سەرەکی » زانست » لە نەخۆشییە مرۆژەڵەكان: تای ماڵتا Brucellosis

لە نەخۆشییە مرۆژەڵەكان: تای ماڵتا Brucellosis

دکتۆر فەرەیدون عەبدولستار*

نەخۆشی تای ماڵتا ((Brucellosis)) بە یەكێك لە نەخۆشییە مرۆژەڵەكان ((Zoonoses)) دادەنرێت لەبەرئەوەی هۆكاری نەخۆشییەكە لە ئاژەڵی تووشبوەوە لە رێی بەرهەماكانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و لە ئەنجامدا تووش دەبن و لە رووی ئابووریی و جەستەییەوە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت.

تای ماڵتا نەخۆشییەكی زۆر بڵاوە لە جیهاندا بە تایبەتی لە وڵاتە هەژارەكان و تازەپێگەیشتووەكان و لە ئەنجامدا زیانی تەندروستی و ئابووریی بەم وڵاتانە دەگەیەنێت و لە كوردستانیشدا رێژەی تووشبوون بە تای ماڵتا روو لە زیادبوونە، ئەمەش زیاتر لە وەرزی بەهاراندا لە ئەنجامی بەكارهێنانی بەروبومی ئاژەڵ بە شێوەیەكی فراوان.

نەخۆشی((Brucellosis)) تووشی زۆربەی ئاژەڵە ماڵییە بەرهەمدارەكان دەبێت وەكو مانگا و مەڕ و بزن دەبێتە هۆی پەكخستنی كۆئەندامی زۆربوون بە تایبەتی لە ماوەی ئاوسبوونیاندا و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەرخستنی یان بەراویتە بوونی ئاژەڵە ئاوسەكان (Aboration)، هەربۆیە لە نێو خاوەن ئاژەڵ و گوندنشینەكاندا لە كوردستان بە نەخۆشی تای ماڵتا دەوترێت نەخۆشی بەراویتەبوون، چونكە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و خاوەن ئاژەڵ بێبەش دەكات لە بەری ئاژەڵەكانی، لەبەرئەوە بیركردنەوە لە بنبڕكردنی نەخۆشی بەراویتەبوون لە ئاژەڵ و تای ماڵتا لە مرۆڤدا پێویستە لە ئاژەڵەوە دەست پێبكات، چونكە تا تەندروستی ئاژەڵەكان لە كوردستان پارێزراو نەبێت هاووڵاتیان پارێزراو نابن.

هۆكاری نەخۆشییەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەكتریایەك كە پێی دەوترێت بروسێلا ((Brucella)) كە چەند جۆرێكی هەیە:

1- Brucella Melitensis كە تووشی بزن و مەڕ دەبێت و بۆ یەكەمینجار لەلایەن دكتۆر بروس Bruse لە ساڵی 1887 لە دورگەی ماڵتا لە ئیتاڵیا دۆزراوەتەوە و هەر بۆیە پێی دەڵێن نەخۆشی تای ماڵتا و هەروەها بە هۆكارەكەشی دەڵێن بروسێلا((Brucella)).

2- Brucella abortus بە شێوەیەكی سەرەكی تووشی رەشەوڵاخ لە گا و مانگا دەبێت و بۆ یەكەمینجار لەلایەن دكتۆر بانگ((Bang)) لە ساڵی 1897 دۆزراوەتەوە، هەر لەبەر ئەمەشە لە سەرچاوەكاندا زۆرجار بە نەخۆشییەكە دەوترێت نەخۆشی بانگ (Bangs Disease ).

3- Brucella ovis ئەم جۆرەیان تووشی بەران دەبێت.

4- Brucella suis تووشی بەراز دەبێت.

5- Brucella cansis تووشی سەگ دەبێت.

بروسێلا زیندەوەرێكی وردبینە لەناو خانەكاندا دەژی و بێگومان ئەمەش وادەكات بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لە خانەكانی لەشدا بمێنێتەوە بە درێژایی تەمەن كە ئەمەش وادەكات ماوەی چارەسەركردنی نەخۆشیی تای ماڵتا درێژدەبێتەوە بۆ چەند مانگێك.

بروسێلا لە ئاژەڵدا زیاتر ئارەزووی هەیە لە خانەی ئەندامەكانی كۆئەندامی زۆربووندا ژیان بەسەرببات و گەشە دەكات، ئەمەش بەپێی سەرچاوەكانی پزیشكی ڤێترینەری هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مادەیەكی شەكر كە پێی دەوترێت ئیریپریتۆڵ (Erythritol) كە لەكاتی ئاوسبوونیاندا دروستی دەكەن و بڕەكەی زیاددەكات لە ئەندامەكانی كۆئەندامی زۆربوون كە ژینگەیەكی لەبارو گونجاو فەراهەم دەكات گەشەكردن و زۆربوونی بروسێلا لە گوانی ئاژەڵ و گوێرەكەدانی ئاوس((Pregnant Uterus)) و پزدان((Placenta)). كاتێك ئاژەڵی ئاوس بەراویتە دەبێت بەهۆی برۆسێلاوە پزدان و شلەی كۆرپەلە(پز)و دەردراوی بەردەوامی زێی ئاژەڵی بەراویتەبوو بەسەرچاوەیەكی سەرەكی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە دادەنرێت لە ژینگەدا و لە رێی لەوەڕگاكانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵە ساغەكان و هەروەها لە رێی شیر و ژەكی گوانی مانگا و مەڕ و بزنی بەراویتەبوو دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵ و هەروەها بۆ مرۆڤیش.

