سەرەکی » مانشێت » لیوا چەتۆ ساڵح: بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن هەلی كاری زیاتر دەستەبەر دەكات

مه رزی سه یران بەن بەڕەسمی ناسێندراو رێکارەکانی کردنەوەی خێراتر کرا

لیوا چەتۆ ساڵح: بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن هەلی كاری زیاتر دەستەبەر دەكات

وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ، سەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد و رێكارەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن-ی دەستپێكرد.

رۆژی 2021/2/28 لیوا چەتۆ ساڵح سەعید بریكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هاوڕێ لەگەڵ ئاغای مەهدی شوشتری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و لەیلا عەلی جێگری پارێزگاری سلێمانی و عەمید كاكەبرا فەرماندەی لیوای پاسەوانی سنووری پارێزگای سلێمانی و لێپرسراوانی ئیدارەی قەزای پێنجوێن، سەردانی مەرزی سەیران بەن-ی كرد.

سەرەتا وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەهمن مرادنیا پارێزگاری سنە و رۆستەم پور قایمقامی قەزای بانە و لێپرسراوانی ئیداریی مەرزەكە، بەشەكانی مەرزی سەیران بەن-یان لەهەردوو دیوی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەركردەوە.

دواتر وەفدەكەی حكومەتی هەرێم بۆ تاوتوێكردنی هەنگاوەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن و گەیشتن بەلێكتێگەیشتنێكی هاوبەش، سەردانی قەزای بانەیان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا پارێزگاری سنە بەگرنگییەوە لە سەردانی وەفدەكەی روانی و رایگەیاند: ئەم سەردانە گرنگە بەلای ئێمەوە چونكە قسە لەسەر بابەتێك دەكەین كە سوودی زۆری بۆ هەردوولا هەیە.

پاشان قایمقامی بانە رایگەیاند: ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی سوپاسی لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی كرد كە توانیویەتی بەشێكی بەرچاوی كێشەی دەروازە سنوورییەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكات، وتیشی: هەرچییەكمان پێ بكرێت هاوكار دەبین بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن.

لەبەرامبەردا بریكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند: ئێمە بەنوێنەرایەتیی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی ئەم كۆبوونەوەیەین، جەختیشیكردەوە: وەك هەرێمی كوردستان هەرچی زووە رێكارەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن تەواودەكەین چونكە بە بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزەكە سەرباری كورتكردنەوەی رێگای هاتوچۆی هاووڵاتیان و دەستەبەركردنی هەلی كاری زیاتر بۆ خەڵكی سنوورەكە، دەتوانین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران زیاد بكەین لەپێناوی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولادا.

لە ئەنجامی كۆبوونەوەكەشدا لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشە و كەموكورتییەكان و خێرا راپەڕاندنی هەنگاوەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن لەنێوان هەردوولا دەست نیشان كرا تاوەكو له ئایندەیەکی نزیکدا رێکەوتنی کۆتایی ئیمزا بکرێت.

 279 جار بینراوە