سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » ئازادیخوازان و ئەوانی دیكەپەڕە 3

ئازادیخوازان و ئەوانی دیكە

لێدوانی پێشوەختەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەگیراوانی بادینان، پێشهاتێكی دیكەی مەترسیداری تێكچوون یان ئاڵۆزتربوونی دۆخی حكومڕانیی و دادوەریی بوو لە كوردستان.

پرسی گیراوانی بادینان پرسێكی زۆر جددیە، پەیوەندی بەتاك و بەئازادی تاكە كەسی هەموو خەڵكی كوردستانەوە هەیە، ئەوەی روویداوە، هەموو حزب و لایەنەكان و خەڵكی كوردستانی خستۆتە بەردەم دووڕیانێكی روون. یان دەبێت بێدەنگ بن، یاخود بەر بگرن بەو ئاراستەیەی كە دەیەوێت بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكانی كۆمەڵگا و گلەیی و گازندەكانی خەڵك پەنا بباتەبەر رێگای ناتەندروست و ئازادییەكان بەرتەسك بكاتەوە و تەنانەت لەژوورە تایبەتییەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتیش قسەیەك نەكەن.

لەرۆژی رووداوەكەی دادگای هەولێر، هەموو لایەنەكانی كوردستان، لەپێش هەموویانەوە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان وەك شەریكی سەرەكی ئەم حكومڕانییە، یەكەم بەیاننامەی ناڕەزایی دەركرد، هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان جگە لەوەی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ناڕاستەوخۆ نیگەرانی خۆی لەبڕیارەكەی داگا دەربڕی. لەوە واوەتر، بەیاننامەكەی کۆنسولخانەی ئەمریكا بوو لەهەرێمی كوردستان، كە خاڵی خستەسەر پیت و پەیامێكی پەنهانی گەیاندە لێپرسراوانی هەرێم كە بەرگرتن لەئازادییەكان و بەكارهێنانی دادگاکان لەوپێناوەدا، دەیانگەینێتە ئەنجامێكی خراپ.

تائێستا مامەڵەی حكومەت لەگەڵ ئەم پرسەدا، مامەڵەیەكی چارەسەرمەندانە نییە، بەڵكو پێدەچێت گرێی دەستیان گەیاندبێتە دەم و نەتوانن بەڕێگەیەكی دروست و بێدەنگ، چارەسەری ئەم كیشەیە بكەن! بۆیە ئێستا هەموو خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەبەشێك لەپارتیشەوە لەگەڵ كونسڵخانە و نێردەكان، كەوتوونەتە بەرەیەك و سەرۆك وەزیرانی هەرێم و بەشێك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتوونەتە بەرەیەك كە هیچ پشتیوانییەكیان نییە.

هەڵسوكەوتی (ئەمنیی و ناقانونیی) حكومەت و دادگای هەولێر لەگەڵ ئەو گیراوانە و حوكمدانیان بەو خیراییە، ئەو تێگەیشتنەمان بۆ پشتڕاستدەكاتەوە كە بەشێك لە كاربەدەستانی هەرێم، ناتوانن وەك پێویست لەپرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئازادی ئاشنابن، هەروەك پێیانوایە بەگرتن و خستنە زیندانی نوسەر و رۆژنامەنوسان دەتوانن كۆتایی بەناڕەزایەتییەكان بهێنن و نكۆڵی لەخراپی ژیانی خەڵك و بێ مووچەیی و خراپی گوزەران بكەن! لەكاتێكدا وتەیەك هەیە دەڵێت «نكۆڵیكردن لەهەق، هیچ لەهەقیقەت ناگۆڕێت».

قسەكردن لەچارەسەری ئەو كێشەیە نابێت تەنها پرسی ئەو گیراوانەی بادینان بگرێتەوە، بەڵكو پرسی ئازادیی پرسێكی نیشتیمانییە و دەبێ‌ لێرەوە دۆخەكە رابگیرێت و قسەو كردار و هەنگاوی كردارەكی لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەكان و دام و دەزگا پەیوەندیدارەكان بنرێت. چونكە ناكرێت رێگری لەخەڵك بكرێت خۆپێشاندان لەپێناوی بژێوی بكات و لەوە خراپتر لەگروپ چات و تۆڕی كۆمەڵایەتی تێبینی و سەرنجێك بنوسێت!

ئەوەی گرنگە باسی بكەین، ئەنجومەنی دادوەریی و دادگای تەمیزی كوردستانە كە لەبەردەم هەڵوێست و بڕیارێكی زۆر هەستیار و مێژووییدان. یان دەبێ‌ دۆخەكە راستبكەنەوە و دادگاییەكی عادیلانە و شەفاف بۆ ئەو گیراوانە دابین بكەن، یاخود ئەو راستیە دوپات دەكەنەوە كە لەژێر هەژموون و كاریگەری بەشێك بڕیاربەدەستانی حزبدان. بەرپرسێتییەكەیان تەنها راستكردنەوەی رێڕەوی ناقانونیی ئەو دۆسیەیە نییە كە دەچێتەوە بەردەستیان، بەڵكو بەرپرسێتیەكەیان بەرگرتنە لەهەر هەوڵێكی دیكە كە قانون و بڕگە قانونییەكان بۆ خواستی حزبی و شەخسی بەكاریان دەهێنن و سەرەنجام ئازادییەكانی پێ‌ بەرتەسك دەكەنەوە.

 121 جار بینراوە