سەرەکی » راپۆرت » به‌غدا و هه‌رێم.. هێشتا هه‌نگاوی زۆر ماوه‌

به‌غدا و هه‌رێم.. هێشتا هه‌نگاوی زۆر ماوه‌

(كوردستانییه‌كان) له‌ په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامدان

سه‌ره‌ڕای هه‌وڵ و ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ و لێدوانه‌ به‌رده‌وامه‌كان له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به‌ڵام له‌ بواری كرداریدا هێشتا هه‌نگاوی زۆر ماوه‌.

پرسه‌ گرنگه‌كان
لێدوانی رۆژانه‌ی لێپرسراوانی باڵای به‌غدا و هه‌رێم و هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و ئێران و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌، ته‌نانه‌ت دوو كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا و داڤۆس، ته‌ئكیدكردنه‌وه‌یه‌ له‌ پێویستی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم و چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه‌ تائێستا هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ته‌ئكیدكردنه‌وه‌دا ماونه‌ته‌وه‌ و له‌بواری كرداریدا و له‌چه‌ندین پرسدا هێشتا هه‌نگاوی زۆر ماوه‌، گرنگترین ئه‌و پرسانه‌ش؛ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، كاره‌كانی لیژنه‌ی وردبینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، ماده‌ی 140، هه‌نارده‌ی نه‌وت، ناڕه‌زاییه‌كانی كورد له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2018 ی عیراق و چه‌ندین پرسی دیكه‌.
له‌نێو هه‌موو ئه‌م پرسانه‌دا ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش بۆته‌ یه‌كێك له‌ پرسه‌ گه‌رمه‌كان، به‌ جۆرێك ئێستا فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی ئه‌و پێداویستییانه‌ن كه‌ لیژنه‌ی وردبینی مووچه‌، داوایان ده‌كات.

سه‌رۆك وه‌زیران: ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان، سه‌ره‌تایه‌كی باشه‌
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌میانی پێشوازییكردن له‌ یان كۆبیش نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌باره‌ی گفتوگۆ و دیالۆگی ئه‌مدواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غداوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا «هه‌رچه‌نده‌ هه‌نگاوی زۆر ماون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ڵام ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، سه‌ره‌تایه‌كی باشه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی جددیتری نێوان هه‌ردوولا».

״وه‌فدی باڵای به‌غدا و هه‌رێم كۆده‌بنه‌وه‌״
عه‌باس به‌یاتی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش له‌ لێدوانێكدا هه‌نگاوه‌كانی دوای كۆتاییهاتنی كاری لیژنه‌كانی نێوان هه‌ردوولای روونكردۆته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئێستا لیژنه‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسێیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا كاری سه‌رجه‌م ئه‌و لیژنانه‌ كۆتایی دێت، «دوای كۆتاییهاتنی كاری لیژنه‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان به‌ به‌شداری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و وه‌فدی سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ تێیدا له‌سه‌ر بنه‌مای راپۆرتی لیژنه‌كان بابه‌ته‌ ئاڵۆزه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن».

پڕۆژه‌ی بودجه‌ به‌ كوێ ده‌گات؟
پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵی عیراقیش یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و پرسانه‌ی كه‌ به‌غدا و هه‌رێم ناكۆكن له‌سه‌ری و له‌ دوو رۆژی رابردووشدا، به‌هۆی ناڕه‌زایی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نه‌یتوانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ ته‌واو بكات و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دانیشتنه‌كه‌ی دواخست بۆ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌، په‌رله‌مانتار قادر مه‌لا محه‌مه‌د كه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌، به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كاندا، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، كوتله‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و په‌رله‌مانتاره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی كورد له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا جێبه‌جێ بكرێن، «بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ 4 ئه‌ندامن، له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند له‌وه‌زاره‌تی دارایی عیراق بكرێت»، وتیشی: ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كاندا بڕیاری له‌سه‌ر درا، به‌ڵام تائێستا لیژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كارا نه‌كراوه‌.

گرنگترین داخوازییه‌كانی كورد
په‌رله‌مانتار مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی داراییش به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: تێبینی و ناڕه‌زاییه‌كانی كورد له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌ نۆ خاڵدا كۆكراوه‌ته‌وه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كانی كوردستانی نوێ-ش تێبینی و ناڕه‌زاییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه‌یه‌ «پشكی هه‌رێمی كوردستان، شایسته‌ داراییه‌كانی پێشمه‌رگه‌، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، زۆری خه‌رجی سیادی، كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌، ناونه‌هێنانی هه‌رێمی كوردستان، ناونه‌هێنانی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگا، ماده‌ی 140، خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان».
ئێستا كات هێنده‌ی نه‌ماوه‌ بۆ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا ئه‌نجامی ناڕه‌زایی كورد له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی بودجه‌ روون ببێته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌نگاوی زۆر ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و وردبینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و سه‌رئه‌نجام «دابه‌شكردنی مووچه‌» و پرسه‌كانی دیكه‌، روون ببێته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كه‌شتی ئالان كوردی ئه‌ركه‌كانی ده‌ستپێكرده‌وه‌

شیهاب عوسمان، ئه‌ڵمانیا جارێكیتر كه‌شتی فریاكه‌وتنی »ئالان كوردی» له‌كه‌ناراوەکانی لیبیا ...