سەرەکی » ئەدەب و هونەر » پیر بولێز، به‌ ئاوازه‌كانی سه‌رنجی جیهانی راكێشا

پیر بولێز، به‌ ئاوازه‌كانی سه‌رنجی جیهانی راكێشا

ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شاوه‌ی دنیای موزیك پیر بۆلێزه‌. پیر بولێز Pierre Louis Joseph Boulez « ئاوازدانه‌ری مه‌زنی جیهان، ئه‌فسانه‌ی موزیكی جیهانی، موزیسیانی كلاسیكی، ئه‌و پیاوه‌ بلیمه‌ته‌ی دیاریی دوای جه‌نگی خوێناوی جیهانی بوو بۆ مرۆڤایه‌تی و بۆ جیهانی موزیك. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بلیمه‌ته‌ی توانی له‌ جیهانی دوای جه‌نگ و سه‌رده‌می تازه‌دا جێگای خۆی بكاته‌وه‌ به‌ ئاوازه‌كانی سه‌رنجی جیهانی بۆ خۆی‌ راكێشا. به‌جۆرێك تاوه‌كو ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی دنیا سه‌دان هونه‌رمه‌ند به‌ كاریگه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ په‌لكێشی جیهانی ئاوازه‌كانی بوون. چه‌ندین هۆڵ و ئه‌كادیمیا به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ ناونراوه‌. ئه‌م پیاوه‌ بلیمه‌ته‌ی موزیك وته‌یه‌كی هه‌یه‌ ده‌ڵێت: «ته‌نیا ئه‌و كارانه‌ سه‌رنجڕاكێشن كه‌ ده‌توانن گۆڕانكاری له‌ روانگه‌كاندا بكه‌ن.» جا ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ ئاوا بیری كردووه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ توانیوێتی بگات به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ له‌ هونه‌ردا. به‌رهه‌می ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ جیهانی موزیكی داگیركرد، ئه‌و له‌ فه‌ره‌نسا له‌ دایكبووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و هونه‌ره‌ به‌رزه‌ی پێشكه‌شی جیهانی موزیكی كردووه‌ بوو به‌ یه‌كێ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌كانی جیهان. پیه‌ر موزیكژه‌نی فه‌ره‌نسی، له‌ ژیانی هونه‌ری خۆیدا چه‌ندین پۆست و پله‌ی هه‌بووه‌، سه‌رۆكی تیپی مۆسیقی چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی جیهانی بووه‌ له‌ بواری موزیكدا.

پیر پۆلێز له‌ ساڵی 1925 له‌ مۆنبریسۆن له‌ ناوچه‌ی لوار- فه‌ره‌نسا له‌ دایكبووه‌. سه‌ره‌تای خوێندنی بولیز له‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا بووه‌، له‌ په‌یمانگای فیكتۆر، كه‌ په‌یمانگایه‌كی لاهوتی كاسۆلیكییه‌، به‌ڵام دوایی هه‌ستی كردووه‌ ئه‌وه‌ جێگای ئه‌و نییه‌. له‌ ته‌مه‌نی سیانزه‌ ساڵیدا خۆی لێ ده‌ربازكردووه‌. له‌و په‌یمانگایه‌ چووه‌ته‌ ده‌رێ. ساڵی 1942 رووی كردووه‌ته‌ پاریس و په‌یوه‌ندی به‌ په‌یمانگای كۆنسرفتواره‌وه‌ كردووه‌. له‌ چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی موزیكدا ئه‌ندام بووه‌. له‌وانه‌ ئه‌كادیمیای هونه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا، ئه‌كادیمیای هونه‌ر له‌ به‌رلین، ئه‌كادیمیای باڤاری بۆ هونه‌ره‌ جوانه‌كان. هه‌موو ئه‌مانه‌ نیشانه‌ی توانا و سه‌لیقه‌ی هونه‌ری ئه‌و بوون. زۆر به‌ ئاسانی له‌ جیهانی ده‌وڵه‌مه‌ندی موزیكدا جێگای بووه‌ته‌وه‌. له‌ پای ئه‌و هونه‌ره‌ به‌رزه‌ی پێشكه‌شی مرۆڤایه‌تی و جیهانی موزیكی كرد، چه‌ندین خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌. له‌وانه‌ «خه‌ڵاتی گرامی، خه‌ڵاتی بریمیم ئمبریال، خه‌ڵاتی موزیكی بۆلار، خه‌ڵاتی وولف بۆ هونه‌ر، خه‌ڵاتی جلین جولد، خه‌ڵاتی كیۆتۆ بۆ هونه‌ر و فه‌لسه‌فه‌…»

پیر بولێز ساڵانی 1944 – 1945 له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ندی ئاوازدانه‌ری فه‌ره‌نسی ئۆلیفییه‌ میسیان وانه‌ی هونه‌ری موزیكی وه‌رگرتووه‌. میسیان ئاوازدانه‌ری فه‌ره‌نسی یه‌كێكه‌ له‌ ئاوازدانه‌ ناوداره‌كانی فه‌ره‌نسا له‌ سه‌ده‌ی بیست. پیه‌ر خوێنكاری ئه‌و بووه‌. وانه‌ موزیكییه‌كانی ئۆلیفییه‌ كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ری هه‌بووه‌.

له‌ كۆتایی چله‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا به‌ڕێوبه‌ری موزیكی كۆمپانیای شانۆی رینود بارولت بووه‌ له‌ پاریس. له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا زۆر به‌ خێرایی گه‌شه‌ی كردووه‌ و توانیوێتی سه‌رنجی دنیای موزیك بۆ خۆی رابكێشێ، به‌ تایبه‌ت موزیكژه‌نه‌ ناودار و عه‌لامه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌. له‌ ساڵی 1954 بۆلیز چه‌ند ئاهه‌نگێكی موزیكی له‌ پاریس رێكخست. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ی جیهانی موزیك به‌هۆی بلیمه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ چه‌ندین پۆست و پله‌ی وه‌رگرتووه‌ له‌ شه‌ست ساڵی ته‌مه‌نی موزیكژه‌نی خۆیدا. له‌وانه‌ سه‌رۆكی ئۆركێسترا نیۆرك، بی بی سی سه‌مفۆنی و… بۆلیز رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا و چه‌ندین نه‌وه‌ی پێگه‌یاندووه‌، له‌و موزیكژه‌نه‌ ناودارانه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌ كه‌ پاش ساڵانی جه‌نگ ده‌ركه‌وتووه‌ و سه‌ره‌وه‌تێكی گه‌وره‌ی موزیكی جیهانییه‌.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ی جیهان به‌هۆی به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانییه‌وه‌ توانی سنووری فه‌ره‌نسای ببڕێ و له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا وه‌ك ئاوازدانه‌ر جێگه‌ی خۆی كرده‌ووه‌. تاوه‌كو له‌ ساڵی 2016 له‌ ته‌مه‌نی نه‌وه‌د ساڵیدا له‌ بادن بادن- ئه‌ڵمانیا مردووه‌ و جیهانی به‌ جێهێشتووه‌.

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

 364 جار بینراوە