سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئەفریقا؛ هێزەكانی فەرەنسا لە نێوان كشانەوە ‌و بەرەنگاربوونەوەداپەڕە 2

ئەفریقا؛ هێزەكانی فەرەنسا لە نێوان كشانەوە ‌و بەرەنگاربوونەوەدا

لە كاتێكدا پەلاماری چەكدارە توندڕەوەكان بۆ سەر دانیشتووان لە مالی ‌و بوركینافاسۆ لەوپەڕی خۆرئاوای ئەفریقا دەستیپێكردۆتەوە ‌و دوای كوژرانی چەند سەربازێکی فەرەنسی لەو پەلامارانەدا، زۆرێك لە هاووڵاتیان ‌و سیاسەتمەدارانی فەرەنسا داوای كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەیان لەو ناوچەیە دەكەن.

فەرەنسا ‌و سەركردایەتیكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان
پەلامارە تیرۆریستییەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو، كە بووە هۆی كوژرانی 18 كەس كە بە هەمان شێواز لە مالی ‌و بوركینافاسۆ كرا، چاودێرانی سیاسی ‌و سەربازیی گەیاندە ئەو بڕوایەی كە ماوەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوەكان بە شێوازی سەربازیی لە ناوچەی خۆرئاوای ساحلی ئەفریقا كورت نابێت ‌و فەرەنسا بە تەنیا ناتوانێت سەركردایەتیی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بكات بۆ یارمەتیدانی سوپا ‌و دەزگا ئەمنییەكانی وڵاتانی ئەو ناوچەیە، كە هەریەك لە مالی، بوركینافاسۆ، نەیجەر ‌و مۆریتانیا لەخۆدەگرێت ‌و بە قۆستنەوەی ژینگەی بیابانی سەخت ‌و ‌و پێكهاتە خێڵەكییەكانی ناوچەكە، نزیكەی 10 ساڵە گروپە توندڕەوەكان پەرەدەسێنن.

دەتوانن ئامانجەكانیان بپێكن
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە میانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی باڵای سەركردەكانی وڵاتانی ساحلی ئەفریقا لە رێی ڤیدیۆوە كە لە پایتەختی چاد بەڕێوەچوو، رایگەیاند: لەم چەند مانگەی داهاتوودا گۆڕانكاریی بەسەر ژمارەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ناوچەكە نایەت. دوای كۆبوونەوەكەش، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ماكرۆن ئاشكرایكرد: بێگومان لە كاتێكی گونجاودا لە ناوچەی ساحل گۆڕانكاریی بەسەر سیستمی سەربازییاندا دێت، بەڵام ئەوە یەكسەر روو نادات.

روونیشیكردەوە: كشانەوەی ژمارەیەكی زۆری هێزەكانیان هەڵەیە ‌و دەبێتە هۆی لاوازكردنی سیستمی سەربازییان، لە كاتێكدا تەوافوقی سیاسی ‌و سەربازییان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە ‌و هاوپەیمانەكانیدا هەیە ‌و دەتوانن ئامانجەكانیان بپێكن.

لە كۆتایی مانگی رابردوودا، فەرەنسا بە شێوەیەكی رەسمیی بیرۆكەی كشاندنەوەی نێردراوە سەربازییەكانی لە ساحلی ئەفریقا پێشنیاركرد، ئەو كاتەش چاودێران بە پەیامێكی ئاشكرای حكومەتی پاریس-یان ناوبرد بۆ هاوبەشە ئەوروپییەكان ‌و بۆ ئەمریكاش، چونكە ئیدارەی پێشووی واشنتۆن ئەوكاتە سیاسەتیان بە ئاراستەی كەمكردنەوەی ئاستی هاوئاهەنگیی هاوبەش بوو بۆ وڵاتانی پەیمانی ناتۆ لە كیشوەری ئەفریقا، بەڵام پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان ماكرۆن ‌و كامیلا هاریس جێگری سەرۆكی نوێی ئەمریكا، كە سووربوونی ئیدارەی وڵاتەكەی بۆ چالاككردنەوەی هاوئاهەنگیی سەربازیی لە رێی ناتۆ، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ‌و ئەفریقا دەربڕی، فەرەنسا كەمێك لە هەڵوێستەكەی پاشگەز بۆوە.

