لاهور شێخ جەنگی ئەمڕۆ هەینی 5ی ئادار لە رێوڕەسمی پێشوازیی پاپای ڤاتیکاندا بەشداری کرد. لەم بارەیەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی:
ئەمڕۆ لە شاری بەغدا، لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان، پێشوازییەکی گەرممان کرد لە قەداسەتی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان. سەردانەکەی پاپا لەم هەلومەرجە هەستیارەی ئێستادا ئاڵنگارییەکی گەورەیە، لە هەمانکاتدا مانا و گرنگییەکی مێژوویی هەیە بۆ پشتیوانیکردنی عیراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی و فاکتەرێکی گرنگیشە بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی و نزیکبوونەوەی نێوان هەموو ئایینە ئاسمانییەکان. هیوادارم سەردان و نزا و پاڕانەوەکانی مەڕجەعی باڵای کڵێسای کاثۆلیکی لە جیهاندا ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر و بەھێزکردنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانی ئایینی و یەکتر قبووڵکردنی نێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لە وڵاتدا.
313 جار بینراوە