تا ئێستا نیوەی هاووڵاتیانی ئیسرائیل بە ڤاكسینی بیونتیك – فایزەر لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا كوتراون و وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل-یش ئاشكرایكردووە، كە دۆس-ی دووەمی ڤاكسینەكە، بە رێژەی 99 % تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمكردۆتەوە.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی بێلد ئەم زۆنتاك-ی ئەڵمانی، كە لەگەڵ ژمارەیەك پسپۆڕ و چاودێری سیاسی و تەندروستی شرۆڤەی كردووە، ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بە سەركەوتنێكی زۆر مەزن دەبینن و هیوایەكی گەش دەدەنە مرۆڤایەتی، بۆ رزگاربوون لەم پەتایە.
هەروەها بە ئاماژە بە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، رۆژنامە ئەڵمانییەكە روونیكردۆتەوە: دوای بەكارهێنانی دووەم دۆس لە ڤاكسینی كۆمپانیای بیونتیك – فایزەری ئەڵمانی و ئەمریكی، رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا 9,58 % كەمیكردووە و پڕۆسەی كوتان 99 ٪ سەركەوتنی بەدەستهێناوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە: ڤاكسینەكە كاریگەریی باشی هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی هەناسە توندی و بە رێژەی 99 %ش كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی مردن و سەردانی نەخۆشخانەكان هەبووە.
ئیسرائیل تاكە وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان، كە لە مانگی 12ی رابردووەوە هەڵمەتی كوتانی دەستپێكردووە و توانیویەتی نزیكەی پێنج ملیۆن كەس لە هاووڵاتیان بە ڤاكسینەکە بكوتێ، ئەمەش زیاترە لە نیوەی دانیشتووانی خۆی، كە لە نۆ ملیۆن كەس زیاترن، هەروەها لەو ژمارەیەش، دوو ملیۆن و 800 هەزار كەس دۆس-ی دووەمیان پێدراوە، بەوهۆیەشەوە، دوای نزیكەی مانگێك و سێ هەفتە لە كەرەنتین، وردە وردە ژیان لەو وڵاتە ئاسایی دەبێتەوە و كەرتەكانی ئابووری دەكەونەوەگەڕ و نزیكەی یەك ملیۆن و 250 هەزار خوێندكار دەچنەوە پۆلەكانی خوێندن و زۆرێك لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دەكرێنەوە، بەڵام سەبارەت بە هۆڵەكانی وەرزش و شوێنی مەلە و شانۆ و ئوتێلەكان، تەنها رێگە بەو كەسانە دەدرێت، كە دۆس-ی دووەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە.
94 جار بینراوە