سەرەکی » وتار » محەمەد كەریم » ددانپەڕە 2

فلاش فیکشن

ددان

بەنیگەرانییەكی سەیرەوە لەبەردەرگای ژووری فریاكەوتنی خێرا راوێچكە دەكەم. ناتوانم بوەستم و چاو لە دەرگاكە ببڕم، بەڵكو ئەو دكتۆرەی لەم ساتەوەختەدا بە فریشتەی دەزانم، دەرگاكە بكاتەوە و مژدەم بداتێ كە ژنەتیو هیچی نییە، دەتوانم هەر ئێستا بیبەمەوە. ئەگەر ئەم مژدەیەم بداتێ، ئەوا هەزار فریشتە تاڵێك لە مووی سمێڵە تاشراوەكەی ناهێنن، ئەگەر نا… ئاخر دكتۆرەكە لە كوێ بزانێت ئەم سەڵیتەیە مێردێكی مل پانی هەیە و بۆ یەك سەعات لە ماڵ هاتۆتە دەرەوە، وا كاتەكەش تەواو دەبێت و …

ئەو ساتەم بیردەكەوێتەوە كە بەرلەوەی بچین بۆ ماڵەكە هەروەكو ئێستا نیگەرانم. هەمیشە وام، پێش ئەوەی بە زمانە دیپلۆماسییە تایبەتەكەی خۆم ژنێك تاو بكەم و گڤ و لوولی بدەم و بیكەم بە ماڵە ئاشناكەمدا، سەیر نیگەرانم. ئەمما، هەر ئەوەندەی گەیشتینە سەر سیسەمەكە، ئیتر لە هیچ باكم نییە و لە دێو ناترسم. شتی وا دەكەم بە خەیاڵی دەرهێنەری فیلمی پۆرنیشدا نایەت. نازانم بۆچی دوای چەند دەقەیەك لەوەی ژنەتیو كەوتە ژێرەوە، شێتانە سەرقاڵی هەڵلووشینی ئەندامی یەك بووین، لەپڕ ئەو سەرشینە هاواری لێهەڵسا «هەست بە ئازارێكی زۆر دەكەم!». «لە كوێدا؟». «سەرم لە قوڕ نێم، رێك لەوێدا…». هەر ئەوەندەی بڵێی یەك و دوو، شتێ پارە لەسەر سیسمەكە فڕێ دەدەم و دەیفڕێنم بۆ نەخۆشخانە.

دكتۆر دەرگاكە دەكاتەوە، رادەكەمە بەردەمی، «دكتۆر گیان مژدەم بەرێ». «هیچی نییە ئێستا دەتوانیت بیبەیتەوە.» خەریكە دەستی ماچ دەكەم، ژنە دێتە دەرەوە. دەستی دەگرم و دەكەوینە رێ. دكتۆر بانگم دەكاتە لاوە، «وتت پوورمە؟». «بەڵێ، دكتۆر گیان، چییەتی توخوا؟». «هیچی نییە، ددانێك كەوتبووە دەمی بێ ددانییەوە، دەرمان هێنا و تەواو.» زمان لە شوێنی ددانە دەسكردەكەم دەدەم، شوێنەكەی بۆشە، بەرەو لای ژنەكە رادەكەم و لەبەرخۆمەوە دەڵێم: «ئای قەسسابی مرۆڤ، ئاخری تیری خۆتت وەشاند؟».

 391 جار بینراوە