ببەخشێ، تاكو شوفێران دڵنیابن لەوەی ئۆتۆمبێلەكەیان پارێزراو دەبێت، وەك دروستكردنی كەپر و قیرتاوكردنی زەوییەكە و دانانی كەسانی شارەزا بۆ بەرێوەبردنی، ئەمە جگە لەوەی گەراجەكان نرخەكانیان جیاوازە، هەندێكیان هەزار دینار وەردەگرن، كەچی لەشوێنی تر دوو هەزار یان سەعاتی بە هەزار دینارە هەژماردەكەن.

ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروستبووە
بەشێكی دیكە لە كێشەی وەستانی ئۆتۆمبێل لە لاكۆڵان و شەقامەكان، هەراسانكردن و بێزاركردنی ئەو خێزانانەیە كە ماڵەكانیان نزیكن لە بازڕەكان و شوێنە گشتیەكان، لەو بارەیەوە خالید جاسم وەك دانیشتوی گەڕەكی عەرەبان لە هەولێر وتی: بەهۆی ئەوەی گەڕەكەكەمان لەناوجەرگەی شارە، هەروەها زۆربەی ئەوانەی دێنە بازاڕی گەورەی هەولێر بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دێن و پاس بەكارناهێنن، ئۆتۆمبێلەكەیان لە كۆڵانێكی ئەو گەڕەكانە دەوەستێنن كە نزیكن لە بازاڕەكە، ئەمەش وایكردووە ئێمەمانان بێزاربین و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروستبێت.

وتیشی: بەشێك لە هۆكاری زۆری ئۆتۆمبێل لەگەڕەك و شەقامە گشتیەكان بۆ خراپی گەراجەكان دەگەڕێتەوە، چونكە هەندێكیان هەر زەوی یان خانوویەكی كۆنە كراوەتە گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل، یانیش نرخەكەیان گرانە، بۆیە بەشێک لەو شوفێرانە بڕوایان بە گەراجانە نیە و لەشوێنك ئۆتۆمبێلەکەیان دەوەستێنن بەبێ ئەوەی پارە بدەن، هەندێك جاریش بەتایبەتی لە بۆنەکان گەراجەكان ئەوەندە پڕدەبن شوفێران بەهۆی نەبوونی جێگا و بەناچاری ئۆتۆمبێلەكەیان لە دەرەوە رادەگرن.

پەیوەندی ئێمە تەنیا لەگەڵ خاوەن موڵكەكەیە
لەلایەن ئیسماعیل محەمەد خاونی یەكیك لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل لە گەڕەکی تەعجیل كە شوێنەكەی بەكرێ گرتووە و كەوتۆتە ناو جەرگەی شار دەڵێ: پەیوەندی ئێمە تەنیا لەگەڵ خاوەن موڵكەكەیە، تاكو ئێستا هیچ كەسێك لە شارەوانی لە ئێمەیان نەپرسیوە مۆڵەتان هەیە یان نا، هەروەها خاوەن موڵەكەكان رێگامان پێنادات گۆڕانكاری لەو شوێنە بكەین تاكو بگونجێ لەگەل شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل. خاوەنی ئەو گەراجە وتیشی: ئێمەش هەست دەكەین كە بەشێكی زۆر لە گەراجەكان كەموكورییان هەیە، بەڵام هەر ئێمە نین، ئەوەش ئەركی خاوەن موڵكە لەگەڵ شارەوانی تاكو ئەو شوێنانە رێكبخەنەوە، ئەوكاتە بۆ ئێمەش باشتردەبێت و شوفێران زیاتر ئۆتۆمبێلەكانیان لەلای ئێمە دەوەستێنن.

شۆستەی شەقامەكانیش دەكرێت بەگەراج
لەبارەی چۆنیەتی دانانی گەراجی ئۆتۆمبێل، عەلی غانم وەك خاوەنی یەكێكی دیكە لەو شوێنانە وتی: زۆر لەخاوەن مۆڵەكەكان كە باڵەخانە یان خانووەكەیان كەتۆتە ناوجەرگەی شار و بەكەڵكی دانیشتنی خێزانەكان نایەت، راستەوخۆ دەیكات بە گەراجی ئۆتۆمبێل و بەكرێی دەدات، هەندێكجار تەنانەت شۆستەی شەقامەكان دەكرێت بەگەراج. وتیشی: راستە هەندێكیان مۆڵەتیان هەیە، بەڵام شارەوانی هیچ فشاریكیان لەسەر ناكات تاكو ئەو گەراجانە بەستانداربكرێت و سەرپەرشتیارەکە ناچاربكات خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو شوێنە تەرخان بکات. خاوەنی ئەو گەراجە دەشڵێ: خراپی گەراجەكان وایكردوە بەشێك لە شوفێران متمانەیان بە گەراجانە نەمێنێت و لا كۆڵان و شەقامە گشتیەكان بەكاربهێنن بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلەكانیان ئەو كاتانەی سەردانی بازاڕ دەكەن، ئەمەش قەرەباڵغی و جەنجاڵی زیاتر دروست دەكات.

نرخ لە زۆربەی گەراجەکانی ناوسەنتەری شار گرانترە
هەرلەبارەی ئەو بابەتە فازل حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: زۆربەی گەراجەكانی ناوشاری هەولێر مەرج و رێنماییەكانی گەراجیان نیە، نرخەكانیشان زۆرە، بەو پێیەی زۆربەی گەراجەكانی ناوسەنتەری شار بۆتە دوو هەزار دینار . پێشیوابوو: هۆكاری قەرەباڵغی ناو شاری هەولێر و زۆربوونی ئۆتۆمبێل لە لا كۆڵان و شەقامە گشتیەكان بۆ نەبوونی یان خراپی گەراجەكان ناگەڕێتەوە، چونكە لە ژێرەوەی بازاڕی نیشتمان لە سەنتەری شاری هەولێر گەراجێكی هاوچەرخ هەیە، کەچی بەهەمان شێویە شۆفێران ئۆتۆمبێلەكان لە دەرەوە دەوەستێنن و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروستدەكەن.

لەهەوڵدان بۆ رێكخستنەوەی گەراجەكانی وەستانی ئۆتۆمبێل
هەروەها رزگار ئیبراهیم بەڕێوەبەری شارەوانی یەكی هەولێر نەیشاردەوە كە كەموكوری لە گەراجەكانی وەستانی ئۆتۆمبێل لە هەندێك شوێنی شاری هەولێر هەیە و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەك شارەوانی یەك بە هەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامیەتی ناوەندی قەزای هەولێر لەهەوڵدان بۆ رێكخستنەوەی گەراجەكانی وەستانی ئۆتۆمبێل. وتیشی: لە ئێستادا كار دەكەین بۆ ئاگاداركردنەوەی خاوەنی ئەو گەراجانە تاكو بێن مۆڵەتەكانیان تازە بكەنەوە، هەروەها ئەو مەرجانە جێبەجێ بكەن كە لەلایەن شارەوانی و قائیمقامیەتەوە بۆ دانان و كردنەوەی گەراجی ئۆتۆمبێل دەرچووە.

 57 جار بینراوە