سەرەکی » هاوپۆل نەکراو » ساڵیادی راپەڕین بەرز رادەگیرێت

ساڵیادی راپەڕین بەرز رادەگیرێت

رانیە، مستەفا محەمەد
فۆتۆ: شوانە رانیەیی

ئەمڕۆ بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕاپەڕینی شکۆداری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کە لەڕانیەوە بۆسەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان گوازرایەوە، وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەنوێنەرایەتی هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی کە پێکهاتبوون لە هەڤاڵان د.میران ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هەڤاڵان مستەفا چاوڕەش و ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی لەدەڤەری ڕاپەڕین، بەشداریان لە ساڵیادی بەرپابوونی ئەو ڕاپەڕینە کرد.

لەسەرەتادا وەفدە باڵاکەی یەکێتی لەبەردەم مزگەوتی ناجیەخان کە پێگەی یەکەمین چەخماخە و کات و ساتی ڕاپەڕینە ،بەگرنگیەوە یادەوەری دەسپێکی ڕاپەڕین و هەڵتەکاندنی ڕژێمی بەعس و دەنگ و سەدای مەرگی پێشوەختەی ئەو حوکمە دیکتاتۆریە بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە.

پاشانیش، سەردانی مۆنۆمێنتی ڕاپەڕینیان کرد و تاجەگوڵینەی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەلایەن هەڤاڵان “دکتۆر میران ” ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هەڤاڵ مەلا ئاری، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر ڕۆحی پیرۆزی شەهیدانی ڕاپەڕین دانرا ، دەست لەسەر سنگ لەبەردەم ناو و سیمبولە دیارەکانی ڕۆژانی ڕاپەڕین وەستان کەبە ئەندازیاری حزبی شەهیدان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەڕابەرایەتی حەکیمانەی هەڤاڵ مام جەلال جوڵانەوە جەماوەریەکەی بەهاری ئازادیان گەیاندە دوا قۆناغی خەمڵیوی خۆی.

دواتر وەفدەکە سەردانی دۆڵی شاورێی کرد و لەسەرگۆڕی شەهیدان و پاڵەوانانی ڕاپەڕین وەفادارییان نواند و ڕایانگەیاند کە خوێنی ئاڵ و کۆششی ئەو شەهیدە سەرکردانەبوو کە بووە هەوێنی لەدایکبوونی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان .

دوایین وێستگەی ئەمڕۆی وەفدە باڵاکەی یەکێتی بەسەرکردنەوەی گڵکۆی پیرۆزی شەهیدانی ڕاپەڕین بوو لەگۆڕستانی ڕانیە کە دوای ناردنی سوڕەتی فاتیحا بۆگیانی پاکیان دڵسۆزیی و وەفایان بۆ ڕۆحی بەرزی ئەو شەهیدانە دوپات کردەوە و بەڵێنیاندا ڕێباز و ڕەوتە شۆڕگێریەکەی ئەوان تا گەیشتن بەدوایین مافی کوردستانیان درێژەی هەبێت.

 

 437 جار بینراوە