سەرەکی » ئابووری » گێڕانەوەی بەها بۆ سامانی ئاو

گێڕانەوەی بەها بۆ سامانی ئاو

فەیسەڵ عەلی*

لە دوای دووەمین جەنگی جیهانەوە، قەیرانی ئاو لەسەر ئاستی دەوڵەتانی جیهان بەدەركەوت، ژمارەیەكی كەمی دەوڵەتانی جیهان توانییان دەست بە پڕۆژەیەك بكەن كە دەشێ پێی بوترێت «كلتوری پارێزگاریكردن لە ئاو»، كە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا بووە هەڵمەتێكی بەردەوامی زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بە ناونیشانی «دەستگرتنەوە بە ئاو»، ئەمە هاوكاتی زیادبوونی خواستی هاووڵاتیانی هەموو دەوڵەتانی جیهانە لەسەر ئاو.

راگرتنی بەفیڕۆدانی ئاو
تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی بڕێكی باشی سامانی ئاویان هەیە، بە ئاراستەی دەستگرتنەوە هەنگاویان نا. تا زامنی فەراهەمكردنی ئەو سامانە گرنگە بۆ نەوەكانی داهاتوویان بكەن، بەڵام كێشەی سەرەكی زۆربەی كۆمەڵگەكان لەوەدایە كە بڕوای تەواویان بەوەیە كە ئاو هەر دەمێنێت، ئەمە وایكرد كە نەتەوە یەكگرتووەكان بەو بڕوایە بگات كە ئەمە دەرئەنجامێكی مەترسیدارە، رەنگە بۆ داننەنانی ئەو كۆمەڵگەیانە بگەڕێتەوە كە سامانی ئاو بەهایەكی ئێجگار گەورەی هەیە، لەبەر ئەمەشە بەفیڕۆدانی ئاو بە شێوازی جیاواز بەردەوامی هەیە. ئەم بە فیڕۆدانە تەنیا لەو دەوڵەت و ناوچانەدا نییە كە كەم ئاون، بەڵكو ئەو دەوڵەت و ناوچانەش دەگرێتەوە كە سەرچاوەی ئاوی زۆریان هەیە، بەڵام دەوڵەتانی خاوەن ئاو هەڵمەتێكی گەورەیان بۆ راگرتنی بەفیڕۆدانی ئاو دەستپێكردووە، لانیكەم لە رێگەی گرتنەبەری رێوشوێنی هەمەجۆرەوە سنوورێكی بۆ دابنێن، لەوانە، بەرزكردنی نرخی ئاو، سەپاندنی كۆتوبەند لە كاتی وەرزی گەرما و.. تد. بەڵام گرفتەكە لەوەدایە كە كێشەی ئاو لەسەر ئاستی جیهان گەورە دەبێت، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی زۆربەی ناوچەكانی جیهان، سەرباری گۆڕانی كەشوهەوا كە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردووەوە زەنگی مەترسی لێداوە. هەڵكشانی پلەكانی گەرمی گۆی زەوی لەم چەند ساڵەی دواییدا، رۆڵی لە كەمكردنەوەی ئاستی ئاوی شیرین بۆ بەكارهێنانی مرۆیی هەبووە، بە پاشەكشێی بارانیشەوە، تەنانەت لەو ناوچانەی كە بە درێژایی ساڵ بارانی بەخوڕی تێدا دەباری.

114 ملیار دۆلاری تێدەچێت
پێشبینی دەكرێت كە گۆڕانی كەشوهەوا، ئاستی ئاوی شیرین لە زۆر ناوچەی جیهان سنووردار بكات، ئەمە ئەوەیە كە لە راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا سەبارەت بە گەشەپێدانی سامانی ئاو لە جیهان هۆشداری لەبارەیەوە داوە، كە باس لە ئیدارەدانی ئاو لە هەلومەرجی قورس و پڕ مەترسی كردووە.
ئەوەی جێی تێبینییە، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، گشتاندنی توانای بەدەستهێنانی ئاوی پاك بۆ خواردنەوە و سودوەرگرتن لە ئاوەڕۆی تەندروست لە 140 دەوڵەتی كەم داهات و مامناوەند داهات، نزیكەی 114 ملیار دۆلاری تێدەچێت، ئەم بڕە پارەیە زۆر كەمە ئەگەر هاتوو ئەو سودە لە سەر ئاستی ئابووری و كۆمەڵایەتی لەو دەوڵەتانە بەدوای خۆیدا دەیهێنێت.

دوو ملیار كەس لێی سوودمەند دەبن
ئەوەی لەم پرسەدا سەرنجڕاكێشە، ئەوەی پێی دەوترێت «زێڕی شین» زیاتر لە دوو ملیار كەس بە ناڕاستەوخۆ لێی سوودمەند دەبن، لێرەوە لایەنە نێودەوڵەتی و پەیوەندیدارەكان كار بۆ بڵاوەپێكردنی كلتورێكی نوێ دەكەن كە بە شێوەیەكی بنچینەیی بە چەسپاندنی ئەو چەمكانەوە پەیوەستە كە تایبەتە بە بەهای ئاو، هەر شتێك بەهاكەی بەرزدەبێتەوە ئەگەر هاتوو لە رووی مەعنەویشەوە بێت، دەبێتە جێ بایەخی زیاتر، لێرەوە، مەزندەی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان یەك لە هۆكارەكانی بەهەدەردانی ئاوی بۆ نەزانینی بەهای ئاو گەڕاندەوە. بە كردەوە بەهای ئاو بە پارە مەزندە ناكرێت، چونكە بەهاكەی لەبن نایەت.

چەمكی بەها زۆر فراوانترە لە چەمكی نرخ و تێچوون، بەبێ ئەوەی بیرمان بچێت كە ئاو دەرامەتێكی گۆڕاوە، زۆر قورسە بە دیاریكردنی بەهایەكی دادپەروەرانەی ئەم سامانە بگەین، لە كۆتاییدا ئاو مادەیەكی خاو نییە وەك بەرهەمی بەكاربردن مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و لەسەر نرخەكەی مامەڵە بكەین، لەسەر ئەم بنچینەوە، دەبێ هەموو جیهان هەوڵی پاراستنی ئەم سامانە گرنگە بدات و پێكەوە هەوڵەكان بەگەڕ بخرێت، تا لە هەموو زەمەنێكدا ئەم سامانە فەراهەم بێت.

ئەوەی ئێستا بە هەدەر دەدرێت، مافی نەوەكانی داهاتووە كە هێشتا لە دایك نەبوونە، بەتایبەتی كە لە رابردوو و بە ئێستاشەوە خواست لەسەر ئاو لە هەموو ئەو كەرتە سەرەكییانەی ناو كۆمەڵگە كە ئاو بەكاردەهێنن بەرزبۆتەوە و دەبێتەوە.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

 139 جار بینراوە