سەرەکی » راپۆرت » خوێندنی ئۆنلاین چۆن سەرکەوتوو دەبێت؟

خوێندنی ئۆنلاین چۆن سەرکەوتوو دەبێت؟

هێمن كامیل

خوێندن لە دوورەوە واتە پرۆسەی گواستنەوە و گەیاندنی زانیاری بە بێ‌ ئەوەی پێویست بكات كەسی وەرگر یان فێرخواز بڕوات بۆ هیچ دامەزراوەیەكی پەروەردەیی و ناچار بێت شوێنی مانەوە یان كاركردنەكەی بە جێبهێڵێت، ئەم سیستمەی خوێندن، دوو جۆری هەیە، ئۆنلاین (واتە راستەوخۆ)، ئەلیكترۆنی (بە تۆماركراوی).

سەرەتایەكی مێژوویی
ئێستا خوێندن لە دوورەوە ( ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی) بووەتە بەشێك لە سیستمی فێركاری زۆرێك لە وڵاتانی جیهان ئەگەرچی بۆ ئێمە شتێكی نوێیە، بەڵام ئەم جۆرە خوێندنە مێژووییەكی دووری هەیە و بە چەندین قۆناغدا تێپەڕبووە تاوەكو گەیشتووە بەم ئاستەی ئەمڕۆ، بۆ نموونە لە ساڵی 1829 بۆ یەكەمجار رۆژنامەی (بۆستن) وانەیەكی هەفتانەی بڵاوكردۆتەوە و هەروەها بە شێوەی پۆستیش نێردراوە بۆ فێرخوازان.

لە ساڵی 1922 ش بۆ یەكەمجار زانكۆی (پەنسلڤەینیا) رادیۆی بە كارهێناوە بۆ گەیاندنی وانەكانی خوێندن بە فێرخوازانی، لە ساڵی 1968 یش زانكۆی (ستانفۆرد) لە رێگەی تەلەفزیۆنەوە وانەیان بە فێرخوازانی كۆلێژی ئەندازیاری وتۆتەوە، لە ساڵی 1982یش كۆمپیوتەر هاتە ناوكایەی فێركردنەوە و لە ساڵی 1992 یش كە تۆڕی جاڵجاڵۆكە (ئینتەرنێت) پەرەی سەند و چەندین ناوەندی ئەكادیمی و فێركردن دروستبوون بە تایبەتی لە ساڵی 1999ەوە بە دواوە بە سوود بینین لە تەكنەلۆژیای نوێ‌ دەستیانكرد بە خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی و ئیتر ساڵ لە دوای ساڵ ئەم جۆرە خوێندنە چەندین هەنگاوی گەورەی بڕی و ئێستاش بە شوێنگرەوەی خوێندنی ناو هۆڵ و پۆلەكانی وانەوتنەوە دادەنرێت. بە تایبەتی دوای پەیدابوون و بڵاوبونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا كە زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بە تایبەت ئەوانەی ژێرخانی بە كارهێنانی ئەم جۆرە لە خوێندنیان گونجاو ئامادەیە بە پلەی یەك پشتی پێدەبەستن.

باشییەكانی ئەم جۆرە خوێندنە
بەردەوامبوونی فێرخواز لە سەر خوێندن و تێپەڕندنی بەربەستە جوگرافییەكان، هاندان و بەرەو پێشبردنی ئاستی رۆشنبیری و زانستی و كۆمەڵایەتی، چارەسەركردنی كەمی مامۆستا، دانانی سەرچاوەی فێركاری جۆراوجۆر لە بەردەستی فێرخوازان كە پشتیوانیە بۆ بەرتەسكردنەوەی جیاوازی لە نێوان فێرخوازان، قۆستنەوە و سوود وەرگرتن لە شێوازەكانی فێركردنی ئۆنلاین بۆ نەهێشتنی شێوازە تەقلیدیەكان، كەمكردنەوەی تێچووی خوێندن، هەروەها ئامرازێكی كاریگەرە بۆ بەرەو پێشبردنی ئاستی مامۆستا، ئامڕازو كەرەستەی جیاوازی تێدا بەكاردێت وەكو تەلەفزیۆن و كۆمپیوتەر و ڤیدیۆ تۆماركردن، هەلێكی زیاتر دەبەخشێت بە خوێندكار بۆ بە دەستهێنانی زانست و بەهێزكردنی هەستی بەرپرسیارێتی لای و باشتركردنی بەرێوەبردنی كات لای فێرخواز، خوێندكار كەی بیەوێت ئەتوانێ‌ سوود لە محازەرەی مامۆستا وەربگرێت بێ‌ ئەوەی پێویستی بە بینینی مامۆستا بێت، گونجاندنی بۆ هەموو توێژەكانی تەمەن و ئەوانەی تەمەنیان گەورەیە كە زۆرجار قوتابخانە رێگرە لێیان بخوێنن، ئەم جۆرە خوێندنە هاورێی ژینگەیە، چونكە پێویستت بە لاپەڕە و پێنووس و زۆر كەرەستەی تر نابێت كە بە هۆی خوێندنی ناو پۆلەوە زیاتر بە كاردێن و زیان بە ژینگە ئەگەیەنن، پاشان نەگواستنەوەی نەخۆشی و سوودی هەیە بۆ هەندێك مناڵی شەرمن و مانەوەیان لە ناو كەسوكاریان، نزیكردنەوەی ماوەی نێوان فێرخواز و لایەنی فێركاری لە خزمەتگوزاری ئۆنلاین، هەروەها لە كاتی بوونی جەنگ یان بارودۆخێكی نا لە باردا ئەم خوێندنە دەتوانرێت بەردەوامی پێبدرێت، سوود وەرگرتن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی و كۆمپیوتەر لە خێرا گەیاندنی زانیارییەكان، مامۆستاو فێرخواز رادەهێنێت فێربن لە خولی جۆراو جۆری ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی بەشداری بكەن.