پڕۆسەی سەربازیی بارخان
ساڵی 2012، لە رێی پڕۆسەیەكەوە بەناوی بارخان، بۆ یەكەمجار فەرەنسا هێزی سەربازیی رەوانەی ناوچەی خۆرئاوای ساحلی ئەفریقا كرد، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوونێكی جوداخوازی، كە خێڵەكانی تەوارق لە باكووری مالی سەركردایەتییان دەكرد، ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان فەرەنسا ‌و سوپای مالی لەلایەك ‌و گروپە توندڕەوەكان لەلایەكی دیكەوە.

لە راپۆرتێكی پێگەی (لاكرۆس)ی فەرەنسی ئاماژە بەوەدراوە، كە لە كاتی كشانەوەی هێزەكانی فەرەنسا لەو ناوچەیە، ئەگەری ئەوە هەیە ناوچەی ساحلی ئەفریقی بەجۆرێك لە جۆرەكان دووچاری ستەمكاریی ببێتەوە ‌و دەسەڵاتی وڵاتانی ناوچەكە بكەوێتە دەست توندڕەوەكانی مالی، لەوێشەوە هەوڵی شێواندنی سەقامگیریی نەیجەر ‌و بوركینافاسۆ ‌و خۆرهەڵاتی سەنیگال ‌و باكووری ساحلی عاج بدەن ‌و زۆرێك لە وڵاتان ‌و كۆمەڵگەكانی خۆرئاوای ئەفریقا پشێوییان تێبكەوێت، كە دواجار خشتە ‌و پلانی كارەكانی گەشەپێدان لە هەموو ناوچەكە بخاتە مەترسییەوە.

بژاردەكانی پاریس
سەبارەت بە چارەسەرەكان كە چاوەڕێی بڕیاری ستراتیژیی فەرەنسا دەكەن، تەلەفزیۆنی (ئەفریقا)ی فەرەنسی لە پێگەی خۆی ئاماژەی بە بژاردەكانی پاریس كرد ‌و بڵاویكردەوە: بۆ كەمكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی لە ناوچەكە، فەرەنسا دوو رێگەی پێ باشە. یەكەمیان وەكو هەوڵێكی فەرەنسا بۆ نەهێشتن ‌و كەمكردنەوەی ململانێكان، گروپێكی نوێ لە هێزە تایبەتەكان (تاكوبا)، كە دەیان سەربازیی ئیستۆنی ‌و چیكی ‌و سویدی لەخۆدەگرێت، بەشداریی لە بەرنگاربوونەوەی توندڕەوەكاندا بكەن. دوەمیشیان، بریتییە لە پاڵپشتیكردنی سوپای جی 5، لەو چوارچێوەیەشدا، پێویستە وردە وردە سوپای فەرەنسا سەركردایەتییەكەی تەسلیمی هێزە سەربازییەكانی ئەو پێنج وڵاتە بكات، كە لەلایەن سەربازە فەرەنسییەكان ‌و هێزەكانی یەكێتیی ئەوروپاوە مەشق ‌و راهێنانیان پێكراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە: ئەو هەنگاوە رێگەیەكی دوور ‌و درێژی لە پێشە، چونكە هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتانە تا ئێستا بۆ ئەو جۆرە ئەركانە ئامادە نین ‌و مەشقی تەواویان پێنەكراوە، بۆیە دەبنە ئامانجی توندڕەوەكان ‌و رەنگە ببێتە هۆی شكستی ئەو هێزانە ‌و دواجاریش پشێویی زۆربەی ناوچەكە بگرێتەوە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 149 جار بینراوە