سەرەکی » ئاراستە » سیمپۆزیۆمی‌ (ئایندەی‌ میدیای‌ ئەهلی‌ و حیزبی لەهەرێمی‌ کوردستان) به‌ڕێوه‌چوو

سیمپۆزیۆمی‌ (ئایندەی‌ میدیای‌ ئەهلی‌ و حیزبی لەهەرێمی‌ کوردستان) به‌ڕێوه‌چوو

تۆڕی ئەکادیمیا و دیالۆگی‌ میدیا، بەهاوبەشی‌ لەگەڵ زانکۆی‌ پۆلیتەکنیکی‌ سلێمانی‌/ پەیمانگای‌ تەکنیکی‌ دوکان، رۆژی (٢٠١٨/٢/٣) له‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی دوكان، سیمپۆزیۆمی‌ (ئایندەی‌ میدیای‌ ئەهلی‌ و حیزبی لەهەرێمی‌ کوردستان) بەڕێوەبرد.
دەستپێکی‌ بەرنامەی‌ کاری‌ سیمپۆزیۆمەکە به‌ ساتێك وه‌ستان و بێده‌نگی بۆ ڕێزلێنان له‌گیانی پاكی شه‌هیدان و ناوی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ سروودی ( خۆشم ئه‌وێ ی ووڵاته‌كه‌م) ده‌ستیپێكرد، دواتر ووتەی‌ پ.ی.د.ئالان فەرەیدون، سەرۆکی‌ زانکۆی‌ پۆلیتەکنیکی‌ سلێمانی‌ و ووتەی‌ بەخێرهاتنی‌ میوانەکان لەلایەن د.کاوە ڕەزا، ڕاگری‌ پەیمانگای‌ تەکنیکی‌ دوکان پێشکەشکرا و تیایدا ئاماژەی‌ بەوەدا (ئێمە وەک زانکۆی‌ پۆلیتەکنیکی‌ سلێمانی‌ هەمیشە هەوڵمانداوە چەندین کۆنفرانسی‌ زانستی‌ و سیمپۆزیۆم و چالاکی‌ زانستی‌ و ئەکادیمی‌ لەسەرجەم بوارەکان ڕێکبخەین و گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین، هەروەها سەرۆکی‌ زانکۆ، پەیمانگای‌ تەکنیکی‌ دوکان وەک پەیمانگایەکی‌ چالاک ساڵانە چەندین چالاکی‌ جۆراوجۆر ئەنجام دەدات، هه‌روه‌ك وتیشی: ئەنجامدانی‌ ئەم سیمپۆزیۆمە لەلایەن پەیمانگای‌ تەکنیکی‌ دوکان و تۆری‌ ئەکادیمیا و دیالۆگی‌ میدیا لەسەر بابەتێکی‌ گرنگی‌ وەک ڕێکخستنی‌ (میدیای‌ ئەهلی‌ و حیزبی لەهەرێمی‌ کوردستان) جێی پێزانین و دەست خۆشیە.
بەرنامەی‌ کاری‌ سیمپۆزیۆمەکە بە دوو پانێڵ بەڕێوەچوو، پانێڵی‌ یەکەم لەلایەن د.حەکیم عوسمان، ڕاگری‌ کۆلێجی‌ تەکنیکی‌ کارگێڕی‌ و ئەنوەر حسێن، جێگری‌ نەقیبی سەندیکای‌ ڕۆژنامەنووسانی‌ کوردستان پێشكه‌ش كرا. پانێڵی‌ دووەم لەلایەن د.نەزاکەت حسێن، مامۆستا لەزانکۆی‌ سلێمانی‌ و د.شوان ئادەم ئەیڤەس، پێشكه‌ش كرا.
هەریەک لەو بەشداربووانە دیدو بۆچوونی‌ خۆیان دەربارەی‌ ئایندەی‌ میدیای‌ ئەهلی‌ و حیزبی‌ لەهەرێمی‌ کوردستان خسته‌ روو، ئاماژەیان بەوەدا کە ئەمڕۆ میدیا لەهەرێمی‌ کوردستان لەپاڵ ئەو خزمەتە بەرچاوەی‌ لەبوارە جیاوازەکاندا کە پێشکەشی‌ کۆمەڵگای‌ کوردستانی‌ کردووە، دووچاری‌ قەیران و بێ سەروبەره‌یی‌ بووە، بەجۆرێک کە میدیای‌ حیزبە سیاسیەکان و میدیای‌ ئەهلی‌ و سێبەر و نادیار هەریەکەو بە ئاوازێک دەخوێنێت و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ی هۆی غیابی میدایه‌ك كه‌ له‌ ئاست به‌رپرسیارێتی و ئه‌ركه‌ نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بێت و هه‌ندێكیش له‌ بەرپرسیارێتی‌ کۆمەڵایەتی‌ خۆیان لەبیرکردووە لەگەیاندنی‌ هەواڵ و زانیارییەکان بەشێوەیەکی‌ بابەتیانە، هەروەها ئاماژەشیان بەوەش کرد کە میدیا و سۆشیال میدیای‌ نادیار چەندین کارەسات و دڵەڕاوکێی بەشێوەیەکی‌ هەرەمەکی‌ لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاوکردۆتەوە، کە دوورە لە ئیتیکی‌ کاری‌ راگەیاندن و پیشەیی بوون و ئاسایشی‌ نیشتیمانی‌، هەروەها جەختیان لە پێویستی دروست كردن و دامه‌زراندنی میدیای‌ نیشتیمانی‌ کردەوە کە بتوانێ بە ئەرکەکانی‌ خۆی‌ هەستێت و خزمەتی‌ کۆمەڵگا و مه‌سه‌له‌ نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بکات.
دواتر لەلایەن میوانەکانەوە چەند پرسیار و تێبینی‌ لەسەر بابەتەکە ئاراستەی‌ بەشداربوان کرا.

 659 جار بینراوە