خراپییەكانی ئەم جۆرە لە خوێندن
خەرجی پێویست بۆ دروستكردنی ژینگەی لە بار بۆ ئەم جۆرە خوێندنە، گۆشەگیری بە هۆی پێكنەگەیاندنی راستەوخۆی نێوان مامۆستاو فێرخواز، كەمی مامۆستای راهێنراو و پسپۆڕ، كەمی شارەزایی لەم بوارەی فێركردندا چی لە لایەن مامۆستا چی لە لایەن فێرخوازەوە بێت، فێرخواز تووشی كێشەی خۆهەڵسەنگاندن دەبێت، هەروەها كەموكورتی لە ژێرخانی پێویست لە زۆرێك لە كایەكانی ئەم بوارەدا، فێرخواز لە گەڵ هاورێكانی تێكەڵ نابێت و كێبڕكێ دروست نابێت و سوود لە تواناو بیرۆكەو ئەزمونی یەكتر وەرناگرن، بۆ مادە و بابەتە تیۆرییەكان شیاوترە، بەڵام بۆ مادە و بابەتە زانستیە پراكتیكیەكان زەحمەترە یان نەگونجاوە، رەتكردنەوەی لە لایەن بەشێك لە كۆمەڵگاوەو پەسەند نەكردنی، كەمكردنەوەی رۆڵی مامۆستا لە بوارە پەروەردەییەكاندا، كەمتر پرۆسەی چاودێری مامۆستاو فێرخواز دەکرێت، گفتوگۆی زیندو كاریگەر دروست نابێت لە سەر بابەتەكان وەك ئەوەی لە ناو پۆلدا روودەدات، كۆنترۆڵنەكردنی هەڵچوون و هەڵسوكەوتی فێرخواز لە كاتی وانەوتنەوەی راستەوخۆدا (ئۆنلاین)، ئاسانی پابەندنەبوون بە ئامادەبوون لە خوێندنی ئۆنلاین واتە راسەوخۆدا، هەندێك رەفتاری نەشیاو لەوانەیە رووبدات لەو ماڵ و ئەو شوێنانەی خوێندنی ئۆنلاینی تێدا دەوترێتەوە، بوونی كێشەی خاوی هێڵی ئینتەرنێت، بوونی رێگەی جۆراو جۆری ئاسان بۆ فێڵکردن و نەتوانینی كۆنترۆڵكردنی بە تەواوی.

خوێندنی ئەلیکترۆنی چۆن سەرکەوتوو دەبێت؟
هەندێك مەرج هەیە دەبێت رەچاو بكرێت بۆ سەركەوتنی ئەم جۆرە خوێندنە، دەبێت مامۆستا شارەزایی باشی لە نێت و بەرنامەکانی کۆمپیوتەر و زمان هەبێت، پاڵنەر لای فێرخواز دروستبكرێت و ئارەزووی لەم جۆرە فێركردنە هەبێت، سوود لە بەرنامەیەكی فێركردن ببینرێت كە بتوانرێت بە كاربهێنرێت، خوێندكار خۆشی بتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ شێوازی وانەوتنەوەی مامۆستادا، دەبێت خوێندن لەم رێگەیەوە ئاسان و روون بێت و جیاواز بێت لە خوێندنی تەقلیدی.

لە كۆتایدا دەمەوێت ئەوە بڵێم خوێندن لە دوورەوە ( ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی) ئەگەر بێت و كار بۆ ئەو بنەماو رێگایانە بكرێت كە بۆ ئەم جۆرە سیستمە پێویستن ئەوە دەتوانین ئێمەش وەكو زۆرێك لە وڵاتانی تر سوودی لێوەربگرین و وەك شوێنگرەوەیەك بە كاریبهێنین بۆ درێژەدان بە خوێندن و فێركردن، بەڵام بە نەبوونی بنەماو رەگەز و پێداویستییەكانی، ئەوە ئەگەر ناچاریش بین پەنای بۆ ببەین ئەوە رووبەڕووی چەندین گرفتی جۆراوجۆر دەبینەوە وەكو ئەوەی ئێستا ئەبینین، كە سەرەڕای راگرتن و دواكەوتنی خوێندن بۆ چەندین مانگ لە دەستپێکردنی خوێندنی ئەلیکترۆنی نەمانتوانیووە ئەم جۆرە خوێندنە بكەینە شوێنگرەوەی تەواوەتی خوێندنی خوێندنگەكان، تەنها لە زانكۆ و لە بەشێك لە دامەزراوە فێركارییە ئەهلییەكاندا توانراوە سوود لەم سیستمە ببینرێت ئەوەش بە كەموكورتی زۆرەوە .

 533 جار بینراوە