بەراویتەبوون (بەرخستن) ئاژەڵە ئاوسەكان بە دیارترین و گرنگترین نیشانە دادەنرێت، لە مانگای ئاوسی تووشبوو بە برۆسێلا لە تەمەنی شەش مانگ و بەرەو ژوور لە ماوەی ئاوسیدا بەردەخات. ئاژەڵی نێرینەی وەكو بەران قەبارەی گونی گەورە دەبێت لە ئەنجامی هەوكردنی((Orchitis)) و پێكهاتەی تۆوی ئاژەڵەكە گۆڕانی بەسەردا دێت و دەبێتە هۆی نەمانی ئارەزووی جووتبوون لەگەڵ ئاژەڵە مێینەكاندا.

گشت جۆرەكانی برۆسێلا مرۆڤ تووشی تای ماڵتا دەكەن، بەڵام بە پێی سەرچاوەكان جۆری ((Brucella Melitensis)) لە رێگەی بەروبومی بزنی بەراویتەبوو بە توندوتیژترین جۆریان دادەنرێت كە مرۆڤ زۆر ماندوو دەكات.

نیشانەكانی نەخۆشی تای ماڵتا لە مرۆڤدا بریتییە لە:

1- سەرئێشەیەكی توند و بێهێزییەكی زۆر.

2- ئازاری ماسولكەكانی لەش بە شێوەیەكی گشتی و ئارەق كردنەوەیەكی زۆر و بەردەوام بە تایبەتی لە شەودا.

3- هەستكردن بە ئازارێكی زۆر لە جومگەكانی لەشدا.

4- هەندێك جار نەخۆش تووشی هەوكردنی گون(orchitis) دەبێت.

5- تووشی قەبزی(constipation) دەكات.

6- گەورەبوونی قەبارەی سپڵ ((splenomegaly)).

7- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشی نەخۆش بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ.

8- بروسێلا لە خانمانی سكپڕدا نابێتە هۆی لەبارچوونی كۆرپەلە كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا خاڵێكی گرنگە.

مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی لەم رێگایانەوە تووشی نەخۆشی تای ماڵتا دەبێت:

1- لە نێو خاوەن ئاژەڵەكاندا مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵی بەراویتەبوو بە دەست لێدانی پزی بەراویتەبوو پزدان و دەردراوی زێی ئاژەڵی بەراویتەبوو بە رێگەیەكی سەرەكی تووشبوون دادەنرێت.

2- لە رێی خواردنەوەی شیر و ژەكی ئاژەڵی بەراویتەبوو.

3- لە كوردستاندا و لە وەرزی بەهاراندا دەركەوتووە لە رێی بەكارهێنان و خواردنی پەنیری كوردی كە لە گوندەكاندا دروست دەكرێت كە تام و چێژێكی خۆشی هەیە، بە سەرچاوەیەكی سەرەكیی برۆسێلا دادەنرێت، چونكە لە كاتی دروستكردنی ئەم جۆرە پەنیرە ئەو پلە گەرمییەی كە بەكاردەهێنرێت بۆ كوڵاندنی شیرەكە كە نابێتە هۆی لە ناوبردنی برۆسێلاكە و لە ئەنجامدا بە چالاكی دەمێنێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

4- پزیشكانی ڤێترینەری و یاریدەدەرەكانیان و قەسابەكان ئەگەری تووشبونیان زیاترە لە خەڵكی دیكە.

5- لە رێی بڕینی پێست و چاوەوە مرۆڤ تووش دەبێت.

6- دەركەوتووە لە ڕێی مێش و مەگەزیشەوە دەگوازرێتەوە.

نەخۆشی تای ماڵتا لە مرۆڤدا بە هیچ شێوەیەك ریشەكێش و كۆنترۆڵ ناكرێت ئەگەر لە ئاژەڵدا كۆنترۆڵ نەكرێت، چونكە مرۆڤ لە رێی بەكارهێنانی بەرهەمەكانی ئاژەڵی تووشبووەوە تووش دەبێت و بە بەردەوامی دەناڵێنێت و لە رووی جەستەیی و ئابوورییەوە زیانی پێ دەگەیەنێت.

پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی بەراویتەبوون برۆسێلا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لە ئاژەڵدا پڕۆسەی ریشەكێشكردن (Eradication program) پەیڕەو دەكرێت، ئەمەش بریتییە لە دەستنیشانكردنی ئاژەڵە تووشبووەكان لە رێی پشكنینە سیرۆلۆجیەكانەوە(serological testes) و لە ئەنجامدا لەناوبردن و ناردنی ئاژەڵە سەربڕاوەكان بۆ كوشتارگە و قەرەبووكردنەوەی خاوەن ئاژەڵەكان لەلایەن دامودەزگاكانی حكومەتەوە، بەمەش ناوچەكە پاك دەبێتەوە.

سەرچاوەكان :
١- نەخۆشییە مرۆژەڵییەكان(zoonotic diseases) دكتۆر فەرەیدون عەبدولستار
كۆلێجی پزیشكی ڤێترینەری /
زانكۆی سلێمانی
چاپی یەكەم / ٢٠١٥

*کۆلێجی پزیشکیی ڤێتێرنەریی زانکۆی سلێمانی

 136 جار بینراوە