سەرەکی » وتار » هێمن عه‌بدولقادر » دەکرێ لە دوژمنەکانیشمان ببورین

دەکرێ لە دوژمنەکانیشمان ببورین

کاتێک مەسیح دەفەرموێ «ئەگەر زللـه‌یەکیان لێدایت، تۆ لاکەی تریشت بخەرە بەر دەستیان تا لێی بدەن». مەسەلەکە ئەوە نییە کە مەسیح بیەوێت شوێنکەوتوانی فێری سەرشۆڕی و تێهەڵدراوی بکات، نا ئەو دەیەوێت وانەیەکمان فێر بکات، ئەو مرۆڤەی کە زللـەیەکی لێدەدەرێت و هیچ کاردانەوەیەکی نابێت و بە و پەڕی ئارامییەوە ڕومەتەکەی تریشی دەخاتە بەر دەستت، مەحاڵە تۆ بتوانی دووبارە لێی بدەیتەوە.
مرۆڤ تا ئەو کاتە توندو تیژە کە بە رامبەرەکەی کاردانەوەی هەیە، بێ دەنگی بە رامبەر بە توندو تیژی مانای رازی بوون نییە، ئەو کاتەی تۆ وەڵامی کەسێک نادەیتەوە کە قسەت پێ دەڵێت، یان هێرشت بۆ دێنێت، مانای ئەوە نییه‌ ئەو لەسەر هەقە و تۆ ناهەق، ئەو کاتەی تۆ بێ دەنگی هەڵدەبژێری لە بەرامبەر تۆمەتێکدا مانای ئەوە نییه‌ ئەو قسەیەی دەوترێ سەبارەت بە تۆ ڕاستە… نه‌خێر مانای راستی ئه‌و قسه‌یه‌ نییه‌. مانای ئەوەیە تۆ لە شوێنێکدا کە بریتیە لە (ڕق، توڕەیی، ئیرەیی) گیرت نەخواردوه‌، تۆ ڕێگایەکی نوێ فێر بوویت بۆ مامەڵە کردن کە بریتیە لە (خۆشەویستی، لێبوردەیی، ئارامی). مەسەلەکە راستی و دروستی نییه‌، مەسەلەکە ئەوەیە تۆ ناتەوێت دابەزیت بۆ ئەو ئاستە نزمە لە مامەڵە کردن و قسەکردن، «تاریکی خۆ ناتوانێت تاریکی لە ناو بەرێت، تەنها ڕووناکی ئەوەی پێدەکرێت. ڕق ناتوانێت ڕق لەناو بەرێت تەنها خۆشەویستی ئەوەی پێ دەکرێت». تۆڵەکردنەوە و پەلاماردان و توندو تیژی خۆ ناتوانێت پەلاماردان و تۆڵە کردنەوە و توندو تیژی لەناو بەرێت، تەنها و تەنها لێبوردەیی ئەو کارەی پێ دەکرێت.
لە کاتێکدا (بودا) لە زۆرینەی خەڵکەکەی خۆی هۆشمەندتر و زمانزانتر و لێهاتووتر بوو لە قسەکردندا، بەڵام کاتێک جنێویان پێدەدا یان پەلاماریان دەدا، (بودا) هیچ کاردانەوەیەکی نە دەنواند. بەجۆرێک خەڵکەکەی بانگیان دەکرد: ئەوە گوێت لێنییه‌ ئێمە قسەت پێ دەڵێین و جنێوت پێ دەدەین؟
بودا دەیووت: بەڵێ بە باشی گوێم لێیە، بەڵام ئێوە ئێستا توڕەن، منیش نامەوێت بە توڕەیی وەڵامتان بدەمەوە، بڕۆن مانگێکی تر، هەفتەیەکی تر وەرنەوە قسە دەکەین، ئەوکاتە نە ئێوە توڕەن و نە منیش وەک پەرچەکردار وەڵام دەدەمەوە.
«تۆ هەتە تیغی دەبان و من هەمە تیری زوبان. (تیغی زووبان)ی تۆ کە لە ئاستی (تیری دەبان)و توندو تیژی و قسەی خەڵکیدا ناگەڕێت و هیچ ناڵێت، مانای ئەوە نییه‌ کە ناتوانی توندو تیژ بیت، بەڵکو مانای ئەوەیە ئەوەی بەلای دوو شەڕکەردا بڕوات هەر خوێن دەبینێت.
بودا، راست دەکات، ئاگر تاکەی دەتوانێت (گەرم) بێت؟ هەتا ئەوکاتەی بەر شنەبایەکی سارد دەکەوێت، ئیتر گەرمیەکەی نامێنێت و وردە ووردە دەست دەکات بە سارد بوونەوە. مه‌شخه‌ڵێكی ئاگر تا کەی دەتوانێت بسوتێت؟ دەی دیارە هەتا ئەو کاتەی بەر جامێک ئاو دەکەوێت و ئیتر دەکوژێتەوە. دەی تۆ لە بری (ئاگر و گەرمی) بۆ نابیتە (شنەبایەکی سارد) بۆ نابیتە ئەو ئاوەی کە هەمیشە توڕەیی و ڕق و ئیرەیی ئەوانی تر بکوژێنیتەوە؟
خوداوەند، سروشت، یان هەرشتێکی تر کە بەخەیاڵی تۆدا دێت هەموویان مرۆڤی باشیان خۆش دەوێت، هەروەها ئەوانەشی کە بۆ هەمیشە لە خەڵکی دەبوورن. ئه‌مه‌یه‌ لێبورده‌یی وه‌ك رێگا بۆ به‌خته‌وه‌ری و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ و كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری شومی شه‌ڕ و توندوتیژی.

 479 جار بینراوە